هەواڵ
هه‌نگاوه‌كانی‌ چاكردنه‌وه‌ی‌ به‌نداوی‌ ده‌ربه‌ندیخان ده‌ستپێده‌كات
بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش ئه‌نجامده‌ده‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌نداوی‌ ده‌ربه‌ندیخانیش ناوه‌ڕۆكی‌ ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ ئاشكراده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "تایبه‌ته‌ به‌ده‌ستپێكردنی‌ قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ چاكردنه‌وه‌ی‌ به‌نداوه‌كه‌".

سه‌رباری‌ ڕاگه‌یاندنی‌ مه‌ترسیه‌كانی‌ ڕوخانی‌ به‌نداوی‌ ده‌ربه‌ندیخان و ئه‌و زیانانه‌ی‌ لێیكه‌وتوه‌ به‌هۆی‌ بومه‌له‌رزه‌وه‌، تائێستا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك ته‌رخان نه‌كراوه‌ بۆ چاكردنه‌وه‌ی‌.

ڕه‌حمان خانی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌نداوی‌ ده‌ربه‌ندیخان به‌SNNی‌ ڕاگه‌یاند، "ڕاپۆرتی‌ سه‌ره‌تایی‌ ئه‌و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌ی‌ له‌نێوان تیمه‌كانی‌ هه‌ولێرو به‌غداد كاریانده‌كرد بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌كان كۆتاییهاتوه‌و به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاوی‌ عیراق و هه‌رێم".

وتیشی‌:"ڕاپۆرته‌كه‌ ئێستا بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ئیشی‌ له‌سه‌رده‌كات، له‌چه‌ند ڕۆژی‌ داهاتوشدا ته‌واوده‌بێت، بڕیاریشه‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش له‌نێوان بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ زه‌ره‌رو زیانه‌كان دیاریی بكرێت و قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ كاره‌كانی‌ چاكردنه‌وه‌ی‌ به‌نداوه‌كه‌ ده‌ستپێبكات".

سه‌باره‌ت به‌قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ كاری‌ به‌نداوه‌كه‌ش وتی‌:"قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌وه‌یه‌ بودجه‌كه‌ ته‌رخانده‌كرێت، كۆمپانیای‌ ڕاوێژكاری‌ ده‌هێنرێت كۆمه‌ڵێك پرسیار هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌نداوه‌كه‌ ئه‌وانه‌ وه‌ڵامبدرێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها لایه‌نی‌ سه‌لامه‌تی‌ به‌نداوه‌كه‌ش هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ بۆ ده‌كرێت له‌دوای‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌، دواتریش هه‌نگاوی‌ كرداری‌ بۆ چاكردنه‌وه‌ی‌ به‌نداوه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات".

له‌دوای‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ی‌ 12ی‌ مانگی‌ ڕابردوو، زیانێكی‌ زۆر به‌به‌نداوی‌ ده‌ربه‌ندیخان گه‌یشت، دواتر حكومه‌تی‌ هه‌رێم یه‌ك ملیار دینارو حكومه‌تی‌ عێراقیش سێ‌ ملیار دیناری ته‌رخانكرد، به‌ڵام وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌نداوه‌كه‌ وتی‌:"تائێستا ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ده‌ستمان له‌به‌نداوی‌ ده‌ربه‌ندیخان".

سه‌باره‌ت به‌كاریگه‌ری‌ به‌رده‌وامی‌ بومه‌له‌رزه‌ش ڕه‌حمان خانی‌ وتی‌:"به‌دڵنیاییه‌وه‌ كاریگه‌ری‌ خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر ته‌نگی‌ به‌نداوه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ به‌دیاریكراویی‌ نا، هه‌موو ئه‌و بینایانه‌ی‌ له‌نزیك به‌نداوه‌كه‌ن درزیان تێبوه‌و مه‌ترسیان له‌سه‌ره‌، هه‌ندێك كاتیش ده‌وامكردن زه‌حمه‌تده‌بێت له‌سه‌ر به‌نداوه‌كه‌ش".


SNN:

هه‌رێم عه‌بدولڕه‌حمان

 هەفتە پێشتر - Dec 7 2017 11:16AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.