هەواڵ
له‌سه‌ر گرته‌یه‌كی‌ ڤیدیۆیی پۆلیسی‌ هه‌ولێر زانیاری‌ ئاشكراده‌كات
پۆلیسی‌ هه‌ولێر ئاشكرایده‌كات، له‌دوای‌ ڕوداوه‌كانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ڕوداوه‌كان له‌شاری‌ هه‌ولێر ڕویان له‌زیادبونكردوه‌و چه‌ند ئیجرائاتێكیان كردوه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ڕوداوه‌ نه‌خوازراوه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ هه‌ولێریش سه‌باره‌ت به‌گرته‌یه‌كی‌ ڤیدیۆیی زانیاری‌ ئاشكراده‌كات و ده‌شڵێت:"ژماره‌یه‌ك پۆلیس بریندارن له‌نه‌خۆشخانه‌ن".

لیوا عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلسی‌ هه‌ولێر له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری‌ SNN ئاماده‌یبوو ڕایگه‌یاند، "چه‌ند ئیجرائاتێكمان ده‌ستپێكردوه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ڕوداوه‌كان به‌تایبه‌ت له‌كافتریاو شوێنه‌ گشتیه‌كان، به‌ڵام ڕوداوه‌كان له‌دوای‌ 16 ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ زیادیكردوه‌و هه‌وڵی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ده‌ده‌ین".

وتیشی‌:"ڕۆژی‌ چواری‌ تشرینی‌ دوه‌می‌ 2017 دوای‌ دروستبونی‌ كێشه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند گه‌نجێكه‌وه‌، كه‌سێك به‌ناوی‌ (ئه‌نجام جه‌مال) كوژراو چواركه‌سیش له‌سه‌ر ڕوداوه‌كه‌ ده‌ستگیركراون و دوو له‌تاوانباره‌كانیش بنه‌ماڵه‌كانی‌ خۆیان ڕاده‌ستی‌ هێزه‌ ئه‌منه‌كانیان كردون".

ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، تاوانی‌ دوه‌م چوار تاوانبار هه‌ستاون به‌كوشتنی‌ هاوڵاتیه‌ك به‌ناوی‌ (ئه‌یوب یوسف)و سه‌رجه‌میشیان ده‌ستگیركراون، هه‌روه‌ها تاوانی‌ سێیه‌میش تاوانی‌ دزیكردنه‌و دوو تاوانباریش هه‌ستاون به‌دزینی‌ پاره‌و دۆلارو ئه‌وانیش ده‌ستگیركراون.

ئاشكراشیكرد، به‌گشتیی 13 تاوان له‌شاری‌ هه‌ولێر له‌ڕۆژی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ تائێستا ئه‌نجامدراون و سه‌رجه‌م تاوانباره‌كانیش له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیركراون، كه‌ یه‌كێك له‌تاوانه‌كان هاوڵاتیه‌ك له‌عه‌ینكاوای‌ هه‌ولێر ده‌ستدرێژی‌ كردۆته‌سه‌ر ژنێك.

له‌وه‌ڵامی‌ پرسیارێكی‌ SNNدا سه‌باره‌ت به‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ی‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا بڵاوبۆته‌وه‌و چه‌ند گه‌نجێك تێیدا بریندارده‌بن و كه‌سێكیش ده‌كوژرێت، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ هه‌ولێر ڕونكردنه‌وه‌ی‌ ڕاگه‌یاند.

وتیشی‌:"لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامه‌و كه‌سێك ده‌ستگیركراوه‌و لێكۆڵینه‌وه‌و گه‌ڕانیش به‌دوای‌ تاوانبارانی‌ دیكه‌دا به‌رده‌وامه‌، له‌و گرته‌یه‌دا سێ‌ كه‌س برینداربوه‌و كه‌سێكیش كوژراوه‌".

به‌وته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر له‌یه‌كێك له‌شه‌وه‌كانی‌ ئه‌م مانگه‌دا، له‌كاتی‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ پۆلیس له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك تاوانباردا، ژماره‌یه‌ك پۆلیس برینداربون و ئێستاش له‌نه‌خۆشخانه‌ن.


SNN:

ئارام سه‌رحه‌د

 4 ڕۆژ پێشتر - Nov 15 2017 11:08AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.