هەواڵ
ئه‌م هێزه‌ ئه‌منیانه‌ بڕیاریاندا موچه‌ وه‌رنه‌گرن
دوای‌ بڕیاری‌ لێبرین له‌موچه‌كانیان، ژماره‌یه‌ك له‌هێزه‌ ئه‌منیه‌كان كاردانه‌وه‌یان نیشانداو بڕیاریانداوه‌ موچه‌ وه‌رنه‌گرن، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ئاشكرایده‌كات، به‌رگری‌ فریاكه‌وتن و پۆلیسی‌ نه‌وت و گازو ئاسایش بڕیاریانداوه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك لێبڕین له‌موچه‌كانیان قبوڵنه‌كه‌ن، هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌وه‌زاره‌تی‌ دارایی ئاشكرایكرد، جگه‌ له‌زێره‌ڤانی‌ تائێستا ئه‌و هێزانه‌ی‌ دیكه‌ نه‌چون بۆ وه‌رگرتنی‌ موچه‌كانیان.

به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ ڕۆژی 15ی ئه‌م مانگه‌ بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ی كانونی یه‌كه‌می 2017، موچه‌ی مانگی ئه‌یلول (مانگی‌ 9)ی فه‌رمانده‌ی  پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی و فه‌رمانده‌ی پۆلیسی به‌رگری فریاكه‌وتن، ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و ده‌زگای گشتیی ئاسایش دابه‌شده‌كرێت.

لیوا عومه‌ر ساڵح فه‌رمانده‌ی‌ لیوای‌ یه‌كی‌ پاراستنی‌ سلێمانی‌ به‌SNNی‌ ڕاگه‌یاند، "تائێستا موچه‌ نه‌هاتوه‌و به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌مڕۆش موچه‌كانمان وه‌رنه‌گرتوه‌".

به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ش كه‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ و ئابوری‌ هه‌رێمه‌وه‌ به‌SNN دراوه‌، پاره‌ی‌ پێویست بۆ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ ئه‌و هێزه‌ ئه‌منیانه‌ی‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌، له‌به‌رده‌ستدایه‌، به‌ڵام ئه‌و شوێنانه‌ خۆیان سه‌ردانی‌ گه‌نجینه‌كانیان نه‌كردوه‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ چه‌كی‌ پاره‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ی‌ بچنه‌ بانك و موچه‌كانیان وه‌ربگرن. 

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌لیوای‌ دوی‌ نه‌وت و گازی‌ سلێمانی‌ به‌SNNی‌ ڕاگه‌یاند، "تائێستا ڕێژه‌ی‌ لێبڕینی‌ موچه‌كانیان دیارینه‌كراوه‌و لیستی‌ لێبڕینه‌كه‌ ده‌رنه‌كراوه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ نه‌چوین بۆ موچه‌كانمان، تا ئه‌و لیسته‌ش ده‌رنه‌كرێت و نه‌زانین چه‌ند له‌موچه‌كان بڕاوه‌، ناچین بۆ موچه‌كانمان".

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌و سه‌باره‌ت به‌وه‌رگرتنی‌ موچه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ زێره‌ڤانی لیوا ئه‌حمه‌د كۆیی‌ وته‌بێژی‌ زێره‌ڤانی‌ به‌SNNی‌ ڕاگه‌یاند، "ئێمه‌ ئه‌مڕۆ موچه‌ وه‌رده‌گرین، له‌ئێستاشدا نوێنه‌رمان چوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ موچه‌ بهێنێت".

سه‌باره‌ت به‌یه‌كلایكردنه‌وه‌ی‌ ڕێژه‌ی‌ لێبڕین له‌موچه‌ی‌ ئه‌و هێزان، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ بۆ SNNی‌ ڕونكرده‌وه‌، سه‌رجه‌م ئه‌و هێزانه‌ ڕێژه‌ی‌ لێبڕینه‌كه‌یان له‌وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ بڕیاری‌ له‌باره‌وه‌ ده‌درێت، به‌ڵام تائێستا یه‌كلانه‌بۆته‌وه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، تائێستا لیستی‌ موچه‌یان ئاماده‌نه‌كردوه‌و وه‌ك پێشمه‌رگه‌ش بۆچونیان وایه‌ ئه‌گه‌ر ڕێژه‌ی‌ لێبڕینه‌كه‌ په‌سه‌ندبكرێت، موچه‌ وه‌رنه‌گرن وه‌كو كاردانه‌وه‌ له‌دژی‌ ئه‌و بڕیاره‌.

له‌و زانیاریانه‌ی‌ ده‌ستكه‌وتون، هه‌ریه‌ك له‌هێزه‌كانی‌ به‌رگری‌ فریاكه‌وتن و پۆلیسی‌ نه‌وت و گازو ئاسایشیش بڕیاریانداوه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك لێبڕین له‌موچه‌كانیان قبوڵنه‌كه‌ن و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ تائێستا نه‌چون بۆ وه‌رگرتنی‌ موچه‌كانیان.


SNN:

شادان حه‌سه‌ن

 3 هەفتە پێشتر - Dec 21 2017 11:50AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.