لەکوردستانەوە
ڕێنمایی ھاتووچۆ لەناوەندەکانی خوێندندا دەوترێتەوە
SNN: سۆران سەعید

بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی پرۆژەی پێدانی زانیاری و ڕێنمایی سەلامەتی لەبواری ھاتووچۆدا لەڕێی سیدییەوە سپارد بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە بۆ ئاستە جیاوازەکانی خوێندن، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانیش جەخت دەکاتەوە بە ئەماناتەوە پڕۆژەکەیان لێوەردەگرن و لە ناوەندەکانی خوێندن دەوترێتەوە.

موقەدەم بەختیار محەمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ھاتووچۆی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: یەکێک لەو ئامارانەی کە ساڵانە ڕادەگەیەنرێت و سەرنجی ھەموومانی ڕاکێشاوە، گیان لەدەستدانی منداڵانە لەڕووداوەکانی ھاتووچۆدا لەئاستە جیاوازەکانی پڕۆسەی خوێندن، بۆیە وەک بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆ بەردەوام سەردانی باخچەی ساوایان و ناوەندەکانی خوێندن و تەنانەت زانکۆ و پەیمانگەکانیش دەکەین بۆ گەیاندنی پەیامی ھاتووچۆ بەو توێژە.

وتیشی: ھەرلەو ڕوانگەیەوە ئەم بەرنامەیە لەچوار سیدیدا ئامادەکراوە و ئاڕاستەی پەروەردەی گشتی سلێمانیمان کرد، کەپڕۆگرامێکی زانستی پەروەردەییە لەئاستی تێگەیشتنی قۆناغە جیاوازەکان، ھیوادارین لەئایندەیەکی نزیکدا ھەماھەنگی بکرێت لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و پەروەردەدا، بۆ ئەوەی لەسیستمی خوێندندا زانیارییەکانی  ھاتووچۆ جێگەی بکرێتەوە.

لای خۆشیەوە مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند: بە ئەمانەتەوە ئەو پڕۆگرامەیان لێوەردەگرین لای خۆمانەوە بەپێی جۆری خوێندن و ژمارەی خوێندنگەکان و خوێندکاران کۆپی دەکەین و پێیان دەدەین، ئەم پڕۆگرامە دەکرێتە بەرنامەیەکی گشتگیر و دەبێت ساڵانە بوترێتەوە بۆ ئەوەی منداڵان و خوێندکاران ئاشنابن بەڕێنماییەکانی ھاتووچۆ لەپێناو کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی ھاتووچۆ و پاراستنی سەلامەتیان.
gellerytitle

gellerytitle

5 مانگ پێشتر - Jan 7 2019 5:47PM
33525
بابه‌تی زیاتر