دیدار
دیدار - مه‌گه‌زین
ژیلیا: ھیچ کەس ناتوانێت رێگریم لێ بکات
SNN: ھەورامان ھاشم

ژیلیا ئەو ھونەرمەندە کچەی بەھاوکاری بنەماڵەکەی ماوەی چەند سالێکە کاری ھونەری دەکات و لەسەرەتای دەرکەوتنیدا توانی جێگای خۆی لە دڵی ھەوادارەکانیدا بکاتەوەو دەڵێت، گۆرانی تەنیا بۆخۆم ناڵێم گۆرانییەکانم بۆ ھەموو کەسێکەو ھەرکەسێک خەمێکی ھەیە و دەتوانێت کەمێک دڵفرەوانی لە گۆرانیەکانی من وەرگرێت.
ژیلیا، لەساڵی ١٩٨٨ لەشاری ھەولێر لەدایکبووە و لە ساڵی (١٩٩٨) لەگەڵ بنەماڵەکەمان بەرەو وڵاتی دانیمارک کۆچیانکردووەو لەئێستادا نیشتەجێی ئەو وڵاتەن و لەساڵی ٢٠٠٤ دەستیکردووە بەکاری ھونەری.

SNN: سەرەتا چۆن دەستکرد بەکاری ھونەری؟

ژیلیا: ھەر لە مناڵیەوە لە ژوورەکەی خۆم گۆرانیم دەگوت دواتر کە تەمەنم ١٣-١٥ ساڵ دەبوو لە ستۆدیۆیەکی گەنجان لە دانیمارک زیاتر دەنگی خۆم تاقی کردەوە. گۆرانیەکانم خۆم دەمنوسی و دەمگوتەوە، لەسەرەتادا بە لاساییکردنەوەی ھونەرمەندە بیانییەکان دەستمپێکرد و و لەسەرەتای (٢٠٠٤)ەوە بەھۆی کاریگەریی چەند ھونەرمەندێکی کورد و ھاندانی بنەماڵەکەمەوە زیاتر خۆم لە ھونەری کوردی نزیککردەوە.


 SNN: سەرەتای کاری ھونەریت چەند بەرھەمێکت بڵاوکردەوە، بەڵام دواتر ماوەیەک لەکاری ھونەری دورکەوتیتەوە ھۆکاری ئەمە چییە؟

 ژیلیا: ھۆکارەکەی خوێندن بوو وە دوواتر کار کردنی ھونەری کوردی لە ئەوروپا ئاسان نیە بەتایبەت کاتێک بە تەنیا کار دەکەیت و ھیچ سپۆنسەرێکیشت نیە.

SNN: وەکو ژیلیا ستایلێکی تایبەت ھەیە کاری لەسەر بکەی؟

 ژیلیا: ستالی من ئەوەیە کە دەی بینن لەھەمان کاتیشدا حەز بەھەموو ستایلێکی گۆرانی کوردی دەکەم و حەز دەکەم ھەمووی تاقی بکەمەوە.
SNN: بیرت لەوە کردۆتەوە بەیەکجاری بێتەوە بۆ کوردستان؟

 ژیلیا: بێ گومان من ھەموو کات بیرم لەوە کردۆتەوە وە ئینشەڵا ئەو ڕۆژەش دێی و کوردوستانیش ئازاد دەبێ، 

من بۆ یەک چرکەش کوردستانم قەت لە بیر نەکردووە و ھەمیشە لەدڵمە و ھەر کوردستانیش جێ و رێی ڕاسەقینەی منە بە ھیچ کەسێکیش نای گۆڕمەوە



 SNN: بۆچی زۆربەی بەرھەمەکانت سۆزدارین؟ ھەرگیز عاشق بوی؟


 ژیلیا: من کاتێک گۆرانی دەڵێم حەز دەکەم شتێک بێ ھەموو کەس خۆی تێدا ببینتەوە. گۆرانی تەنیا بۆخۆم ناڵێم بۆ ھەموو کەسێک کە خەمێکی ھەیە و دەتوانێت کەمێک دڵفرەوانی لە گۆرانیەکانی من وەرگرێت، گۆرانی دەرمانی دەروونەو چ گۆرانییەکم پێ خۆش بووبێ وتوومە.




 SNN: چۆن کارە ھونەریەکانت ھەڵدەبژێری، لەرووی ئاواز و ھۆنراوەوە، ھیچ کەسێک ھەیە ھاوکاریت دەکات؟

ژیلیا: لە کاتی ھەڵبژاردنی گۆرانی یەکەم کەس دەبێ گوێ لەخۆم و ھەستی خۆم ڕابگرم، ئایە ئەو گۆرانیە لە دەنگی من دێت، ئایە ھەستم دەجووڵێنێ، دوواتر پرسیار لەباوکم دەکەم چوونکە باوکم خۆشی مۆسیقیە و شارەزای ئاوازو ھۆنراوەیە ھەروەھا کاک سەنار کە لەسەرەتاوە لەگەڵم بووەو ھەروەھا ھۆنراوە و ئاواز و مۆسیقای بۆ داناوم و بەڕێوبەری کارەکانمە، بێجگە لە باوکم دایکیشم ھەمووکات ھاوکار و پشتگیرم بووە لەگەڵ ھاوسەرەکەم،  بۆیە دەمەوێ زۆر سوپاسیان بکەم کەبەردەوام لەگەڵم ھیلاکن.


 SNN: جگە لەکاری ھونەری چ کارێکی تر دەکەی؟

 ژیلیا: من کاری ئەسیستێنتی دەکەم لەگەڵ دکتۆری ددان.
SNN: ژیلیا کاری ھونەری دەکات و لەھەمانکاتدا بۆ بوارێکی تر دەخوێنی کە دوورە لەکاری ھونەرییەوە، چی ئەم دوو بوارە دەبەستێت بەیەکەوە لای تۆ؟

 ژیلیا: ھەردووکیان پەیوەندی بە مرۆڤ ھەیە، لە کلینیکی ددان ھاوکاریان دەکەم ددانەکانیان ڕزگار بکەم، وە بەگۆرانیش دەمەوێ خەمەکانیان لە بیربەرمەوە.

SNN: کام لە بەرھەمەکانت لەھەموو زیاتر خۆش دەوێت، ھۆکاری چییە؟

 ژیلیا: من بەرھەمەکانم ھەمووی خۆش دەوێ چونکە ماندووبوونی تێدایە و ھەر بەرھەمێک و شتێکیان لێ فێر بووم.


 SNN: کاری ھونەری بۆ خانمان لە دەرەوە ئاسانترە یان لە کوردستان؟

ژیلیا: لە ھیچ لایەک ئاسان نیە بەداخەوە، بەڵام ھیوادارم نەک تەنھا میللەتی ئێمە ھەموو چاویان بکەنەوە و قەدری ژن کەمێک بزانن.

SNN: تائێستا رێگری لە ژیلیا کراوە بۆکاری ھونەری؟

 ژیلیا: تائێستا کەس ڕێگری لێ نەکردووم و کەسیش ناتوانێت ڕێگری بکات ھونەر بەشێکی گەورەیە لەمن و لەبوونی من، ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر دایک و باوک و برا و ھاوسەرەکەم، ھەمیشە پشتگیرم بوون و ھەرگیز نەیان ھێشتووە بکەوم و گوێ لە قسەی خەڵک بگرم.
SNN: وەکو ھونەرمەندێکی ژن دەتەوێت چی پەیامێک بگەیەنیت لە رێگای ھونەرەوە؟

 ژیلیا: پەیامی من ئاشتیە خۆشەویستیە بەرامبەر بە یەکتری، گرنگە یەکتر بگرین و پشتگیری یەکتر بکەین بە تایبەت ئێمەی ئافرەت لەگەڵ یەک، بابەس بێ تووندو تیژی لەنێوان مرۆڤ با بەس بێ ڕکابەری و بیرو بڕوای نیگەتیڤ، با بەخۆشی بژین لەگەڵ یەکدا و یەک بگرین بەتایبەت کاتێک کە دووژمنان دەیانەوێ بمان ڕوخێنن.

SNN: بەخۆشەویستی ژیانی ھاوسەرگیریت پێکھێناوە؟

 ژیلیا: بەڵێ.


 SNN: ھاوسەرەکەت تا چەند ھاوکارت بووە لەکارە ھونەریەکاندا؟

 ژیلیا: تا بڵێی ھاوکارمە و دەتوانم بڵێم ئەویش وەک من ھیلاکە.
SNN: ژیلیا دەیەوێت لەناو ھەوادارەکانیدا چۆن بناسرێت؟

 ژیلیا: کەسێکی سادە و بێ جیاوازی.

SNN: پرۆژە و کاری داھاتووی ھونەریت چییە؟

 ژیلیا: بەم دوایانە بەرھەمێکم بەناوی "لاوکێ من" بڵاو کردۆتەوە کە ئاواز و ھۆنراوەی ھونەرمەند "زانا جەبەلی"ەو لە ستۆدیۆی لەوژە تۆمار کراوە و کلیپەکەشی لە لایەن "کاک دلێر دلاوەر"ەوە کراوە کە تیایدا ھاوسەرەکەم و دوو ئامۆزا و دوو کوڕە پورم بەشدارن، بێجگە لەوەش بەرھەمێکی ترم ئامادەیە و کلیپی بۆ کراوە و بەمزووانە بڵاو دەکەینەوە، ئێمە بەرھەممان زۆرە کە ئامادەیەو دەمانەوێ ئەلبوومی بۆ بکەین، بەڵام چاوەڕێین سپۆنسەرمان ھەبێ تا جێ بە جێی بکەین، بەڵام سپۆنسەرمان نیە تا ئێستا.
2 هەفتە پێشتر - Nov 3 2017 5:16PM
2905
بابه‌تی زیاتر
ژیلیا: ھیچ کەس ناتوانێت رێگریم لێ بکات...
هەڵوێست :گۆرانی ئاینی دەڵێم...
ئەمەل سەعید کوردە: پێویستە بەرێچکەشکێن ناومان بنێن...
توانا حەمە: ھونەرمەند دەبێت کەسێکی نائاسایی بێت...
میران بورھان عاشقی سلێمانیە...
ھەردی سەلامی: کارێک نەبێتە ھۆی دەرکەوتنم ئامادە نیم بیک...
ئارام سەردار: کاری دەرھێنانم بۆ زیاتر لەھەزار گۆرانی کر...
غەزەل مستەفا بەرھەمی نوێ تۆمار دەکات ...
جەنگیز: یەکەم کارم گۆرانیەکە بەزاراوەی سۆرانی ...
رەوەز:حەز دەکەم بەزمانی تورکی گۆرانی بڵێم...
لوقمان سەلیم : گۆرانیەکانم عەشق و ئەوینداری لەپشتەوەیە...
ئاریان کەریم: بۆ بژێوی ژیان کوردستانم جێھێشتووە...
رازە: ئەمساڵ مۆدیلی قژی کورتە...
کەویار:ھەموو ژیانم بووە بەگۆرانی و مۆسیقا...
جەھانگیر جەلال:٩٠٠ کەسم فێری ژەنینی دەف و سەنتور کردووە...
کچە کوردێک مارکەیەکی تایبەتی برژانگ دروست دەکات...
تابلۆ ئومێد: گۆرانیم بۆ خۆشەویستەکەم ووتووە...
ئارش فازیل یەکەم بەرھەمی بڵاودەکاتەوە...
123