هەواڵ
هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خانوبه‌ره‌ ئاشكراده‌كرێت
سه‌ره‌ڕایی به‌رده‌وامی قه‌یرانه‌كان و دواكه‌وتنی دابه‌شكردنی‌ موچه‌، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ بازاڕی خانوبه‌ره‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان جوڵه‌ی تێكه‌وتووه‌و نرخی زه‌وی به‌رزبۆته‌وه‌، خاوه‌نی‌ نوسینگه‌یه‌كی‌ كڕینی فرۆشتنی زه‌وی‌ و خانوو و مامۆستایه‌كی‌ زانكۆش هۆكاره‌كانی‌ به‌رزبونه‌وه‌ و قازانج و زیانه‌كانی‌ ئاشكراده‌كه‌ن و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ زیانه‌كانی‌ له‌سه‌ر هاوڵاتیان داوای‌ دابه‌شكردنی‌ زه‌ویش له‌حكومه‌ت ده‌كرێت.

بازاڕی خانوبه‌ره‌ جوڵه‌ی تێده‌كه‌وێت

كاروان ره‌فیق كه‌ نزیكه‌ی 23ساڵه‌ له‌ شاری سلێمانی نوسینگه‌ی كڕینی فرۆشتنی زه‌وی‌ و خانوبه‌ره‌ی هه‌یه‌، به‌SNNی راگه‌یاند:له‌ماوه‌ چوار ساڵی رابردوو بازاڕی خانووبه‌ره‌ به‌ته‌واوی وه‌ستابوو، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2018ه‌وه‌ جوڵه‌یه‌ك كه‌وتۆته‌ بازاڕه‌وه‌و خه‌ڵكی زیاتر سه‌ردانمان ده‌كه‌ن.

وتیشی: نرخی خانوو و زه‌وی له‌ئێستادا به‌رزبۆته‌وه‌، به‌رزبوونه‌وه‌كه‌ش زیاتر له‌ده‌ره‌وه‌ی شاردایه‌و هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌سه‌ره‌تا نرخ دابه‌زی له‌ناو شاردا دابه‌زینه‌كه‌ رێژه‌كه‌ی زۆرنه‌بوو، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی شاردا رێژه‌ی دابه‌زینه‌كه‌ی زۆر بوو، به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخیش زیاتر له‌زه‌ویدایه‌.

رێژه‌ی‌ به‌رزبونه‌وه‌كان له‌زه‌وییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شار زیاتره‌

كاروان ره‌فیق، ئاشكراشیكرد ئه‌و رێژه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی له‌ئێستادا هه‌یه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ئاستی نیوه‌ی نرخه‌كه‌ی پێٍشووی،"له‌ده‌روه‌ی شار به‌رێژه‌ی له‌ 40% و له‌ناو شاریش به‌رێژه‌ی‌ له‌ ٢٠% نرخی‌ زه‌وی‌ به‌رزبۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ به‌گشتی‌ به‌مشێوه‌یه‌بێت نرخه‌كان زیاتر به‌رزده‌بنه‌وه‌".

هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خانو و زه‌وی

خاوه‌نی ئه‌و نوسینگه‌یه‌ پێیوایه‌ هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی‌ زه‌وی‌ و خانوو، بۆ ده‌نگۆی‌ هاتنی‌ موچه‌ی‌ ته‌واوه‌ له‌به‌غداوه‌ بۆ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم، وتیشی‌: له‌هه‌مانكاتدا هه‌ندێك له‌سه‌رمایه‌داره‌كان كاتێك ده‌زانن جوڵه‌ له‌بازاڕه‌كه‌دا هه‌یه‌، ده‌یانه‌وێت له‌رێگای كڕینی چه‌ند پارچه‌ زه‌وییه‌وه‌كه‌وه‌ سه‌رمایه‌كه‌یان بخه‌نه‌گه‌ڕوو تاوه‌كو له‌داهاتوودا زیاتر قازانج بكه‌ن.

سه‌رمایه‌داره‌كان به‌هۆی‌ قازانجی‌ زیاتر زه‌وی‌ ده‌كڕن

لای خۆشیه‌وه‌، دكتۆر خالید حه‌یده‌ر مامۆستای‌ زانكۆی سلێمانی و پسپۆڕی‌ بواری‌ ئابووری‌، رایده‌گه‌یه‌نێت:هه‌واڵی ناردنی موچه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌جوڵاندنی بازاڕو به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خانوووبه‌ره‌دا.

وتیشی: ئێستا هه‌ندێك له‌سه‌رمایه‌داره‌كان ده‌زانن جوڵه‌یه‌ك له‌بازاڕدا هه‌یه‌ بۆیه‌ پێش ئه‌وه‌ی موچه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بدرێت چه‌ند پارچه‌ زه‌وییه‌ك ده‌كڕن و دواتر به‌نرخی زیاتر ده‌یفرۆشنه‌وه‌، واته‌ وه‌كو ده‌رفه‌تێك دۆخه‌كه‌ بۆ قازانجی خۆیان ده‌قۆزنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی جوڵاندنی بازاڕی خانوبه‌ره‌.

كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر هاوڵاتیان ده‌بێت

دكتۆر خالید حه‌یده‌ر جه‌ختله‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیاندا نییه‌، مه‌ترسیه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ هاوڵاتیه‌ك كاتێك ده‌یه‌وێت پارچه‌یه‌ك زه‌وی بكڕێت، به‌ڵام له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا نرخه‌كه‌ی به‌رز ده‌بێته‌وه‌و ره‌نگه‌ نه‌توانێت بیكڕێت و ببێته‌ خاوه‌نی شوێنی نیشته‌جێبوون.

حكومه‌ت زه‌وی‌ دابه‌ش بكات

ئه‌و مامۆستایه‌ی‌ زانكۆ پێشنیازێك ئاڕاسته‌ی حكومه‌ت ده‌كات و ده‌ڵێت"هه‌ركاتێك نرخه‌كه‌ به‌رزبووه‌وه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت زه‌وی به‌سه‌ر هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌راندا دابه‌ش بكات، چونكه‌ به‌زیادكردنی خستنه‌ڕووی بازاڕی نیشته‌جێبون له‌گه‌ڵ زیادبوونی خواسته‌كه‌شدا هاوسه‌نگیه‌ك دروست ده‌بێت و رێگه‌ له‌به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ ده‌گرێت و كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر هاوڵاتیان كه‌مده‌كاته‌وه‌".


SNN:

هه‌ورامان و خێڵان

  8 مانگ پێشتر - Feb 9 2018 9:29AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.