هەواڵ
حەدیسی بۆ SNN ڕێوشوێنی دەستگیركردنی ئەندامانی كۆمسیۆن ئاشكرادەكات
بڕیاری دەستگیركردن و لێپرسینەوەی یاسایی لەبەرپرسانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لەهەرێم ئاراستەی سەرجەم پارێزگاكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عیراق دەكرێت بۆ جێبەجێكردن، وتەبێژی حكومەتی عیراقیش ڕایدەگەیەنێت، "ئەگەر بیانەوێت بەرپرسانی كۆمسیۆن بێنە شارەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عیراق بەگەشتكردنیش لەڕێگەی فڕۆكەخانەكانەوە، دەستگیردەكرێن".

سەعد حەدیسی وتەبێژی حكومەتی عیراق لەلێدوانێكدا بەSNNی ڕاگەیاند، "دەستگیركردنی ژمارەیەك لەوانەی بەشداربون لەپڕۆسەی ڕێكخستن و سەرپەرشتیكردنی ڕیفراندۆمەكەی هەرێم و ئەو فەرمانبەرە حكومییانەی لەهەرێم بەشداریانكردوە، ئەوە داوایەكی پێشتری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی عیراق بوە".

وتیشی:"ئەو بڕیارە لەسەر ڕۆشنایی فەرمانێكی قەزایی دادگای فیدراڵی بوە كە بەهەموو شێوەیەك پڕۆسەی ڕیفراندۆمی ڕەتكردەوە".

وتەبێژی فەرمیی حكومەت جەختیشیكردەوە، دەبێت ئەو بڕیارەی دادگا جێبەجێبكرێت و ئەوەشی نەیەتە ژێر باری، "ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە، ئەو بڕیارەش لەهەموو شوێنێكی ڕەسمی حكومەتی عیراق بڵاوكراوەتەوە بۆ جێبەجێكردن".

سەبارەت بەوادەی جێبەجێكردنی بڕیاری دەستگیركردنەكەش بۆ بەرپرسانی كۆمسیۆنەكەی هەرێم حەدیسی ئاشكرایكرد، "پرۆسەی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە لەوانەیە بەمنزیكانە بێت، لەوانەشە ماوەیەكی دیكە جێبەجێبكرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە جێبەجێدەكرێت".

ئەوەشی ڕونكردەوە، فەرمانی دەستگیركردنەكە ئاراستەی هەموو شوێنەكان كراوە، "بەدڵنیاییەوە بڕیارەكە جێبەجێدەكرێت، ئەگەر بیانەوێت بێنە شارەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عیراق، بەگەشتكردنیش بێت لەڕێگەی فڕۆكەخانەكانەوە ڕاستەوخۆ دەستگیردەكرێن".


SNN:

ئەركان جەبار

 5 ڕۆژ پێشتر - Oct 12 2017 3:38PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
E-Mail: Info@snnc.co
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.