هەواڵ
ئەمریکا بەفەرمی داوای دواخستنی ڕیفراندۆم دەکات
كۆبوونەوەی نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆتاییهات، ئەندامێكی ژووری دیپلۆماسی گۆڕانیش رایدەگەیەنێت: ئەمریكا داوایكردووە لەڕێگەی پەرلەمانەوە ریفراندۆم دوابخرێت و گرەنتی سەركەوتنی گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغداش دەدات.

ئێوارەی ئەمڕۆ 13ی ئەیلول، برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی دژ بەداعش، سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد لەگردی زەرگەتەی شاری سلێمانی.

دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەكەش، هۆشیار عومەر ئەندامی ژووری دیپلۆماسی بزوتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەكۆبوونەوەكەدا برێت مەكگۆرك وتی، ئەمریكا داوا دەكات ریفراندۆم لەڕێگەی پەرلەمانی كوردستانەوە دوابخرێت، ئەمە بۆچوونی ئەمریكایەو هەرشتێكیش پێچەوانەی ئەمە دەوترێت راست نییە.

وتیشی: "نوێنەرەكەی ئەمریكا ئەوە راگەیاند كە هەفتەی داهاتوو ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنسا ئامادەن لەبارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لەنیویۆرك كۆببنەوە بۆئەوەی پشتیوانی گفتوگۆیەكی جدی لەنێوان هەرێم و بەغدا بكەن، بەمەبەستی داڕشتنەوەی چوارچێوەیەكی نوێ بۆ پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا".

بەوتەی بەرپرسەكەی گۆڕان، "ئەو سێ وڵاتە تیمێك لەبەغدا دروست دەكەن بۆ پشتیوانی سەرخستنی گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغداو نوێنەرەكەی ئەمریكاش گرەنتی سەركەوتنی ئەو گفتوگۆیانەی داوە".

سەبارەت بەبۆچوونی بزوتنەوەی گۆڕانیش لەبارەی دواخستنی ریفراندۆمەوە، هۆشیار عومەر وتی: "بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتاوە داوای دواخستنی ریفراندۆمی كردووە، چونكە پێیوایە وڵاتانی دۆستی كورد، بەتایبەتی ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ پڕۆسەكەدا نین، بۆیە لەئێستاشدا هەمان بۆچوونمان هەیەو دەمانەوێت بۆ كاتێكی گونجاو دوابخرێت".

وتیشی: "پێویستە لایەنە سیاسییەكان پێكەوە كاربكەین ئەو هەڵەیەی كراوە چارەسەر بكرێت".


SNN:

بەشی ھەواڵ

 هەفتە پێشتر - Sep 13 2017 4:34PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.