هەواڵ
كورد ئه‌نفال كرایه‌وه‌.. ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كرێته‌ سه‌ر كچ و ژنى كورد

ئاواره‌كانی‌ خورماتوو به‌ده‌نگی‌ گریانه‌وه‌ په‌یامێك بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نن، حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ده‌ستيكردوه‌ به‌ڕفاندن و ده‌ستدرێژیكردنه‌سه‌ر كچان و ژنانی‌ كورد، به‌رپرسێكی‌ یه‌كێتییش په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌ داوای‌ به‌هاناوه‌ هاتن ده‌كات و هۆشداریده‌دات له‌كاره‌ساتێكی‌ گه‌وره‌ی‌ مرۆیی، به‌گوێره‌ی‌ زانیاریه‌كانی‌ SNNیش، نزیكه‌ی‌ دوو هه‌زار خێزان ئاواره‌ی‌ سنوری‌ كفریی بون.
دوای‌ په‌لاماردانی‌ خورماتوو له‌لایه‌ن حه‌شدی‌ شه‌عبیه‌وه‌، كوردانی‌ قه‌زاكه‌ ئاواره‌بون و ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی دیكه‌ش له‌ناوشاره‌كه‌ گیریان خواردو نه‌یانتوانی‌ ده‌ربازیان بێت.


"كچانی‌ كورد له‌خورماتوو له‌لایه‌ن توركمانه‌وه‌ ده‌ستدرێژیان كرایه‌سه‌ر"
هاوڵاتیه‌كی‌ قه‌زای‌ خورماتوو كه‌ ئێستا ئاواره‌یه‌و له‌سنوری‌ ناحیه‌ی‌ نه‌وزه‌لی‌ قه‌زای‌ كفریه‌ به‌گریان و هاواره‌وه‌ بۆ SNN قسه‌یكردو داوایكرد، خێرخوازان و ڕێكخراوه‌كان و لایه‌نه‌كان به‌هانایانه‌وه‌ بچن.
به‌وته‌ی‌ ئه‌و هاوڵاتیه‌، له‌ناو سه‌نته‌ری‌ قه‌زای‌ خورماتوو ژماره‌یه‌ك كچ و ژن گیریانخواردو نه‌یانتوانیبوو ده‌ربازیان بێت، "بۆیه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ توركمانی‌ (حه‌شدی‌ شه‌عبی‌)یه‌وه‌ ده‌ستدرێژی‌ سێكسیان كراوه‌ته‌سه‌ر".
"ژماره‌یه‌ك كچی‌ كورد كۆتاییان به‌ژیانی‌ خۆیان هێنا"
به‌وته‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ ئاواره‌ی‌ قه‌زای‌ خورماتوو، ژماره‌یه‌ك له‌و كچانه‌ی‌ له‌لایه‌ن توركمانه‌ شیعه‌كانه‌وه‌ ده‌ستدرێژیان كراوه‌ته‌سه‌ر، خۆیان كوشتوه‌و كۆتاییان به‌ژیانی‌ خۆیان هێناوه‌، به‌وته‌ی‌ یه‌كێك له‌ئاواره‌كان، "كچه‌كان خۆیان كردوه‌ به‌ژێر ئۆتۆمبێله‌وه‌و له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ كۆتایی به‌ژیانیان هێناوه‌".
ژنه‌ دوو گیانه‌كان له‌ده‌شتاییه‌كان منداڵیان ده‌بێت
ئاواره‌كانی‌ خورماتوو زیاتر باسی‌ بێ‌ ژیانی‌ خۆیان ده‌كه‌ن له‌سنوری‌ كفری‌ و ئه‌وه‌شده‌خه‌نه‌ڕوو، "ژماره‌یه‌ك ژنی‌ دوو گیان له‌ئێستادا له‌ده‌شتاییه‌كانی‌ كفری‌ منداڵیان ده‌بێت، هاوكات هیچ پێداویستیه‌كیش نییه‌ كه‌ ئاواره‌كان بتوانن پێی‌ بژین".
یه‌كێتیی په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌
حه‌سه‌ن بارام جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی خورماتوی یه‌كێتیی نیشتیمانی‌ كوردستان له‌ڕێگه‌ی‌ SNNوه‌ په‌یامێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، "به‌هه‌زاران ژن و كچ و خێزانی كورد ده‌ربه‌ده‌ربون، تائێستا هیچ ڕێكخراوێك نه‌هاتون به‌ده‌نگ ئه‌و خه‌ڵكه‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئاوی خواردنیشیان له‌لانییه‌".
به‌رپرسه‌كه‌ی‌ یه‌كێتیی ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، ڕوخان و تاڵانكردنی ماڵی هاوڵاتیان به‌رده‌وامه‌و چه‌ندین هاوڵاتیش شه‌هیدبون و ته‌رمه‌كانیان له‌ناو كوچه‌و كۆڵانه‌كان ماون، "چاره‌نوسی به‌شێكیشیان هه‌ر دیارنییه‌، ئێمه‌ی‌ خورماتویه‌كان كاره‌ساتمان به‌سه‌رهات و ناومان ناوه‌ ئه‌نفال".
یه‌كێتیی: شه‌ڕی‌ چوار ده‌وڵه‌تمان پێناكرێت
سه‌باره‌ت به‌په‌لاماره‌كان بۆ سه‌ر خه‌ڵكی‌ كورد له‌خورماتوو، حه‌سه‌ن بارام ئاشكرایكرد، "شه‌ڕێكی‌ قورسه‌، به‌ڕاستی چوار ده‌وڵه‌ت په‌لاماریان داوین و ئێمه‌ش شه‌ڕی‌ ئه‌و چوار ده‌وڵه‌ته‌مان پێناكرێت".
"نه‌ په‌رله‌مان و نه‌ حكومه‌تیش هاوكاریان نه‌كردوین"
جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی خورماتوی یه‌كێتیی به‌نیگه‌رانیه‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، "ئه‌مه‌ قه‌ده‌ری ئێمه‌یه‌، نه‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و نه‌ حكومه‌تی هه‌رێمیش هیچ ئاوڕێكیان لێنه‌داوینه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا كاره‌ساتی گه‌وره‌ لای ئێمه‌ ڕویداوه‌، داوای به‌هاناوه‌هاتن ده‌كه‌ین و ته‌رمه‌كانیشمان له‌خورماتوو سێ ڕۆژه‌ نه‌مانتوانیوه‌ به‌خاك بسپێرین".


SNN:

هێرش ـ ڕه‌نج

 مانگ پێشتر - Oct 18 2017 10:47AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.