هەواڵ
وه‌فدێكی‌ باڵای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی سه‌ردانی گردی زه‌رگه‌ته‌ ده‌كات
وه‌فدێكی باڵای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی به‌شداری له‌پرسه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كات، جێگرانی سكرتێری گشتی یه‌كێییش رایده‌گه‌یه‌نن: له‌ده‌ستدانی كاك نه‌وشیروان خه‌ساره‌ت و كۆستێكی گه‌وره‌ بوو بۆ كوردستان به‌گشتی و خه‌ڵكی سلێمانی به‌تایبه‌تی.

 

ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ 19 ئایار، وه‌فدێكی بالاَی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه‌ پێكهاتبوو له‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی و د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح و مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی و حاكم قادر حه‌مه‌جان  كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی و شێخ جه‌عفه‌ر ئه‌ندام مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، سه‌ردانی مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانییان كرد، له‌گردی زه‌رگه‌ته‌ی شاری سلێمانی، به‌مه‌به‌ستی به‌شدارییكردن له‌پرسه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.

كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، له‌لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن وتی: "كۆچی دوایی كاك نه‌وشیروان، خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌ بوو له‌هه‌موو كوردستان به‌گشتی و خه‌ڵكی سلێمانی به‌تایبه‌تی".

وتیشی: "وه‌كو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هاوخه‌می و هاوسۆزی خۆمان بۆ له‌ده‌ستدانی كاك نه‌وشیروان ده‌رده‌بڕین".

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌، د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح له‌لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن وتی: "زۆر به‌داخه‌وه‌، كۆچی دوایی كاك نه‌وشیروان كۆستێكی گه‌وره‌یه‌".

وتیشی: "كاك نه‌وشیروان سه‌ركرده‌و رێبه‌رێكی مه‌زنی ده‌یان ساڵه‌ی كوردستانه‌، جێگه‌ی له‌دڵ و ده‌روونی خه‌ڵكی كوردستاندا دیاره‌و كاریگه‌ری بۆ ساڵانی ئاینده‌ش دیار ده‌بێت، له‌خوای گه‌وره‌ داواكارین به‌به‌هه‌شتی به‌رینی شاد بكات".

په‌یامێكیشی ئاڕاسته‌ی دڵسۆزانی كاك نه‌وشیروان كردو رایگه‌یاند: "پێویسته‌ دڵسۆزان و هاوڕێیانی كاك نه‌وشیروان له‌گۆڕان و یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌و هه‌مووان،  هاوكار بین بۆئه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌ به‌ئاڕاسته‌ی ئازادی و خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان به‌رین".

كاتژمێر (8)ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 19ی ئایارى 2017، نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ گۆڕان له‌ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌شاری سلێمانی به‌نه‌خۆشی كۆچی دواییكرد.


SNN:

هه‌ورامان و كۆسار

 3 ڕۆژ پێشتر - May 19 2017 5:05PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
E-Mail: [email protected]
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.