هەواڵ
ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌سه‌ر لیژنه‌كان هاته‌ده‌نگ.."ناتوانین دایبخه‌ین"
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌سه‌ر كاركردنی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی هاته‌ده‌نگ و سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش داواده‌كات له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌كه‌یانه‌وه‌ كه‌یسی سه‌رپێچیكاران ئاراسته‌ی داواكاریی گشتی بكرێت، سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانیش ده‌ڵێت:"ناتوانین به‌ته‌واوه‌تی شوێنێكی سه‌رپێچیكار دابخه‌ین".

گۆران قادر سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "وه‌كو لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌مان نییه‌ جێگه‌یه‌كی سه‌رپێچیكار به‌ته‌واوه‌تی دابخه‌ین و گرتنه‌به‌ری‌ ڕێوشوێنه‌كانیشمان دیاریكراوه‌".

وتیشی:"ئه‌گه‌ر جێگه‌یه‌ك (فرۆشگه‌، یان ده‌رمانخانه‌و نۆرینگه‌و ڕیستۆرانتێك) به‌هۆی هه‌ر سه‌رپێچییه‌كه‌وه‌بێت دوباره‌ یان سێ باره‌ی بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ داوا له‌و شوێنه‌ ده‌كه‌ین كه‌ مۆڵه‌ته‌كه‌ی پێداوه‌ ڕێوشوێنی وه‌رگرتنی مۆڵه‌ته‌كه‌ی بگرنه‌به‌ر، ئه‌گه‌رنا ناتوانین به‌ته‌واوه‌تی دایبخه‌ین".

كۆتایی هه‌فته‌ی ڕابردوو لیژنه‌ی ته‌ندروستی سه‌ر به‌لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی، چوار نۆرینگه‌یان له‌ناوشاری سلێمانی بۆ ماوه‌ی حه‌وت ڕۆژ داخست، به‌هۆی بونی ده‌رمانی ماوه‌ به‌سه‌رچوه‌وه‌.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی ناتوانن ئه‌و شوێنانه‌ به‌ته‌واوه‌تی دابخه‌ن، له‌كاتێكدا سه‌رپێچیه‌كانیان په‌یوه‌ندی به‌ژیانی مرۆڤه‌وه‌ هه‌یه‌، گۆران قادر وتی:"قائیمقامیه‌ت پڕۆژه‌یاسایه‌كی ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی كردوه‌، به‌مه‌به‌ستی چۆنێتی كاركردنی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان و ده‌ستكراوه‌كردنی لیژنه‌كان بۆ سزادانی ئه‌و شوێنانه‌، به‌ڵام تائێستا تاووتوێنه‌كراوه‌".

له‌به‌رامبه‌ر وه‌ڵامی‌ ئه‌و نوسراوه‌شدا ڕه‌سول عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری یاسایی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی بێئاگایی خۆی له‌بونی پڕۆژه‌یاسایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ ده‌ربڕیی و به‌SNNی وت:"تائێستا هیچ پڕۆژه‌یاسایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ده‌ستمان".

ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، "لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت لایه‌نی جێبه‌جێكارن و ده‌توانن بڕیار له‌سه‌ر داخستنی ئه‌و شوێنانه‌ بده‌ن، ده‌شتوانن ئه‌و كه‌یسانه‌ ڕه‌وانه‌ی داواكاری گشتیی بكه‌ن".

حه‌ختیشیكرده‌وه‌، "تائێستا لیژنه‌كان هیچ كه‌یسێكی له‌و جۆره‌یان بۆ ئێمه‌ نه‌ناردوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وكاره‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ڕێگه‌ی داواكاری گشتییه‌وه‌ كاریان له‌سه‌رده‌كه‌ین".


SNN:

ئه‌ركان جه‌بار

  4 مانگ پێشتر - Aug 10 2018 7:04PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.