کۆمه‌ڵایه‌تی
کۆمه‌ڵایه‌تی
بۆ ھێور بوونەوەت بۆنی کراسی ھاوسەرەکەت بکە
SNN: شارۆ سەراج

پێویستت بە ھێوربوونەوەیە؟ زانست دەڵێت بۆنی بلوسی ھاوسەرەکەت بکە.
بەپێی توێژینەوەکانی زانکۆی British Columbia بۆنکردنی کراسی ھاوسەرەکەت بەشێوەیەکی بەرچاو دڵەڕاوکێ کەم دەکاتەوە بەھۆی کەمکردنەوەی ئاستی ھۆرمۆنی دڵەراوکێ کۆرتیزۆڵ. 
توێژینەوەکان دەڵێن باری دەروونی و ھەستەکان بەپێی ھەندێک بۆن کاریگەر دەبێت و ھەندێک توێژینەوە دەڵێن زیادبوونی کێش پەیوەندی بە بۆنکردنی خواردنەوە ھەیە چونکە ڕۆڵێکی گرنگ لە فرمان و کارەکانی سیستەمی دەماریماندا دەبینێت.
لە توێژینەوەکەدا ٨٦ ژن و مێرد بەشداربون و داوا لە پیاوەکان کرا بلوسێکی پاک بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لەبەربکەن، پاشان ژنان بە بۆنکەرەکان دانران بەبێ ھۆکار بێجگە لەوەی ژنان ھەمیشە بۆنکەرێکی باشترن لە پیاوان. 
ژنەکان ٣ بلوسیان پێدرا: یەکێکی پاک، یەکێک کە لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە لەبەرکراوە، لەگەڵ ئەو بلوسەی ھاوسەرەکانیان لەبەری کردووە. ڕاستەوخۆ دوای بۆنکردن ژنەکان بە چەند تاقیکردنەوەیەکی سترێسدا تێپەڕبوون وەک ھەندێک پرسیاری بیرکاری و جاوپێکەوتنی ئیش و پاشان لیکی خانمەکان بۆ تاقیکردنەوە برا بۆ زانینی ئاستی کۆرتیزۆڵ. 
ئەنجامەکان ئەوەی پشاندا کە بۆنکردنی بلوسی ھاوسەرەکانیان ھەستی دڵەڕاوکێ و ڕێژەی کۆرتیزۆڵی تێدا کەمکردنەوە، ھەروەھا ئەگەر بەدروستی بلوسی ھاوسەرەکانیان ناسیبێتەوە ئەوا ڕێژەی دڵەڕاوکێکە کەمتر دەبۆوە.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو بۆنکردنی بلوسی کەسێکی نەناسراو لەلایەن خانمەکانەوە ڕێژەی دڵەڕاوکێکەی زیاد دەکرد، ڕەنگە ئەمەش بەھۆی ئەوەی پێویستە خۆمان لە کەسانی نەناسراو بپارێزین.
بەپێی ووتەی مارلیس ھۆفەر نووسەری بەڕێوەبەری توێژینەوەکە "لە تەمەنێکی منداڵەوە مرۆڤەکان لە کەسە نەناسراوەکان دەترسن بەتایبەت نەناسراوی نێر، بۆیە چاوەڕوان کراوە کە بۆنی پیاوێکی نەناسراو ھەستی 'شەڕکردن یان ڕاکردن' دروستبکات و ڕێژەی ھۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ بەرزبێتەوە" 
ئەنجامێکی تری توێژینەوەکەش پێشنیاز دەکات کە کاتێک ھاوسەرەکان دوورن لەیەکتر پارچەیەک یان جلی یەکتر ببەن بۆ ئەوەی لە کاتی سترێس و دڵەڕاوکێ بۆنی بکەن. ئەم توێژینەوەیە تەنھا لەسەر بلوس یان کراس کرا بەڵام بەپێی زانست بۆ ھەر پارچە جلێکی تریش دەبێت.
هەفتە پێشتر - Jan 9 2018 8:34PM
2423
بابه‌تی زیاتر