هەواڵ
یەکێتی مەترسییەکی گەورە لەعیراق ئاشکرا دەکات.. راپەڕین دەستیپێکردووە
ماوەی چەند رۆژێكە دۆخی پارێزگاكانی باشووری عیراقن بەتایبەتیش شاری بەسرە، بە تەواوەتی تێكچووەو دانیشتووانەكەی لەبەرامبەر هێزە ئەمنیەكان راپەڕیون، بەرپرسێكی یەكێتیش لە بەغدا، مەترسییەكانی دۆخی ئێستای ئەو شارانە ئاشكرا دەكات و راشیدەگەیەنێت، "داوای راپەڕین لە دانیشتووانی بەغدا دەكرێت".

سەعدون فەیلی، بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەكانی یەكێتی لە بەغدا، بە SNNی راگەیاند: هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەك لەپارێزگای بەسرە نەماوە، لەكاتێكدا پلەی گەرما گەیشتۆتە سەرووی 50 پلەی سەدییەوە، بەڵام كەمتر لە 10 كاتژمێر كارەبا هەیەو كێشەی ئاوی خواردنەوەش سەریهەڵداوە، بۆیە دۆخی ئێستای ئەو پارێزگایە زۆر مەترسیدارەو تا دێت خراپتریش دەبێت.

وتیشی:" ئێستا خەڵكی شارەكە راپەڕیون و هێرشیان كردۆتە سەر فەرمانگەكانی نەوت و چەند شوێنێكی تر و شەڕی چەكداریش لەگەڵ هێزە ئەمنیەكانی عیراق دەكەن".

بەرپرسەكەی یەكێتی راشیگەیاند، ئێستا راپەڕین و خۆپیشاندانی خەڵك، شارەكانی عەمارەو ناسریەو نەجەفیشی گرتۆتەوەو دانیشتووان داوای خزمەتگوزاری دەكەن، دەنگۆ هەیە لەپارێزگای كەربەلاش خۆپیشاندان دەستپێبكات.

ئەوەشی وت:"خۆپیشاندەرانی ئەو پارێزگایانە داوا لە دانیشتوانی بەغدای پایتەخت دەكەن راپەڕن".

سەعدون فەیلی ئاشكرایدەكات، ئێستا لەعیراق نە ئاسایش بۆ خەڵك فەراهەمكراوە، نە پڕۆژەی خزمەتگوزاریش هەیە، میلیشیا شیعەكانیش هێندەی تر خەڵكیان بێزار كردووە، وتیشی:" ئەو دۆخە كاریگەری زۆری لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق دەبێت و دەبێت بەزوترین كات لایەنەكان بێنە سەر خەت".


SNN:

ئەركان جەبار

 هەفتە پێشتر - Jul 12 2018 7:51PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.