دیدار
دیدار - مه‌گه‌زین
توانا حەمە: ھونەرمەند دەبێت کەسێکی نائاسایی بێت
SNN: خێڵان و ھەورامان

توانا حەمە ئێثنۆمیوزیکۆلۆجیست و موزیکژەنە بەتوانا و لێھاتوەکەی نێو کایەیی ھونەری کوردییەو توانیویەتی بەچەندین کار لەبوارە جیاوازەکانی ھونەردا خزمەتێکی زۆر باش بەکلتوری ھونەری کوردی بکات ولەپاڵ ئەمانەشدا لەلایەنە مرۆڤایەتیەکاندا چەندین کاری خێرخوازی و خۆبەخش ئەنجامبدات.
 توانا حەمە دەرچووی پەیمانگاو کۆلێژی ھونەرە جوانەکانی سلێمانیە و دەرچوی بەشی ئێپنۆمیوزیکۆلۆجی زانکۆی سلێمانییە و ژەنیاری ھەردوو ئامێری (ڤایۆلین و ڤیۆلا)، جگە لەبوارەکەی خۆی تێکستی گۆرانی بۆ چەند ھونەرمەندێک نوسیوە، دەیان ووتاری زانستی لەزۆرینەی گۆڤارو پاشکۆی رۆژنامە کوردییەکاندا بڵاوکردۆتەوە، لەپرۆژەی ئینسکلۆپیدیای سلێمانی بەنووسینی چەند بابەتێک دەربارەی مێژووی موزیک وگۆرانی ژیاننامەی  ھونەرمەندانی شارەکە بەشداربووە و ماوەی چەند ساڵێکیشە بەشێوەی (گەرانی مەیدانی) کار لەبواری لێکۆڵینەوە لەموزیکی کوردیدا دەکات،ھەروەھا خاوەنی دوو کتێبە بەناوەکانی (چەمکی ئەوانی دی لەموزیکی کوردیدا) و(موزیک وسیاسەت).

SNN: لەکاتی گەرانە مەیدانیەکاندا ئەوەی دەتەوێت دەتوانیت بەدەستی بھێنیت؟
توانا حەمە: سەرەتا خۆشەویستی بۆکارەکە ھاندەری سەرەکیمە، چونکە زۆر جار بەدەستھێنانی زانیاری کارێکی قورس بێت، چونکە کەمترین سەرچاوە بەردەستە، زۆر جاریش بەدەستھێنانی زانیاری بەگوێرەی چۆنێتی کارەکە جیاوازە، ھەندێک بابەت وەک بایۆگرافیای ژیانی ھونەرمەندێک تارادەیەک ئاسانە، چونکە زۆر کەس دەتوانێت بە پوختەیەک باسی باوکی خۆی بکات، بەلام من بەوە ناوەستم زۆر ناوەریکی دیکەم دەوێت دەستکەوێت  بەلام زۆر جار ھەندیک لەبنەماڵەکانیش ئامادەنین ھیچ زانیاریەک بدەن بەلێکۆڵەر، بەلام شێوەیەکی گشتی بەدەگمەن توشی دەبم،  من زۆرجار توشی حاڵەتە ئەرێنیەکان بووم بەحوکمی ئەوەی ماوەیەکی زۆرە لەبوارەکەدا کاردەکەم ومتمانەیەکم بەدەستھێناوە.
SNN: خوێندن لەپەیمانگاو کۆلێژی ھونەر چ سودێکی بەتۆگەیاند؟
توانا حەمە: ماوەی خوێندنم لەپەیمانگای ھونەرە جوانەکان، باشترین دەرفەت بوو بۆ ناساندن وفێربوونی ئامێرێکی موزیک، شانازی پێوەدەکەم. بەلام ماوەی خوێندنم لەزانکۆ جیاوازتربوو،چونکە ئەو بەشەی من خویندنم، کۆمەڵێک پسپۆری باش لەبوارەکەدا ھەبوو، توانیم بەدەر لەموزیک لایەنە فەرھەنگیەکەشم پەرەپێبدەم، لەگەڵ ئەمانەشدا لەماوەی ئەوچوار ساڵەدا ھەوڵێکی بێوچانم دا دەیان کاری باشم لە زانکۆوە سەرچاوەیان وەرگرت، لەگەڵ ئەوەشدا دەزانم کە ئاستی زانکۆکان بە پێوەرەکانی دنیا لە ئاستی لاوازدایە بەلام ھەست بەوە دەکەم بە ھەوڵە تایبەتییەکانم زۆر کەلێنم بۆ خۆم پڕکردبۆوە.

 SNN: جیاوازی ھەیە لەنێوان کەسێکی ئەکادیمی و نائەکادیمی لەبواری موزیکدا؟
 توانا حەمە: بەدلنیایەوە جیاوازی ھەیە، چونکە خوێندن لەزانکۆو پەیمانگا چوارچێوەیەکی ئەزمونت بۆ دروست دەکات، لەورێگەیەوە دەتوانیت ئەزمون پەیدابکەیت، زانکۆ پەنجەرەیەکت نیشاندەدات بۆفێربوون، بەلام کردنەوەی و نەکردنەوەی پەنجەرەکە پەیوەستە بەخودی خوێندکار خۆیەوە، ئایا تاچەند دەتوانێت ڕووناکی پەنجەرەو دەبینێت و چۆن دەتوانێت سنوری پەنجەرەکە تێبپەرێنێت.
ئەکادیمیا ئەوەیە کەتۆ شتگەڵێکی ناو کۆمەڵگا بھینیت و جارێکی لە بۆتەیەکی ئەکادیمدا ڕێکی خەیتەوە، دیارە ئەمە ئەگەر لەئەکادیمیادا کارت نەکردبێت ناتوانی لە پرەنسیپ و ڕێکارییەکان و گرنگییەکانی تێ بگەیت، زۆر جاریش خەڵکانی نا ئەکادیمی زۆر پرۆژەی ئەکادیمی دەکەن کە دەشێت ھەولەکەیان لە ئەکادیمییەکان گرنگتر بێت.
 SNN: لەپۆستەکانی فەیسبوکەکەت دەردەکەوێت تواناحەمە زۆر تورە دیارە لەکوردستان؟
توانا حەمە:زۆرجار ووتومە ئەوکەسەی لەکوردستان تورەنەبێت، کوردستانی خۆشناوێت، بۆیە پێویستە تورەبین لەسەر بنەمای ئەوەی لەکوردستان ھیچ شتێک لەجێگای خۆی نیە، سەیری ھەربوارێک دەکەیت کۆمەلێک کێشەی ھەیە، بەڵام دواجار کوردستانم خۆشدەوێت وھەرکارێکیش دەیکەم ھەر ئەو خۆشەویستیە بووە، ھەرچیشم نووسیووە بەزمانی کوردیەو بۆخزمەتی فەرھەنگ و ھونەری کوردستان بووە.

 SNN: وەک دەردەکەوێت بەردەوام خەریکی کاری خێرخوازیت، ئەوکارانە چۆن سەرچاوەی گرتوەو کێ پاڵپشتیت دەکات؟
توانا حەمە:زۆربەی پرۆژە خێرخوازییەکان بەخۆبەخش رادەگەیەنم، ھەندێکیشیان بەھاوکاری رێکخراوە بیانییەکان و ئەمەش لەرێگەی ھاوکاری کۆکردنەوە لە ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا بووە، دواتر بە کرینی پێداویستی بۆ بەشێک لەئاوارەکان کە دواتر ئەم پرۆژەیە لەلایەن فامیلی سەنتەری سەربە ڕێکخراوی ئێم ئار دی ئێس تەبەنی کراوە و تائێستا بەردەوامە، چەند پرۆژەیەش بە ھاوکاری ڕێکخراوی کوردیدا و خاڵخاڵۆکە کە خۆشم یەکێک بووم لە دامەزرێنەرانی ئەم ڕێکخراوە، دەرمان بۆ نەخۆشخانەی ھیوا، ھاوکاری خاوەن پێداویستی کەم ئەندامان .. ھتد پاشان دوو سال لەمەوبەر پرۆژەی ئاشتکردنەوەی بالندەکان کە دروستکردنی ماڵێکە بۆ کۆتر لە باخی گشتی بە ئەنجامم گەیاندووە، ئێستا بیرۆکەی زۆرتر ھەیە چاوەرێی دروست بوونی دەرفەتم.
SNN: کارکردنت لەفێرگەیەک بۆفێرکردنی موزیک بەمنداڵان چۆنە؟
توانا حەمە:لەئێستادا بەرپرسی پەیوەندیەکانی فامیلی سەنتەری ڕاپەرین سەر بە رێکخراوی ئێم ئار دی ئێسی ئەمریکیم، ھەفتەی دوو رۆژم تەرخانکردووە بۆ فێرکردنی موزیک بەشێوەی بێبەرامبەر بۆئەو مندالانەی سەردانی رێکخراوەکە دەکەن .

 SNN: لەئێستادا چۆنێتی خولیاو بەشداریکردنی منداڵان بۆ فێربوونی موزیک لەچ ئاستێکدایە؟
توانا حەمە: خۆشبەختانە بەشداریکردنی منداڵان لەخولەکانی فێربوونی موزیک لەئاستێکی زۆر باشدایە بەتایبەت لەپشوەکانی ھاویندا، دەتوانم بڵێم نەوەی نوێ دەتوانێت شتی زۆر باش دروست بکات ئەگەر خێزانەکان ھاوکار بن و بیانەوێت پێشبکەون لەھەر بوارێکدابێت، چونکە ژیان یارمەتیدەریانە لەرووی تەکنەلۆژیاو تێگەشتنی باشی خەڵک بۆ بابەتەکان.
SNN: وەک شارەزایەکی بواری موزیک، جیاوازی ھونەرمەندە کۆنەکان لەگەڵ ھونەرمەندی تازە چیە؟
توانا حەمە: ھونەرمەندە کۆنەکان بەحوکمی ئەوەی لەململانێیەکی سیاسی و نەتەوەیدا ژیاون، ئەرکێکی نیشتیمانی لەسەربوو، خۆشەویستیەکی قوڵیان بۆموزیک وگۆرانی ھەبوو، جیاواز لەھونەرمەندە تازەکانی ئێستا کە بەھەوای ئازادی چاویان کردۆتەوە، بۆیە لەئێستادا کەمترین ھونەرمەندی بەخەونی گەورە و نیشتمانی دەبینین و بەرھەمی ناوازە زۆر دەگمەنە، ئەمەش پەیوەندی ھەیە بەو فەوزا سیاسی وئابوریە و بێپلانییە ھەیە کە لەکوردستاندا دەبینیرێت ھیچ ستراتیژێک نییە بۆ گەشەپێدان بە ژێر خانی فەرھەنگی ئەوەی کە ھەیە ھەوڵی تاکە کەسین.

 SNN: لەئێستادا ھونەری گۆرانی وموزیکی کوردی لەچ ئاستێکدایە؟
توانا حەمە: بەداخەوە گەشبین نیم بە گۆرانی و موزیکی کوردی، چونکە لەکاتێکدا کە ئابوری کوردستان باش بوو، نەتوانرا ئایندەیەکی باش بۆھونەری موزیک وگۆرانی بەدەستبھێنرێت. ئێستاش لەم بارودۆخەدا ھیندەی تر بارەکە سەخت بووە بۆ وەرچەرخانی گەورەی ھونەری موزیکی لە باشوری کوردستاندا، ئەوەی ھەیە دوبارە کردنەوە و کۆپی کردنی کاری میلەتانی دیکەیە، لەنێوان ئەمانەشدا ھەولی جدی زۆرە بەلام زۆر دەگمەنن و بەرگەی ئەو لێشاوە ناگرن کە ئێستا لە کایە و گۆرەپانەکەدا دەبینرێت.
SNN: کەسێکی ھونەرمەند پێویستە چ تایبەتمەندیەکی ھەبێت کەلە کەسێکی ئاسایی جیابکرێتەوە؟
توانا حەمە: ھونەرمەند دەبێت کەسێکی نائاسایی بێت لەرووی ئاکارو ھەڵسوکەوتەوەو بیرکردنەوەیەکی ھەم لۆجیکیانە بێت ھەم شێتانە بێت، ھونەرمەند پێویستە ناسکترین چینی کۆمەڵگەبێت، ھەموو ناعەدالەتی و ناھەموارییەکان و  دیمەنەکانی کۆمەڵگە کاریگەری لەسەری دروست بکەن و بتوانێت بەھونەرەکەی پەیامێک لەرێگەیەوە بگەیەنێت. وە بتوانێت گوزارشت لەھەستە ناوەکییەکانی بیکات چونکە دونیا بینی ھونەرمەند جیاوازە لە کەسی دیکە پێویستە ئەم دنیا بینییە کاریگەری لەسەر کۆمەلگاکەی بەجێ بھیڵێت و گۆڕانکاری نوێ با ئافرانێ.  

SNN: پلان چیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رووبەرووی بواری ھونەر بۆتەوە لەکوردستاندا؟
توانا حەمە: چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رووبەرووی بوار ھونەر بۆتەوە لەکوردستان پێویستی بەپلانی دەوڵەتی ھەیە، پێویستە حکومەت کەسانی شارەزا وپسپۆر لەبوارەکەدا ھانبدات بۆ بەستنی کۆنفرانسی زانستی و دیاریکردنی کێشەکان و دانانی پلانێک بۆ چارەسەرکردنیان دواجار ئەو خالانە بکرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
 SNN: راگەیاندن چ جۆرە رۆڵێکی بینیوە لەچارەسەرکردنی کێشەکان؟
توانا حەمە: زۆربەی راگەیاندنەکان لەبەرئەوەی سەر بەلایەنێکی سیاسین، بوارە ھونەریەکەش تێکەڵ بەسیاسەت کراوە، زۆرجاریش بەھەڵە باسی فۆرمەکانی موزیک دەکرێت یاخود کەسێک دەکەن بەئەستێرە لەوانەیە لەئاستی ئەستێرەبوندا نەبێت. زۆرجار ڕۆلی نەرێنی و زۆرجاریش ئەرێنیان ھەبووە، بە شێوەیەکی گشی راگەیاندن دەتوانێ ڕۆلی بەھەردوو بارەکەدا ھەبێت بەھیوام بیر لە ڕێگە ئەرێنییەکە بکەنەوە نەک بازرگانی و سیاسی.

SNN: تازەترین پرۆژەت چی دەبێت؟
توانا حەمە:لەئێستادا ئامادەکاری بۆبەستنی کۆنفرانسی (کۆپی رایت)رێکبخەم، جگە لەوەش چەند کتێبێکی دیکەم لەبەردەستدایە بۆ چاپکردن یەکێک لەوانە ژیان وبەرھەمەکانی (رەفیق چالاک)ە کەبەھاوکاری ھاوسەرەکەم ھێواش ھێواش بەرەو دیزاین و بلاوکردنەوە دەروات، لەبواری نوسینی تێکستی گۆرانیش چەند تێکستێکم کراوە بەگۆرانی بەم نزیکانە بڵاودەکرێتەوە.

 SNN: پەیامی توانا حەمە بۆ ھونەرمەندان و موزیکژەنەکان چیە؟
 توانا حەمە: لەبەر ئەوەی لایەنی رۆشنبیری موزێک لەئاستێکی لاوازدایە، بەئومێدم ھەموو ئەوانەی لەبواری ھونەر کاردەکەن، تەنھا لایەنی بەجێھینان (پێرفۆرمانس) لەبەرچاو نەگرن ولایەنە رۆشنبیریەکە فەرامۆش بکەن، چونکە کاریگەری لەسەر بیرۆکەی کارەکانیان دەبێت، ھەمیش ھەموان لە ووچاندا بن و بتوانن  موزیکی کوردی بگەیەننە ئاستێک کەناسنامەی تایبەت بەخۆی ھەبێت، لە نێو گەلانی دنیا بەگرنگییەوە پێگەکەی ببینرێت و لە سەرجەم بوارەکاندا موزیکی کوردی لە قەیراندایە بۆیە پێویستە ھەر کەسەو لە بوارێکیدا ئەم ھونەرە پێش بخات و پێکەوە ھەنگاوێکی گەورەتر بنێین کە بتوانین شانازی بە ھونەرەکەمانەوە بکەین.



مانگ پێشتر - Aug 25 2017 4:59PM
2748
بابه‌تی زیاتر
هەڵوێست :گۆرانی ئاینی دەڵێم...
ئەمەل سەعید کوردە: پێویستە بەرێچکەشکێن ناومان بنێن...
توانا حەمە: ھونەرمەند دەبێت کەسێکی نائاسایی بێت...
میران بورھان عاشقی سلێمانیە...
ھەردی سەلامی: کارێک نەبێتە ھۆی دەرکەوتنم ئامادە نیم بیک...
ئارام سەردار: کاری دەرھێنانم بۆ زیاتر لەھەزار گۆرانی کر...
غەزەل مستەفا بەرھەمی نوێ تۆمار دەکات ...
جەنگیز: یەکەم کارم گۆرانیەکە بەزاراوەی سۆرانی ...
رەوەز:حەز دەکەم بەزمانی تورکی گۆرانی بڵێم...
لوقمان سەلیم : گۆرانیەکانم عەشق و ئەوینداری لەپشتەوەیە...
ئاریان کەریم: بۆ بژێوی ژیان کوردستانم جێھێشتووە...
رازە: ئەمساڵ مۆدیلی قژی کورتە...
کەویار:ھەموو ژیانم بووە بەگۆرانی و مۆسیقا...
جەھانگیر جەلال:٩٠٠ کەسم فێری ژەنینی دەف و سەنتور کردووە...
کچە کوردێک مارکەیەکی تایبەتی برژانگ دروست دەکات...
تابلۆ ئومێد: گۆرانیم بۆ خۆشەویستەکەم ووتووە...
ئارش فازیل یەکەم بەرھەمی بڵاودەکاتەوە...
پیاوێک حەوت جار شەھید بوە و تائێستاش زیندووە ...
123