سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌درێژایی مێژوی مرۆڤایه‌تی خیانه‌ت هه‌ربوه، به‌ڵام هه‌میشه‌ش خیانه‌ت چه‌مكێكی بێزراوهو زۆرێك خۆیانی لێ ده‌پارێزن، هه‌ندێكی دیكه‌ش به‌هۆی كه‌وتنه داوی عه‌شقه‌وه دوچاری ئه‌و چه‌مكه بێزراوه ده‌بن.
له‌م به‌سه‌رهاته ڕاسته‌قینه‌یه‌دا كه‌وتنه داوی عه‌شق و دواجاریش خیانه‌ت و سه‌ره‌نجامیش مه‌رگ سه‌رنجی ئێوه‌ی خوێنه‌ر ڕاده‌كێشێت. هه‌ردی گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 28 ساڵه‌و دانیشتوی یه‌كێك له‌شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه، خاوه‌نی كار‌و پیشه‌ی خۆیه‌تی و به‌یانیان زوو له‌ماڵه‌وه ده‌ڕواته ده‌ره‌وه‌و خه‌ریكی سهمونخانهكهیهتی و دوو شاگردیشی هه‌یه، بژێوی خۆیی و دایك و خوشكه‌كه‌ی په‌یداده‌كات، چونكه هه‌ردی باوكی نه‌ماوه‌و هه‌موو خه‌رجییه‌كانی كه‌وتۆته ئه‌ستۆ.
هه‌ردی له‌ناو خزم و بنه‌ماڵه‌كه‌یدا بهگهنجێكی به‌ئه‌ده‌ب ناسراوه، چونكه ڕێزی هه‌موكه‌سێك ده‌گرێت و له‌ته‌مه‌نی 12 ساڵییه‌وه باوكی كۆچی دوایی كردوه، هه‌ردی له‌خزمانی باوكییه‌وه مام و ئامۆزای زۆره‌و زیاتر له‌هه‌شت ئامۆزای لهدهرههوهی وڵات ده‌ژین، یه‌كێك لهئامۆزاكانی كه ناوی بیلاله دوای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌هه‌شت ساڵ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ژیاوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كوردستان به‌نیازی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریی، دوای ماوه‌یه‌كیش له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بیلال له‌گه‌ڵ كچێك به‌ناوی چرۆ هاوسه‌رگیریی ده‌كات.
چرۆ ته‌مه‌نی 25 ساڵه‌و په‌یمانگای تهواوكردوهو له‌گه‌ڵ ماڵی باوكی بیلال یه‌كتر ده‌ناسن و باوكی بیلال، چرۆ به‌گونجاو ده‌زانێت بۆئه‌وه‌ی بیلال هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵدا بكات، دوای ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریی، دواتر بیلال ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وروپا تا مامه‌ڵه بۆ چرۆی هاوسه‌ری بكات و بیباته ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌ڵام دوای چه‌ندینجار هه‌وڵدان تا بتوانێت چرۆ به‌رێت سه‌رناگرێت و ئه‌و وڵاته مافی په‌نابه‌ری ناداته چرۆ.
دواتر ڕێگه‌یه‌كی دیكه ده‌گرێته‌به‌ر تاوه‌كو چرۆ بگه‌یه‌نێته ئه‌وروپا، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه چرۆ ده‌بێت بچێته ئه‌رده‌ن و له‌وێ چاوپێكه‌وتن ئه‌نجامبدات، به‌ڵام لێره‌دا كێشه‌یه‌ك هه‌یه، چرۆ تاقانه‌یه‌و نازانێت له‌گه‌ڵ كێدا بڕواته ئه‌رده‌ن، ته‌نها یه‌ك برای هه‌یه ئه‌ویش ته‌مه‌نی 15 ساڵه‌و ناوی فه‌رمانه، بۆیه بیلال داوا لهههردی ئامۆزای ده‌كات تا چرۆ به‌رێته ئه‌رده‌ن و ئه‌وكارانه‌ی له‌و وڵاته بۆ ئه‌نجامبدات.
دواتر هه‌ردی چرۆ ده‌بات و دوای یه‌ك هه‌فته‌ش ده‌گه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵام چرۆ له‌باڵیۆزخانه‌ی ئه‌و وڵاته، جۆره هه‌ستێكی بۆ هه‌ردی دروستده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ردی لهههڵسوكهوتدا زۆر جیاوازه‌و زوو ده‌بێته جێگه‌ی سه‌رنجی ئافره‌ته‌كان و چرۆش تاكلایه‌نه ئه‌و هه‌سته‌ی لا دروستده‌بێت و وا بیرده‌كاته‌وه هه‌ردی ئه‌و گه‌نجه‌یه كه چرۆ ده‌توانێت پشتی پێببه‌ستێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی بیلالی هاوسه‌ری گه‌نجێكی زۆر توڕه‌یه‌و جیاوازییه‌كی زۆری له‌گه‌ڵ ههردیدا هه‌یه.
له‌ماوه‌ی ئه‌و هه‌فته‌یه‌دا له‌ئه‌رده‌ن هه‌ریه‌كه‌یان له‌ژورێكی جیاوازی ئوتێلێكدا ده‌بن، به‌ڵام بۆ نانخواردن و گه‌ڕان و چونه باڵیۆزخانه‌و ده‌ره‌وه به‌یه‌كه‌وه ده‌بن، به‌ڵام ئه‌و هه‌سته‌ی لای چرۆ هه‌یه، به‌هیچ جۆرێك لای هه‌ردی نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ردی وه‌ك خوشكی خۆی سه‌یری چرۆ ده‌كات.
دوای ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه، چرۆ زۆر وه‌سفی هه‌ردی ده‌كات لای بیلال و خزموكه‌سوكاری، بۆیه هه‌ردی ئه‌وه‌نده‌ی دیكه خۆشه‌ویست ده‌بێت له‌لایان، دواتر ئه‌و چاوپێككهوتنهی ئه‌مان بۆی چون سه‌رناگرێت، بۆیه بیلال هیچ ڕێگه‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ نامێنێته‌وه ته‌نها ئه‌وه‌یه له‌توركیاوه چرۆ به‌قاچاخ ببات، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش نازانێت چۆن بینێرێت، بۆیه دوباره داوا لهههردی ئامۆزای ده‌كات، به‌ڵام هه‌ردی ڕازینابێت، چونكه ئه‌و ته‌نها كه‌سه له‌ماڵه‌وه پاره په‌یدابكات و دایك و خوشكه‌كه‌ی پێ بژێنێت.
دوباره بیلال داوا لهههردی ده‌كات چرۆی بۆ به‌رێت تا وڵاتی به‌ریتانیا به‌ڕێگه‌ی قاچاغ و هه‌موو مه‌سره‌فێكی له‌سه‌ر خۆی، دواتر بڕی یه‌ك ده‌فته‌ر دۆلاریشی پێده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی بیدات به‌دایكی بۆ خه‌رجی ڕۆژانه‌یان، بیلال ئه‌وه‌ش بهههردی ده‌ڵێت:"دوای گه‌ڕانه‌وه‌شت ئه‌گه‌ر ئه‌م وڵاته‌و به‌دڵ نه‌بوو بڕی 50 وه‌ره‌قه‌ی دیكه‌ش وه‌رده‌گریت".
بیلال زوو پێیان ده‌ڵێت له‌لای قاچاخچی خۆتان به‌ژن و مێرد له‌قه‌ڵه‌مبده‌ن تاوه‌كو كه‌س گومانتان لێنه‌كات، ئه‌م سه‌فه‌ره‌یان لای چرۆ زۆر ئاسایی و خۆشه، چونكه ئه‌و هه‌سته‌ی له‌به‌رامبه‌ر هه‌ردی بۆ دروستبوه تاكلایه‌نه هه‌ردی خۆشده‌وێت بێئه‌وه‌ی هه‌ردی بزانێت، دواتر ده‌چنه توركیا‌و لای قاچاخچی خۆیان به‌ژن و مێرد له‌قه‌ڵه‌مده‌ده‌ن، ژورێك بۆ هه‌ردوكیان وه‌رده‌گرن، هه‌ر چه‌ند هه‌ردی زۆر شه‌رمده‌كات، به‌ڵام چرۆ زۆری پێخۆشه‌و ته‌واو هه‌ستی خۆشه‌ویستی به‌ده‌م و چاویه‌وه دیاره.
دوای ماوه‌یه‌كیش هه‌ردی به‌و هه‌سته خۆشه‌ویستییه‌ی چرۆ ده‌زانێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئامۆزاكه‌ی، خۆی له‌و بابه‌ته ناگه‌یه‌نێت، دوای ئه‌وه‌ی له‌یه‌ك ژوردا ده‌خه‌ون، چرۆ چه‌ندجارێك ده‌ڵێت وه‌ره له‌سه‌ر سیسمه‌كه بخه‌وین، به‌ڵام هه‌ردی هه‌ر خۆی تێناگه‌یه‌نێت و ده‌ڵێت:"من له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه ده‌خه‌وم و تۆش له‌سه‌ر سیسمه‌كه"، به‌ڵام چرۆ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه هه‌ردوكیان به‌یه‌كه‌وه له‌سه‌ر سیسه‌مه‌كه بخه‌ون.
چرۆ كچێكی جوانه، چه‌ندجارێك له‌لایه‌ن قاچاخچییه‌كه‌وه گێچه‌ڵی پێده‌كرێت و به‌و هۆیه‌شه‌وه هه‌ردی چه‌ندجارێك توشی شه‌ڕ ده‌بێت، لێره به‌دواوه هه‌ردی زیاتر ده‌چێت به‌دڵی چرۆداو زیاتر خۆشی ده‌وێت.
دواتر شه‌و له‌ژوره‌كه‌ی توركیا، چرۆ بهههردی ده‌ڵێت:"خۆشم ده‌وێیت"، به‌ڵام هه‌ردی زۆری پێناخۆشه‌و ته‌نانه‌ت بیر له‌وه‌ده‌كاته‌وه یه‌كسه‌ر بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام چرۆ واز لهههردی ناهێنێت و ده‌ڵێت:"زۆر تۆم خۆشده‌وێت"، شه‌وان له‌ژوره‌كه‌دا زۆری لێده‌كات و وازی لێناهێنێت، دواتر ده‌گاته ئه‌وه‌ی چه‌ندجارێك ماچ له‌نێوانیاندا دروستده‌بێت، به‌ڵام هه‌ردی ڕێگه نادات سێكسی له‌گه‌ڵدا بكات.
دواتر ده‌گه‌نه یۆنان و له‌وێوه بۆ فه‌ره‌نساو ئینجا ده‌گه‌نه به‌ریتانیاو ده‌چنه لای بیلال، دوای گه‌یشتنیان، هه‌ردی ده‌ڵێت:"ده‌گه‌رێمه‌وه بۆ لای دایكم و خوشكه‌كه‌م"، به‌ڵام یه‌كسه‌ر چرۆ توڕه ده‌بێت و ده‌موچاوی ده‌گۆڕێت، بۆیه بیلال هه‌ست به‌شتێك ده‌كات، به‌ڵام خۆی به‌درۆده‌خاته‌وه دواتر هه‌ردی هه‌ر سوره له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونكه هه‌ردی ده‌زانێت له‌وێ بمێنێته‌وه توشی خیانه‌ت ده‌بێت و ده‌بێته كێشه بۆ بیلال و چرۆ بۆیه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
هه‌ردی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ده‌ستده‌كات به‌كارو كه‌سابه‌تی خۆی، به‌ڵام هێشتا هه‌سته‌كه لای چرۆ ماوه كه به‌راوردی نێوان هه‌ردی و بیلال ده‌كات، ده‌بینێت دوو كه‌سایه‌تی زۆر جیاوازن، بۆیه به‌رده‌وام ڕقی لهبیلال ده‌بێت، زوو زوو له‌گه‌ڵ بیلال شه‌ڕده‌كات، بۆیه بیلال هه‌ستده‌كات له‌نێوان چرۆو هه‌ردی په‌یوه‌ندییه‌ك هه‌یه.
شه‌وێك له‌گه‌ڵ چرۆ ده‌بێته شه‌ڕیان و چرۆ دان به‌هه‌موو ڕاستییه‌كاندا ده‌نێت و ده‌ڵێت:"په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ هه‌ردی هه‌یه"، بۆیه بیلال له‌كوردستان كه‌سێك ڕاده‌سپێرێت و بڕێك پاره‌ی ده‌داتێ تا هه‌ردی بكوژێت، دوای یه‌ك هه‌فته لهڕاسپاردنی ئه‌وكه‌سه، ڕۆژێك ئه‌وكه‌سه ده‌چێته ناو سهمونخانهكهو به‌ده‌مانچه هه‌ردی ده‌كوژێت، دوای ده‌ستگیركردنیشی ئه‌وكه‌سه دان به‌هه‌موو شتێك‌دا ده‌نێت كه بیلال ڕایسپاردوه، بۆیه ئه‌وكاره‌ی كردوه.
دواتریش به‌گوێره‌ی ماده‌ی 406 له‌یاسای سزادانی عیراقی، سزای له‌سێداره‌دان بۆ بیلال ده‌رده‌چێت، به‌ڵام چونكه بیلال له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته، سزاكه‌ی وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌و به‌غیابی سزادراوه.
تێبینی: ئه‌م به‌سه‌رهاته ڕاسته‌قینه‌و له‌شارێكی هه‌رێمی كوردستان ڕویداوه، سه‌رجه‌م ناوه‌كانیش، خوازراون و ناوه ڕاسته‌قینه‌كان لای SNN پارێزراون.