هەواڵ
SNN زانیاری له‌سه‌ر پاڵاوتگه‌ نوێیه‌كه‌ی كه‌ركوك ئاشكرا ده‌كات
وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق ئاماده‌كاری بۆ دروستكردنی پاڵاوتگه‌یه‌كی نوێ له‌كه‌ركوك ده‌كات، كه‌ رۆژانه‌ (150) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌پاڵێوێت، ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكیش رایده‌گه‌یه‌نێت: تاوه‌كو ته‌نده‌ری پڕۆژه‌كه‌ بۆ كۆمپانیای جێبه‌جێكار ده‌رنه‌چێت، نازانرێت چه‌ند كه‌س له‌كۆمپانیاكه‌ داده‌مه‌زرێت و شێوازی دامه‌زراندنه‌كه‌ چۆن ده‌بێت.


وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ له‌سه‌ر دروستكردنی پاڵاوتگه‌یه‌كی نوێ له‌شاری كه‌ركوك، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی SNN كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی نه‌وته‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، شه‌ش كۆمپانیا كه‌ سه‌رجه‌میان كوردن، داواكارییان بۆ وه‌رگرتنی ته‌نده‌ری دروستكردنی ئه‌و پاڵاوتگه‌یه‌ له‌كه‌ركوك، پێشه‌كه‌شی وه‌زاره‌تی نه‌وت كردووه‌.

دواین رۆژ بۆ پێشكه‌شكردنی داواكاری (30)ی نیسانی 2017 بوو، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش ئه‌و لیژنه‌یه‌ی له‌وه‌زاره‌تی نه‌وت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی كۆمپانیاكان پێكهێنراوه‌، تائێستا بڕیارینه‌داوه‌ ته‌نده‌ره‌كه‌ بۆ كام له‌و كۆمپانیایانه‌ ده‌رچووه‌.

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌لێدوانێكدا بۆ SNN ئه‌وه‌ی پشتڕاستكرده‌وه‌ كه‌ تائێستا ته‌نده‌ری دروستكردنی پاڵاوتگه‌كه‌ بۆ یه‌ك له‌و كۆمپانیایانه‌ی داواكارییان پێشكه‌شكردووه‌ ده‌رنه‌چووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كۆمپانیاكانی (به‌رهه‌م، رانیه‌و گروپی كۆمپانیاكانی قه‌یوان) له‌و كۆمپانیایانه‌ كه‌ داواكارییان پێشكه‌شكردووه‌.

وتیشی: "تاوه‌كو ته‌نده‌ره‌كه‌ بۆ كۆمپانیای جێبه‌جێكار ده‌رنه‌چێت و گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ حكومه‌ت نه‌كات، نازانین چه‌ند كه‌س له‌و پاڵاوتگه‌یه‌ داده‌مه‌زرێت و شێوازی دامه‌زراندنه‌كه‌ چۆن ده‌بێت".

هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی SNN، ئه‌و پاڵاوتگه‌ نوێیه‌ی له‌كه‌ركوك دروستده‌كرێت، توانای پاڵاوتنی (150) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ده‌بێت و سه‌رباری ئه‌وه‌ش به‌نزین و غازی شل و گازوایلیش به‌رهه‌مده‌هێنێت. پڕۆسه‌كه‌ش به‌دوو قۆناغ ده‌بێت، له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا پاڵاوتگه‌كه‌ ته‌نها (75) هه‌زار به‌رمیل ده‌پاڵێوێت، له‌قۆناغی دووه‌مدا ده‌بێت به‌ (150) هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌.

دروستكردنی ئه‌و پاڵاوتگه‌یه‌ له‌سه‌ر داوای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بوو، كه‌ دوای گوشارێكی زۆر، حكومه‌تی به‌غدا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دروستكردنی ده‌ربڕی.


SNN:

شاهۆ خواره‌حم

 مانگ پێشتر - May 19 2017 6:29PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
E-Mail: [email protected]
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.