هەواڵ
فەرماندەیی گشتی ھێزکانی پێشمەرگە ڕاگەیاندراوێک بڵاودەکاتەوە
فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەسەر جموجۆڵی هێزەكانی حەشدی شەعبی و هەندێك لە هێزەكانی سوپای عیراقی لەدەوروبەری كەركووك، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان و ڕایگشتیی جیهانی ئاگادار دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت"ئەو دۆخە نالەبارە دەبێتە هۆی كارەساتی گەورەو ئێمە دژی شەڕ و خوێنڕشتنین" و هاوکات هۆداریش بە هێزەکانی پێشمەرگە دەدات.

لە راگەیەندراوەدا کە وێنەیەکی دەست SNN کەوتووە، تێیدا هاتووە، لە ڕوانگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتییەوە داوا لە حكوومەتی بەغدا دەكەین لە جیاتی جووڵاندنی هێز و خۆسەپاندنی بەزۆر، بێت گفتوگۆ بكات و لەو ڕێگەیەوە گرفتەكان چارەسەر بكرێت، چونکە هەڕەشە و پەلاماردان و شەڕفرۆشتن قبوڵ ناكرێت و چارەسەری هیچ گرفتێك ناكات و هێزی پێشمەرگە زۆر بە توندی بەرگری لە گەلی كوردستان دەكات و ڕێگە نادات بە زمانی چەك و خۆسەپاندنی بەزۆر، مامەڵە لەگەڵ كوردستاندا بكرێت.

دەقی راگەیەندراوەکە:

شەوی رابردوو هێزەكانی حەشدی شەعبی و هەندێك لە هێزەكانی سوپای عێراقی دەستیان بە جمووجۆڵ و خۆئامادەكردن بۆ پەلاماردانی ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی پێشمەرگە بە تایبەت لە دەوروبەری كەركووك كردووە. ئەو جمووجۆڵە لەدوای هاندان و دەستلەپشتدانی بیانی و هەروەها لێدوانی هەڕەشەئامێزی چەند ڕۆژی ڕابردووی ژمارەیەك بەرپرسی سەربازی و سیاسی عێراقی دێت لەدژی گەلی كوردستان و ئاماژەی مەترسیداری هەڵگیرساندنی شەڕ و پەلاماردانی كوردستانی تێدایە.

كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان و ڕای گشتیی جیهانی لەوە ئاگادار دەكەینەوە كە ئەو دۆخە نالەبارە دەبێتە هۆی كارەساتی گەورە. ئێمە دژی شەڕ و خوێنڕشتنین، و لە ڕوانگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتییەوە داوا لە حكوومەتی بەغدا دەكەین لە جیاتی جووڵاندنی هێز و خۆسەپاندنی بەزۆر، بێت گفتوگۆ بكات و لەو ڕێگەیەوە گرفتەكان چارەسەر بكرێت. بەڵام هەڕەشە و پەلاماردان و شەڕفرۆشتن قبوڵ ناكرێت و چارەسەری هیچ گرفتێك ناكات و هێزی پێشمەرگە زۆر بە توندی بەرگری لە گەلی كوردستان دەكات و ڕێگە نادات بە زمانی چەك و خۆسەپاندنی بەزۆر، مامەڵە لەگەڵ كوردستاندا بكرێت.

پێویستە هەموو هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش لە ئامادەباشیی تەواودا بن بۆ بەرگریكردن لە گەل و خاكی كوردستان و بەرپەرچی هەموو جۆرە هەڕەشە و پەلامارێك بدەنەوە.

فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان

 

13ـی 10ـی 2017


SNN:

بەشی هەواڵ

 هەفتە پێشتر - Oct 13 2017 11:32AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.