هەواڵ
دەبێت ھەموو ماڵێک ئەم پارەیە بداتە حکومەت ... بەم شێوازە دەدرێت
ڕیفۆرمەکەی وەزارەتی کارەبای ھەرێم دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوەو ھاوڵاتیان لەماڵەکانی خۆیانەوە دەتوانن یەکەی کارەبا بەپێی پێداویستییەکانیان بکڕن، وتەبێژی وەزارەتی کارەباش لەوبارەیەوە زانیاری ورد دەخاتەڕوو، ڕاشیدەگەیەنێت: ھاوسەنگی لەپێدانی کارەبا بەھاوبەشەکان دروستدەکرێت.

محەمەد ئەمین ھەورامی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێم، بە SNNی ڕاگەیاند: بەشێکی زۆری بەرھەمی کارەبا بەھەدەر دەڕوات و ون دەبێت، ئەویش بۆ خراپی تۆڕەکان و نەبەستنی کاتژمێرو زیادەڕۆیی دەگەڕێتەوە، بەپێی ئەو پرۆژەیەی لەبەردەستدایە بۆ ئەنجامدانی ریفۆرم، پێوەر واتە (میتەر) لەسەر تۆڕەکان و ھاوبەشانی کارەبا دادەنرێت، ھەم پێوەرو ھەمیش جۆزەیەکە، دەکرێت جۆزەکە بەشێوەی ئۆنلاین بڕی ئەمپێرەکەی بۆ دیاری بکرێت، بۆنمونە بکرێتە ٢٠ ئەمپێر یان ١٥ ئەمپێر، کە ھاوسەنگی لەپێدانی کارەبا بە ھاوبەشەکان دروستدەکات.

وتیشی:" میتەرەکە دەکرێت وەک ئینتەرنێت بکرێتە پریپەیدو ھاوڵاتیان بەکارت، یەکەی کارەبا بکڕن، یاخود وەک ئێستا بھێڵدرێتەوەو مانگانە پارەی کارەبا وەربگیرێت".

زانیاری زیاتری ئاشکراکردو وتی:" ئەو پێوەرە شوێنی کاتژمێرەکانی کارەبای ماڵان دەگرێتەوەو لەسەر ستونەکان دادەنرێت، تائێستاش حکومەت چۆتە ژێرباری پرۆژەکەوەو باس لەھیچ نرخێک نەکراوە کە لەبەرامبەر دانانی پێوەرەکە لەھاوڵاتیان وەربگیرێت، ھەر ماڵێک چەند یەکەی کارەبای بوێت دەتوانێت وەریبگرێت، بەڵام لەکاتێکدا قەیران ھەبوو، خواست زیاتر بوو لەبەرھەم، ئاگاداری ھاوڵاتیان دەکرێتەوە لەپێدانی بڕێکی دیاریکراوی ئەمپێری کارەبا".

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا، بەدووریشی زانی بەمزوانە پرۆژەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوەو وتی:" بەڕێوەبەرە گشتییەکان و فەرمانگەکان سەرقاڵی کۆبونەوەو دیراسەی بەردەوامن بۆئەوەی سیستمەکە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە".


SNN:

ڕەنج تاڵیب

 2 هەفتە پێشتر - Jul 6 2018 11:21AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.