هەواڵ
گرێبه‌سته‌كان نوێده‌كرێنه‌وه‌و موچه‌یان بێ پاشه‌كه‌وت پێده‌درێت
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی‌ هه‌رێم ڕونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر دامه‌زراندنی گرێبه‌سته‌كان ده‌دات، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بڕیاردراوه‌ (له‌جیاتی دانان) بۆ گرێبه‌سته‌كان بكرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ژماره‌یه‌ك مه‌رج دیاریكراوه‌"، ده‌شڵێت:"به‌بێ پاشه‌كه‌وت موچه‌یان پێده‌درێت".

به‌م مه‌رجانه‌ له‌جیاتی دانان بۆ گرێبه‌سته‌كان ده‌كرێت

ئه‌رجومه‌ن ته‌حسین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوان له‌وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دیدارێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ SNN ڕایگه‌یاند، "زیاتر له‌ 14 هه‌زار كارمه‌ندی گرێبه‌ستمان هه‌یه‌و گرێبه‌ستی سه‌رجه‌میان بۆ ساڵه‌كانی 2017-2018 نوێكردۆته‌وه‌".

وتیشی:"به‌نوسراوی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌جیاتی دانان بۆ گرێبه‌سته‌كان له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو ڕاگیرابوو، به‌ڵام له‌ئێستادا ده‌سه‌ڵات دراوه‌ به‌وه‌زیری شاره‌وانی بۆئه‌وه‌ی له‌جیاتی دانان بكات ئه‌ویش به‌گوێره‌ی‌ چه‌ند مه‌رجێك".

مه‌رجه‌كانی له‌جیاتی دانانیشی بۆ كارمه‌ندی گرێبه‌سته‌كان ئاشكراكردو وتی:"یه‌كه‌م مه‌رج ده‌بێت به‌هه‌مان موچه‌و ناونیشان بێت، ئه‌ندازیارێك یان ژمێریارێك وازبهێنێت، ده‌بێت ئه‌ندازیارێك یان ژمێریارێك بخرێته‌ شوێنه‌كه‌ به‌هه‌مان موچه‌و ئیمتیازاته‌كانی، به‌جۆرێكی دیكه‌ نابێت ئه‌ندازیارێك وازده‌هێنێت ژمێریارێك بخرێته‌ شوێنه‌كه‌ی‌".

گرێبه‌سته‌كان ده‌كرێنه‌ هه‌میشه‌یی

له‌باره‌ی دامه‌زراندنی گرێبه‌سته‌كانیشه‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی زانیاری زیاتری خسته‌ڕوو، وتیشی:"پێشتر دامه‌زراندن به‌گوێره‌ی‌ یاسای بودجه‌ی 2013 بوو كه‌ له‌په‌رله‌مان په‌سه‌ندكرابوو، به‌جۆرێك یاساكه‌ جێبه‌جێده‌كرا كه‌ ئه‌وانه‌ی گرێبه‌ستن و سێ ساڵ خزمه‌تیان هه‌یه‌".

زیاتریش وتی‌:"له‌جیاتی ئه‌وكه‌سانه‌ی خانه‌نشین ده‌بن بكرێن به‌هه‌میشه‌یی، به‌ڵام له‌ساڵه‌كانی 2014، 2015، 2016، 2017 كه‌ یاسای بودجه‌ په‌سه‌ندنه‌كرا، كاركردن به‌یاسای بودجه‌ی 2013 ڕاگیرا، به‌وه‌ش دامه‌زراندنی گرێبه‌سته‌كان به‌هه‌میشه‌یی ڕاگیرا، هیچ ڕێنماییه‌كی نوێمان تائێستا بۆ نه‌هاتوه‌ كه‌ ئێستا په‌یڕه‌وی بكه‌ین، به‌ڵام وه‌زیری دارایی ڕایگه‌یاندوه‌ له‌ساڵی 2019 هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌و له‌جیاتی دانانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌و ئێمه‌ش پشتیوانی له‌و بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كه‌ین".

باسی له‌كێشه‌ی كه‌می میلاكاتی شاره‌وانی كردو وتی:"گرێبه‌ستمان هه‌یه‌ زیاتر هه‌شت بۆ نۆ ساڵ خزمه‌تیان هه‌یه‌و ناكرێن هه‌میشه‌یی، ساڵانه‌ش فه‌رمانبه‌رێكی زۆر خانه‌نشین ده‌بن و له‌میلاكاتمان كه‌مده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ كارمه‌نده‌ كاتییه‌كان بكرێنه‌ هه‌میشه‌یی".

بێ پاشه‌كه‌وت موچه‌یان پێده‌درێت

سه‌باره‌ت به‌شێوازی ڕێكخستنی موچه‌ی گرێبه‌سته‌كانیش، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ئاشكرایكرد، "پێشتر له‌كاتی جێبه‌جێكردنی سیستمی پاشه‌كه‌وت به‌ڕێژه‌ی 50% پاشه‌كه‌وتی لێده‌كرا، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌ته‌واوی پاشه‌كه‌وت له‌موچه‌كانیان هه‌ڵگیراوه‌و موچه‌ی ته‌واویان پێده‌درێت".


SNN:

ڕه‌نج تاڵیب

 هەفتە پێشتر - Aug 10 2018 6:29PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.