یاسا
یاسا
ژنی‌ هاوڕێكه‌ی‌ بۆخۆی‌ برد.. به‌مه‌رگ كۆتاییهات
SNN: 

له‌یه‌كێك له‌وته‌ زۆر ناوداره‌كاندا سه‌باره‌ت به‌خیانه‌ت، چینیه‌كان ده‌ڵێن ((خیانه‌ت بێ ڕه‌وشتیه‌، بۆیه‌ ته‌نها بێ ڕه‌وشته‌كان ده‌توانن بیكه‌ن))، له‌م چیرۆكه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ی‌ ژیانی‌ (هه‌ردی‌ و شه‌م)دا كێشه‌گه‌لێكی‌ زۆر ڕوده‌ده‌ن، ئه‌گه‌رچی‌ سه‌ره‌تا به‌خۆشه‌ویستی‌ و جوانی‌ هه‌موشته‌كان ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام قه‌ده‌ر خیانه‌ت ده‌هێنێت و سه‌ره‌نجامیش به‌مه‌رگ كۆتایی دێت.

هه‌ردی‌ كوڕێكی‌ ته‌مه‌ن 32 ساڵه‌و خێزانداره‌و خێزانه‌كه‌شی‌ ناوی‌ (شه‌م)ه‌، ماوه‌ی‌ دوو ساڵه‌ هاوسه‌رگیرییان كردوه‌، به‌ڵام منداڵیان نییه‌.

به‌هۆی‌ بارودۆخی‌ ئابوری‌ سیاسیی هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، هه‌ردی‌ و شه‌م بڕیار ده‌ده‌ن بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات وه‌كو هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ ڕێگه‌ی‌ هه‌نده‌رانیان هه‌ڵبژاردوه‌، بۆیه‌ بڕیاری‌ كۆتایی ده‌ده‌ن و هه‌موو كه‌لوپه‌لی‌ ناوماڵیان كۆده‌كه‌نه‌وه‌و له‌ماڵی‌ باوكی‌ هه‌ردی‌ دایده‌نێن، چونكه‌ بیریان له‌وه‌شكردبۆوه‌ ئه‌گه‌ر بۆیان نه‌كراو نه‌یانتوانی‌ بگه‌نه‌ شوێنی‌ خۆیان كاتێكیش گه‌ڕانه‌وه‌ ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ ئاماده‌بن و بتوانین جارێكی‌ دیكه‌ له‌خانویه‌كی‌ دیكه‌دا كه‌لوپه‌له‌كانیان پێكه‌وه‌ بنێنه‌وه‌و ژیان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌.

هه‌ردی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ هاوڕێیه‌كی‌ گیانیانی‌ به‌گیانی‌ هه‌بوه‌ كه‌ له‌منداڵیه‌وه‌ هه‌ر پێكه‌وه‌ بون تێكه‌ڵیه‌كی‌ زۆری‌ خێزانیشیان هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و هاوڕێیه‌ی‌ كه‌ ناوی‌ (ئاشتی‌)یه‌ ژیانی‌ هاوسه‌رگیریی پێكنه‌هێنابوو، كاتێكیش هه‌ردی‌ لای‌ ئاشتی‌ بابه‌تی‌ ڕۆیشتن بۆ ئه‌وروپا باسده‌كات و ده‌ڵێت ((نیازمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ شه‌م سه‌فه‌ربكه‌ین و قاچاخچیشمان گرتوه‌و دوبه‌یانی‌ ده‌چینه‌ توركیا)).

له‌وكاته‌دا ئاشتی‌ هاوڕێی‌ به‌هه‌ردی‌ ده‌ڵێت ((ئه‌ی‌ پێت چۆنه‌ منیش له‌گه‌ڵتان بێم، چونكه‌ منیش نیازی‌ سه‌فه‌رم هه‌یه‌))، دوای‌ كۆتاییهاتنی‌ قسه‌كانی‌، هه‌ردی‌ زۆر به‌وه‌ خۆشحاڵ ده‌بێت كه‌ یه‌كێك له‌هاوڕێ خۆشه‌ویسته‌كانی هاوسه‌فه‌ری‌ بێت، بۆیه‌ ئاشتیش لای‌ هه‌مان قاچاخچی‌ پاره‌ (ده‌خه‌وێنێ‌)و له‌گه‌ڵیان به‌ڕێده‌كه‌وێت به‌ره‌و توركیا، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ قاچاخچیه‌كه‌ نه‌فه‌ری‌ زۆره‌، یه‌ك شوقه‌ ئاماده‌ ده‌كات بۆ 15 كه‌س و سه‌ره‌تاش واڕێده‌كه‌وێ‌ كه‌ (شه‌م و هه‌ردی‌ و ئاشتی‌) له‌یه‌ك ژوردا بخه‌ون، به‌هۆی ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ی‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ مانگێكه‌ له‌و شوقه‌یه‌ ده‌مێننه‌وه‌، تێكه‌ڵیه‌كی‌ زۆر دروستده‌بێت.

به‌هۆی‌ مانه‌وه‌یان بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆرو ئه‌و قه‌له‌قی‌ و دڵه‌ڕاوكێیه‌ی‌ توشیان بوه‌، جار جاره‌ هه‌ردی‌ و شه‌م توشی‌ ده‌مه‌ بۆڵه‌ ده‌بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ شتێكی‌ ئاسایی بوه‌، چونكه‌ زۆرێك له‌و خێزانانه‌ی‌ بڕیاری‌ ئه‌وه‌یانداوه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات توشی‌ ئه‌و جۆره‌ بۆڵه‌ بۆڵه‌ ده‌بن كه‌ هۆكاره‌كه‌شی‌ ستێرس و دڵه‌ڕاوكێییه‌.

تادێت نێوانی هه‌ردی‌ و شه‌م به‌ره‌و خراپی‌ ده‌چێت و درێژه‌ی‌ كێشاو بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر ئاشت نه‌بونه‌ته‌وه‌ "به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ شه‌م ژنێكی‌ عینادو كه‌له‌ڕه‌ق بوه‌"، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێك بۆ هاوڕێ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی‌ هه‌ردی‌ واته‌ ئاشتی‌ ده‌ڕه‌خسێنێت تاوه‌كو خۆی‌ له‌شه‌م نزیك بكاته‌وه‌، ئاشتیش كوڕێكی‌ زۆر شیك پۆش و باڵابه‌رزو قۆز بوه‌، ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی‌ چاوبڕكێ‌ و پێكه‌نینی‌ ژێربه‌ژێر له‌نێوانیاندا دروستبێت، به‌ڵام هه‌ردی‌ بێئاگا هیچ هه‌ستی‌ به‌و په‌یوه‌ندییه‌ نه‌كردوه‌.

ڕۆژ دێت و ڕۆژ ده‌ڕوات..په‌یوه‌ندیی نێوان ئاشتی‌ و شه‌م وای‌ لێهات ئێواره‌یه‌ك قاچاخچیه‌كه‌ دێت و ده‌ڵێت خۆتان كۆبكه‌نه‌وه‌ دوو كاتژمێری‌ دیكه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ فڕۆكه‌خانه‌وه‌ ده‌چینه‌ ئیتاڵیا، له‌وكاته‌دا ئاشتی‌ بیری‌ له‌وه‌كرده‌وه‌ له‌ناو فڕۆكه‌خانه‌دا هه‌ردی‌ واته‌ هاوڕێكه‌یی و هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ شه‌م به‌ده‌ستگیركردن بدات و دواتریش بۆخۆی‌ له‌گه‌ڵ شه‌م سه‌فه‌ربكات.

ئاشتی‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌وكاره‌ی‌ بڕی‌ هه‌زار دۆلار به‌قاچاخچیه‌كه‌ ده‌دات تاوه‌كو له‌ناو فڕۆكه‌خانه‌دا هه‌ردی‌ به‌ده‌ستگیركردن بدات و نه‌توانێت ئه‌و سه‌فه‌ره‌ بكات و بگاته‌ ئیتاڵیا، قاچاخچیه‌كه‌ش ئه‌و داواكاریه‌ په‌سه‌ند ده‌كات، به‌ڵام به‌رله‌وه‌ی‌ بگه‌نه‌ فڕۆكه‌خانه‌ به‌سه‌رجه‌م نه‌فه‌ره‌كانی‌ خۆی‌ ده‌ڵێت هه‌ركه‌س ده‌ستگیركرا نابێت ئه‌وانی‌ دیكه‌ ئاشكرابكات، كاتێك گه‌یشتنه‌ ناو فڕۆكه‌خانه‌ هه‌ردی‌ له‌لایه‌ن پۆلیس و ژه‌ندرمه‌ی‌ توركه‌وه‌ كه‌ به‌پاره‌ له‌گه‌ڵ قاچاخچیه‌كه‌ ڕێكه‌وتبون ده‌ستگیركراو مانگێكیش له‌زیندان مایه‌وه‌.

سه‌رباری‌ ده‌ستگیركردنی‌، هه‌ردی‌ له‌دڵی‌ خۆیدا بیری‌ له‌وه‌كردبۆوه‌ كه‌ ئه‌و بێخه‌مه‌ له‌شه‌می‌ خێزانی‌، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ئاشتیدایه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌هاوڕێ‌ زۆر خۆشه‌ویسته‌كانی‌، ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ی‌ هه‌ردیش له‌كاتێكدایه‌، كه‌ دوای‌ گه‌یشتنیان به‌ئه‌وروپا، شه‌م و ئاشتی‌ خۆیان به‌هاوسه‌ری‌ یه‌كتر له‌قه‌ڵه‌مدابوو، ته‌نانه‌ت له‌ناو ئه‌و كه‌مپه‌ی‌ بۆ په‌نابه‌ران ته‌رخانكرابوو، شوێنیان پێدراو له‌یه‌ك ژوریشدا ده‌خه‌وتن و هاوشێوه‌ی‌ ژن و مێرد مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد.

دوای‌ به‌سه‌ربردنی‌ ماوه‌ی‌ مانگێك له‌زیندان، هه‌ردی‌ ئازادكرا، به‌ڵام هیچ پاره‌یه‌كی‌ به‌ده‌سته‌وه‌نه‌مابوو، چه‌ندینجاریش په‌یوه‌ندیی به‌قاچاخچیه‌كه‌وه‌ ده‌كرد، به‌ڵام وه‌ڵامی‌ نه‌ده‌دایه‌وه‌، بۆیه‌ له‌توركیاوه‌ هه‌ردی‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌ڕێگه‌ی‌ ماڵی‌ باوكی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ توانیی قسه‌ له‌گه‌ڵ شه‌م بكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م په‌یوه‌ندییان له‌دوای‌ مانگێك، شه‌م به‌هه‌ردی‌ هاوسه‌ری‌ ده‌ڵێت ((من و ئاشتی‌ یه‌كترمان خۆشده‌وێت و من ئیتر تۆم ناوێت، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ر له‌كوردستان ته‌ڵاقم بده‌یت)).

كاتێك هه‌ردی‌ گوێی‌ له‌و قسانه‌ ده‌بێت، توشی‌ شۆك ده‌بێت و زیاتر له‌دوو مانگ توشی‌ خه‌مۆكیه‌كی‌ زۆر بوو، دواتر له‌ڕێگه‌ی‌ دادگاوه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ واته‌ (شه‌م)ی‌ ته‌ڵاقدا، به‌ڵام هه‌ردی‌ سوێندی‌ خواردبوو كه‌ تۆڵه‌ له‌هه‌ردوكیان بكاته‌وه‌، دوای‌ زیاتر له‌یه‌ك ساڵ، ئاشتی‌ و شه‌م ڕه‌فزیان بۆهاته‌وه‌ له‌و وڵاته‌ ئه‌وروپیه‌ی‌ داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌ریان لێ كردبوو، بۆیه‌ به‌ناچاری‌ ڕێگه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان به‌ره‌و كوردستان گرته‌به‌ر، كاتێكیش هه‌ردی‌ به‌و بابه‌ته‌ ده‌زانێت، پلانی‌ كوشتنی‌ هه‌ردوكیان داده‌نێت.

دوای‌ گه‌یشتنه‌وه‌یان به‌كوردستان و ته‌نها دوای‌ تێپه‌ڕینی‌ دوو ڕۆژ، هه‌ردی‌ به‌ئۆتۆمبێل دوایان ده‌كه‌وێت و ڕێگه‌یان پێده‌گرێت، له‌ڕێگه‌ی‌ چه‌كی‌ ده‌مانچه‌وه‌ كۆتایی به‌ژیانی‌ هاوژینی‌ پێشوی‌ واته‌ (شه‌م)و هاوڕێ‌ زۆر خۆشه‌ویسته‌كه‌ی‌ واته‌ (ئاشتی‌) ده‌هێنێ‌، دواتریش هه‌ربۆخۆی‌ په‌یوه‌ندیی به‌هێزه‌كانی‌ پۆلیسه‌وه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت:"من ئه‌وكاره‌م كردوه‌"، دواتریش هه‌ردی‌ به‌بڕیاری‌ دادوه‌رو به‌گوێره‌ی‌ ماده‌ی‌ (406) له‌یاسای‌ سزادانی‌ عیراقی‌ سزای‌ له‌سێداره‌دانی‌ به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.

ئه‌مه‌ش هاوشێوه‌یه‌ی‌ ئه‌و وته‌یه‌ی‌ جیڤارای‌ شۆڕشگێڕه‌ كاتێك بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ده‌ڵێت ((ئه‌گه‌ر ڕۆژێك هێرشت كرده‌سه‌رم، كڵاوه‌كه‌ی سه‌رم داده‌كه‌نم وه‌ك ڕێزێك بۆ ئازایه‌تیه‌كه‌ت، به‌ڵام ئه‌وه‌ بزانه‌ كه‌ دواتر ئه‌و كڵاوه‌م ده‌خه‌مه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ت))، هه‌ردیش به‌هه‌مانشێوه‌ی‌ كرد له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌و هاوڕێكه‌شدا.

كۆتایی چیرۆكه‌كه‌ به‌وه‌ كۆتایی دێنین كه‌ به‌ختیار عه‌لی‌ له‌ڕۆمانی‌ (شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌كان)دا ده‌ڵێت ((خۆشه‌ویستی وه‌ك شه‌تره‌نج نییه‌ مرۆڤ كه‌ ده‌ستێكی دۆڕاند خۆی كۆبكاته‌وه‌ بۆ ده‌ستێكی دیكه‌ مه‌شق بكات و فێربێت، له‌عه‌شقدا یه‌ك ده‌ست هه‌یه‌!! یه‌ك یاری هه‌یه‌و ته‌واو كه‌ دۆڕانت بزانه‌ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ دۆڕاندوته‌!))، بۆیه‌ هه‌ردیش په‌نا بۆ كوشتن ده‌بات، چونكه‌ پێیوایه‌ ئه‌و كه‌سێكی‌ دۆڕاوه‌ له‌خۆشه‌ویستی‌ ژیانیدا.

مانگ پێشتر - Dec 16 2017 9:13AM
21984
بابه‌تی زیاتر
ئەژی بەسەرھاتی سوتاندنی باپیری ئاشکرادەکات...
بەچەقۆ شادەماری ملی براكەی بڕی..بەسەرهاتی دوو برای دوان...
ژنی‌ هاوڕێكه‌ی‌ بۆخۆی‌ برد.. به‌مه‌رگ كۆتاییهات...
ئه‌نوه‌ر له‌زیندانه‌وه‌ هه‌ڵه‌كانی‌ ئاشكراده‌كات...
باوان پلانی‌ پێكهێنانی‌ ژیانی‌ هاوسه‌رێتی‌ له‌زیندان ده...
ئەحمەد بەگریانەوە کوشتنی دایکی دەگێڕێتەوە..هاوسەرگیرییە...
سەعد بەدوو فیشەك كۆتایی بەژیانی مامی هێنا...
به‌ختیار چۆنیه‌تی‌ كوشتنی‌ سالار و ته‌قه‌كردن له‌كوڕه‌ك...
كارزان لەسەر گومان باوكی دەكوژێت و برایەكی برینداردەكات...
سەعید بۆ تۆڵەکردنەوە لەخێزانێک پەلاماری کچەکەیان دەدات...
بۆماوه‌ی‌ سێ‌ مانگ سێكسی‌ له‌گه‌ڵ كردو دواتر كوشتی‌..به...
سه‌ردار ته‌رمی‌ ژنه‌كه‌ی‌ به‌ده‌رمانێك روپۆش ده‌كات...
ناسک بەھۆی سەرمایەکەی باوکییەوە بەچەقۆ کوژرا...
كورد مه‌م و زینی لێ نابڕێت.. چیرۆكه‌ ناخ هه‌ژێنه‌كه‌ی (...
هاوڕێ‌ بۆ هەڕەشەكردن یاری لەشجوانی دەكات...
مامۆستایەک بۆ خۆشەویستی خوێندکارێکی 15 زیندانی دەکرێت...
نازە بەدەرخواردانی ژەهر تۆڵە لە سەعید دەكاتەوە...
منداڵێك په‌یوه‌ندییه‌ نهێنیه‌كه‌ی‌ دایكی‌ ئاشكراده‌كات....
123