هەواڵ
یه‌كێتی به‌توندی وه‌ڵامی گۆڕان ده‌داته‌وه‌.."خه‌ڵك له‌ڕاستییه‌كان تێگه‌یشتووه"
یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، له‌سه‌ر تۆمه‌تی ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشمانیی گۆڕان له‌باره‌ی دوو ئیداره‌ییه‌وه‌ دێته‌ده‌نگ و به‌رپرسێكی ئه‌و حزبه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌وه‌ پڕۆژه‌ی په‌رله‌مانتارانی گۆڕان بوو كه‌ ده‌یانویست پارێزگای سلێمانی له‌هه‌رێم جیابكرێته‌وه‌و راسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكرێت".

شه‌وی رابردوو، ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان له‌چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا رایگه‌یاند، له‌دوای رووداوه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو، یه‌كێتی داوای له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كرد پاڵپشتی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دوو ئیداره‌یی له‌هه‌رێمی كوردستان دروست بێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌، زوبێر عوسمان جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی، به‌SNNی راگه‌یاند: ئه‌و تۆمه‌تانه‌ دووره‌ له‌ڕاستییه‌وه‌و ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ته‌نها دوای تێپه‌ڕبوونی هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر رووداوه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی پار، ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندیی یه‌كێتی بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ نۆ كاتژمێر كۆبۆوه‌و جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی هه‌رێمی كوردستان و ره‌تكردنه‌وه‌ی دوو ئیداره‌یی و جیاكردنه‌وه‌ی زۆنی سه‌وز و زه‌رد.

وتیشی:" ئه‌و قسانه‌ی ئه‌ندامه‌كه‌ی گۆڕان ته‌نها بۆ راكێشانی سه‌رنج و سۆزی خه‌ڵكه‌، بۆئه‌وه‌ی پێشانی بده‌ن گوایه‌ ئه‌وان بوونه‌ته‌ هۆی ته‌بایی و یه‌كڕیزی هه‌رێمی كوردستان، له‌كاتێكدا گۆڕان هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ دوو ئیداره‌یی بووه‌".

ئه‌وه‌شی راگه‌یاند، له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه‌ په‌رله‌مانتارانی گۆڕان بوون كه‌ هه‌وڵیاندا له‌ڕێگه‌ی پڕۆژه‌یه‌كه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌و سلێمانی وه‌كو پارێزگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا بكات.

به‌وته‌ی به‌رپرسه‌كه‌ی یه‌كێتی، خه‌ڵك تێگه‌یشتووه‌ كه‌ كێ ده‌توانێت بیپارێزێت و كێ ده‌توانێت ئارامی و سه‌قامگیری بۆ به‌رجه‌سته‌ بكات، ئێمه‌ ئێستاش هێزی نزیكین له‌یه‌كه‌م.

ئاشكراشیكرد، خه‌ڵك له‌ڕاستییه‌كان تێگه‌یشتووه‌، كه‌س نان و قسه‌ ناخوات وه‌كو پێشتر به‌ قسه‌ی گه‌وره‌و بریقه‌دار فریو بدرێت و مه‌یدان سه‌نگی مه‌حه‌كه‌.



SNN:

ئه‌ركان جه‌بار

 هەفتە پێشتر - Sep 13 2018 10:05PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.