ته‌ندروستی
ته‌ندروستی
باشترین خۆراکەکان بۆ کاتی سوڕی مانگانە
SNN: شارۆ سەراج

لە کاتی سوڕی مانگانەدا ھەمیشە میزاج تێکدەچێت، ووزە کەمدەبێتەوە و ئازارەکان خانمان بێزار دەکەن. یەکێک لە نیشانە ھەرە دیارەکانی سوری مانگانە ئارەزوویەکی زۆرە بۆ خواردن، ئارەزووەکانیش بۆ خواردنی تەندروستی وەک زەڵاتە و سەوزەکان نییە. پێش ئەوەی دەستبکەیت بە خواردن بزانە کام خواردنانە بەسوودن بۆ کاتی سوڕی مانگانە.
١. گەڵا سەوزەکان: گرنگرتین کات بۆ خواردنی سەوزەواتەکان کاتی سوڕی مانگانەیە، سپێناخ، سلق و کەرنەب کە لە خێزانی کاھووە باشترینن چونکە ئاسنیان تێدایە، بەتایبەت لە کاتی سوڕی مانگانە خانمان ئاسنێکی زۆر لەدەست دەدەن. دەتوانیت لەگەڵ زەڵاتە تێکەڵیان بکەیت یان لەگەڵ خواردنی تردا سووری بکەیتەوە یان بیکەیتە فڕنەوە.
٢. ماسی سالمۆن: سالمۆن دەوڵەمەندە بە چەورییەکانی ئۆمێگا ٣، یارمەتی ماسولکەکان دەدات پشوو بدەن، دەمارەکان ئارام دەکات و ئازار کەمدەکاتەوە. ئەگەر ئارەزووی خواردنی ماسی ناکەیت دەتوانیت گوێز و ئاڤۆکادۆ بخۆیت کە ئەوانیش دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا ٣. بۆ ئامادە کردنی ژەمێکی بەچێژ سالمۆنەکە ببرژێنە، سپێناخ یان سلق سوور بکەرەوە لە ڕۆنێکی کەمدا و لەگەڵ برنج دایبنێ. 
٣. شوکولاتە: زۆر دڵخۆش مەبە، مەبەستمان ھەر نەستەلەیەک یان کێکی شوکولاتە نییە، مەبەستمان شوکولاتەی ڕەشە کە زۆرترین ڕێژەی کاکاوی تێدا بێت. شوکەلاتە شیرینەکان شەکریان تێدایەو زۆر خراپن. شوکەلاتەی ڕەش کە ڕێژەی کاکاوەکەی زۆربێت دژە ئۆکسانە واتە ژەھرەکان پاکدەکاتەوە، مەگنیسیۆمی تێدایە کە تێکچوونی میزاج چاکدەکات، شەکری کەمە و ھەروەھا ھۆرمۆنی سیرۆتۆنین ڕێکدەخات کە ھۆرمۆنی دڵخۆشییە.
٤. دانەوێلەکان: بەتایبەت دانەوێڵە بۆرەکان سەرچاوەیەکی باشی مەگنیسیۆمە کە گرژبوونی ماسولکە کەمدەکاتەوە. ڤیتامینەکانی B و E تێدایە کە دژی خەمۆکی و ھیلاکین. باشترین شت لە دانەوێڵە بۆرەکاندا ئەوەیە ھەستی تێریت لا دروست دەکات و درەنگتر برسیت دەبێتەوە.
٥. ماست: سەرچاوەی کالسیۆمە، کالسیۆم یارمەتی کەمکردەوەی نیشانەکانی پێش سوڕی مانگانە دەدات وەک زیپکە، گرژبوونی مەمک، ئاوسانی سک، ھەستکردن بە ماندوێتی، تێکچوونی میزاج، ھەروەھا پشوو بە ماسولکەکان دەدات. ماست ھەرسکردن چالاک دەکات. ئەگەر دەتەوێت کالسیۆمت لە سەرچاوەیەکی دیکەوە دەستبکەوێت برۆکۆلی، بابەتەکانی خێزانی کەلەرم و کاھوو سلق وبایەم بخۆ.
٦. مۆز: سەرچاوەیەکی باشی پۆتاسیۆم و ڤیتامین B6 کە میزاج باشدەکات. یارمەتی جووڵەی ریخۆڵەکان دەدات بەتایبەت کاتێک سوڕی مانگانە کێشەی تێدەکەوێت.

3 ڕۆژ پێشتر - Jan 13 2018 12:28PM
4625
بابه‌تی زیاتر