هەواڵ
هه‌وڵێك بۆ له‌سه‌ر كارلابردنی‌ داواكاریی گشتی سلێمانی‌ ئاشكراده‌كرێت
ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتارانی‌ كوردستان پشتیوانی‌ خۆیان بۆ داواكاری گشتیی سلێمانی‌ ڕاده‌گه‌یه‌نن و جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌، ڕێگریی جدی هه‌یه‌ بۆ ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی ده‌یانه‌وێت ڕوبه‌ڕوی گه‌نده‌ڵی و پێشێلكاریی ببنه‌وه‌، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ مافەکانی مرۆڤی‌ش په‌رله‌مانیش، هه‌وڵێك ئاشكراده‌كات بۆ له‌سه‌ر كارلابردنی سه‌رۆكی داواكاری گشتیی سلێمانی.

ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی سه‌رۆكی داواكاری گشتی سلێمانییان كرد، به‌مه‌به‌ستی پشتیوانیكردن له‌وكارانه‌ی داواكاری گشتیی ئه‌نجامیداون.

د.شێركۆ حه‌مه‌ئه‌مین ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری‌ SNN ئاماده‌یبوو وتی‌:"ڕۆڵی داواكاری گشتیی ڕۆڵێكی دیاره‌، به‌گوێره‌ی‌ یاساكان به‌رگریكردنه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی و هاتنه‌ده‌نگه‌ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌له‌فانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به‌گه‌نده‌ڵی و پێشێلكاریی".

سه‌باره‌ت به‌سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ لای داواكاری گشتیش ڕایگه‌یاند، "بۆ هه‌ماهه‌نگیكردنی یه‌كتره‌ به‌تایبه‌ت له‌پرسی‌ پشتیوانیكردن له‌وكارانه‌ی داواكاری گشتیی سلێمانی له‌ماوه‌ی ڕابردودا كردویانه‌، وه‌ك كه‌یسه‌كانی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و پرسی‌ داخستنی په‌رله‌مان و گێڕانه‌وه‌ی موڵكی گشتیی و ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌خۆپیشانده‌ران كراوه‌ له‌سنوری پارێزگای سلێمانیدا".

به‌وته‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، ڕێگریی جدی هه‌یه‌ بۆ ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی ده‌یانه‌وێت ڕوبه‌ڕوی گه‌نده‌ڵی و پێشێلكاریی ببنه‌وه‌.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ سۆران عومه‌ر سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ له‌په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و پرسه‌ ڕایگه‌یاند، "ئه‌وه‌ی ئێمه‌ زانیومانه‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ لابردنی سه‌رۆكی داواكاری گشتیی سلێمانی".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ هه‌ڵوێستی‌ په‌رله‌مانی‌ ڕونكرده‌وه‌و وتی‌:"هه‌ر هه‌وڵێكی‌ له‌مجۆره‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌یه‌ كه‌ داواكاری گشتیی له‌سه‌ر موڵكی گشتی و پێشێلكاریی و به‌رنگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ئه‌نجامیداوه‌، ئه‌گه‌رنا هیچ به‌هانه‌یه‌ك نییه‌ بۆ لادانی سه‌رۆكی داواكاری گشتیی".


SNN:

سۆران سه‌عید

 2 ڕۆژ پێشتر - Jan 14 2018 1:15PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.