هەواڵ
یەكێتی ناوچە مەترسیدارەكانی هەرێم ئاشكرادەكات.. 10 سەربازی توركیا كوژران
گەریلاكانی پەكەكە، كوشتنی 10 سەربازی توركیا لەناوچەی برادۆست ڕادەگەینێت و قائیمقامی قەزای سۆرانیش دەستپێكردنی هێرشی زەمینی لەلایەن توكریاوە رەتدەكاتەوە، بەرپرسێكی یەكێتیش، ئەو ناوچانە ئاشكرا دەكات كە بوونەتە مەترسی لەسەر هاوڵاتیان.

ئەمڕۆ 12ی 8ی 2018، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە- باڵی سەربازی پەكەكە)، ڕاپۆرتێكی لەبارەی چالاكییەكانیان لەناوچەی برادۆست بڵاوكردەوەو ئاشكرایكرد، "لەئەنجامی چالاكی گەریلاكانیان بۆسەر سوپای توركیا كە لەدوو قۆڵەوە ئەنجامیانداوە، 10 سەربازیان كوشتووە".

لەوبارەیەشەوە، كرمانج عیزەت، قائیمقامی قەزای سۆران، بە SNNی ڕاگەیاند: هیچ ڕوبەڕبونەوەیەك لەنێوان پەكەكەو سوپای توركیا نەبووە، تەنها جاروبار بەشێوەیەكی پارتیزانی، سوپای توركیا دەكرێتە ئامانج، ئەگەرنا ئەوەی لەسنورەكەدا هەیە بۆردومانی بەردەوامی سوپای توركیایە.

ڕەتیشیكردەوە، هێرشی زەمینی توركیا بۆسەر ناوچە سنورییەكان لەچەند ڕۆژی ڕابردوو ئەنجامدرابێت و وتی:" هەر كاتێك جموجۆڵێك لەلایەن گەریلاكانی پەكەكەوە هەبێت، توركیا ڕاستەوخۆ دەست بەبۆردومان دەكات".

هاوكات، مەلا كەریم برادۆستی بەرپرسی كۆمیتەی برادۆستی یەكێتی بۆ SNN ڕونیكردەوە، دوای هاتنی سوپای توركیا بۆ سنووری برادۆست، كوێستانەكانی ئەو ناوچەیە بووەتە ناوچەی مەترسیدارو كێشەیەكی گەورەی بۆ دانیشتوانەكەی دروستكردووە.

ناوچە مەترسیدارەكانیشی ئاشكراكردو وتی:" هاوڵاتیان ناچارن بۆ دابینكردنی خۆراكی ئاژەڵەكانیان، پەنا ببەنە بەر كوێستانەكان، بەڵام بەگشتی سنورەكە لەمەترسیدایەو دۆخی ئەمنیش لەوپەڕی خراپیدایە، بەجۆرێك ئەو ناوچانەی پێشتریش ئارامیان تێدابووە، ئێستا بەرەو ناجێگیری دەڕۆن".


SNN:

ڕەنج تاڵیب

  2 مانگ پێشتر - Jul 12 2018 6:03PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.