لەکوردستانەوە
خۆڵبارین ئەم سودانەشی ھەیە
SNN: 
 
جگە لەوەی خۆڵبارین لەچەند ڕوویەکەوە زیانی بۆ مرۆڤ ھەیەو کاریگەری زۆر لەسەر ئەو کەسانە دروستدەکات کە نەخۆشیەکانی (ڕەبۆ، تەنگەنەفەسی، چاو، سینگ)یان ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند سودێکی ھەیە.

ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی، بە SNNی ڕاگەیاند: خۆڵبارین دیاردەیەکی کەشناسی و گواستنەوەی گەردیلەی خۆڵە کە بەھۆی (با)وە دەگوازرێتەوە، کاریگەری خراپی لەسەر ئەو کەسانە زۆرە کە نەخۆشیەکانی (ڕەبۆ، تەنگەنەفەسی، چاو، سینگ)یان ھەیە، پێویستە لەکاتەکانی خۆڵباریندا دەمامک بەکاربھێنن و تا دەتوانن لەماڵەکانی خۆیان نەیەنە دەرەوە تا کاریگەری خۆڵبارینەکە زۆر نەبێت لەسەریان.

ئاسۆ کەمال ئاماژەی بەسودەکانیشی کردو وتی:" جگە لەزیانەکانی بۆ سەر تەندروستی، خۆڵبارین ژمارەیەک سودیشی ھەیە، یەکێک لەوانەش ڕێگری لەگەیشتنی (تیشکی سەروو وەنەوشەیی و تیشکی ژێرسور)ی خۆر دەکات کە بگەنە زەوی، چونکە بەگەیشتنی ئەو دوو تیشکە کاریگەری لەسەر بەرگە ھەوای زەوی دروستدەبێت، لەھەمانکاتیشدا ڕێگری لەبوون بەھەڵمی ئاو دەکات و ڕێژەی کەمبوونەوەی ئاو کەمدەکاتەوە".

ئەوەشی وت: "سودیشی لەرووی کشتوکاڵییەوە ھەیەو دەبێتە ھۆی کوشتنی ژمارەیەک مێرووی زیانبەخش، جگە لەوەش گواستنەوەی تۆوی ڕووەک لەنێرەکانەوە بۆ مێیەکان  زیاد دەکات، ھەروەھا کاریگەریشی لەسەر گازە ژەھراوییەکانی بەشێک لەکارگەکان ھەیەو مەترسییەکانی ئەو گازە ژەھراوییانە کەمدەکاتەوە.

هەفتە پێشتر - Oct 11 2018 8:50PM
1437
بابه‌تی زیاتر