هەواڵ
عیراق واده‌ی‌ ناردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم ئاشكراده‌كات
په‌رله‌مانتارێكی ده‌وڵه‌تی یاسا نوێترین زانیاری سه‌باره‌ت به‌نیه‌تی‌ حكومه‌تی عیراق بۆ ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بڵاوده‌كاته‌وه‌و واده‌ی ناردنی موچه‌ بۆ هه‌رێمیش ئاشكراده‌كات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "به‌گوێره‌ی‌ پشكی له‌(17%)، ده‌بوایه‌ هه‌رێم نزیكه‌ی 600 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری هه‌بوایه‌".

جاسم به‌یاتی په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌و پشكه‌ ده‌درێت كه‌ له‌بودجه‌ی 2018 بۆ هه‌رێم دیاریده‌كرێت، ئێستاش به‌شێوه‌یه‌كی ناڕه‌سمی بریتییه‌ له‌(12,67%) كه‌ پێموانییه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێم بێت".

سه‌باره‌ت به‌نوێترین داتای تایبه‌ت به‌ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمیش كه‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو حكومه‌تی هه‌رێم بڵاویكرده‌وه‌، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی یاسا وتی:"به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و داتایه‌ بێت، هه‌رێم مانگانه‌ پێویستی به‌890 ملیار دینار هه‌یه‌، ساڵانه‌ش ده‌كاته‌ نزیكه‌ی 10 تریلیۆن دینار".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ به‌یانی‌ جه‌ختیكرده‌وه‌،"ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ له‌وانه‌یه‌ كۆی پشكی هه‌رێم له‌بودجه‌ی 2018 بۆ ساڵێك هه‌ر 10 تریلیۆن دیناربێت، كه‌واته‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم هه‌رچی پاره‌ی هه‌یه‌ بیدات به‌موچه‌!".

به‌وته‌ی جاسم به‌یاتی، به‌گوێره‌ی‌ پشكی له‌(17%)ی هه‌رێم له‌بودجه‌ی گشتی عیراق كه‌ ساڵانێكی زۆر په‌یڕه‌وكرا، ده‌بوایه‌ هه‌رێم كه‌مێك زیاتر له‌600 هه‌زار موچه‌خۆری هه‌بوایه‌، نه‌ك ملیۆنێك و 290 هه‌زار، له‌به‌رئه‌وه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌یه‌، "چونكه‌ به‌گوێره‌ی‌ پێوه‌ره‌كانی عیراق، ژماره‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم زۆر زیاتره‌ له‌وه‌ی ده‌بوو هه‌یبێت".

له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ش ئاخۆ ئێستا حكومه‌تی عیراق كۆنترۆڵی نزیكه‌ی (75%)ی سه‌رچاوه‌كانی داهاتی هه‌رێمی كردوه‌ ئایا به‌منزیكانه‌ موچه‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت، به‌یاتی ئاشكرایكرد، "به‌گوێره‌ی‌زانیاریه‌كانم كه‌ له‌وه‌زاره‌تی دارایی عیراقه‌وه‌ ده‌ستمكه‌وتوه‌، ئه‌سته‌مه‌ به‌غدا بتوانێت به‌منزیكانه‌و له‌مساڵدا موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بنێرێت".

ئه‌وه‌شی‌ وت:"وردبینیكردنی لیستی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و دانانی میكانزمی پێدانی موچه‌و چۆنێتی دروستكردنی كی كارت بۆ فه‌رمانبه‌ران، لانیكه‌م شه‌ش مانگی ده‌وێت، بۆیه‌ پێشبینیده‌كرێت له‌مانگی نیسان و ئایاردا، به‌غدا موچه‌ بنێرێت".

ڕاشیگه‌یاند، "به‌گوێره‌ی‌ بودجه‌ی گشتیی عیراق و پشكی دیاریكراوی هه‌رێم، مانگانه‌ عیراق بڕی 600 بۆ 650 ملیار دینار بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت".

له‌سه‌ر ناردنی پێشینه‌ش وه‌ك موچه‌ بۆ هه‌رێم ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، "به‌غدا متمانه‌ی به‌حكومه‌تی هه‌رێم نییه‌ بۆ ناردنی پێشینه‌ وه‌ك موچه‌".


SNN:

ئه‌ركان جه‌بار

 هەفتە پێشتر - Nov 11 2017 8:25AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.