هەواڵ
كۆتا قسه‌ی یه‌كێتی له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی كاندیده‌كه‌ی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار
لاهور شێخ جه‌نگی‌ له‌به‌غداوه‌ داوایه‌ك ئاراسته‌ی‌ پارتی‌ ده‌كات و داواده‌كات، كاندیده‌كه‌یان پاشه‌كشه‌ پێبكات، جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "د.به‌رهه‌م سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌ به‌ده‌ستده‌هێنێت"، ئه‌ندامێكی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی یه‌كێتیش كه‌ ئێستا له‌به‌غدایه‌ وه‌ڵامی‌ چه‌ند ده‌نگۆیه‌ك ده‌داته‌وه‌و به‌ناوی‌ یه‌كێتیه‌وه‌ ده‌ڵێت:"یه‌كێتیی سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ د.به‌رهه‌م كاندیده‌و پاشه‌كشه‌ش ناكات"، هاوكات په‌یامێكیش ئاراسته‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌ ده‌كات.

 
ئه‌مڕۆ 2ی‌ 10ی‌ 2018 له‌شاری‌ به‌غدا وه‌فدی‌ یه‌كێتیی نیشتیمانی‌ كوردستان له‌ڕێگه‌ی‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ گه‌لی‌ كوردستانه‌وه‌ په‌یامێكیان بۆ ڕای‌ گشتیی بڵاوكرده‌وه‌و وه‌ڵامی‌ چه‌ند ده‌نگۆیه‌كی‌ میدییان دایه‌وه‌.

له‌سه‌ره‌تای‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ یه‌كێتیدا، ئاسۆ مامه‌ند ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و هاوكات ئه‌ندامی‌ وه‌فدی‌ دانوستانكاری‌ یه‌كێتیی له‌به‌غدا ڕه‌تیكرده‌وه‌، یه‌كێتیی پاشه‌كشه‌ی‌ كردبێت له‌دیاریكردنی‌ د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار.

وتیشی‌:"ئێمه‌ جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی‌ یه‌كلای‌ بكاته‌وه‌ كه‌ ئاخۆ كاندیده‌كه‌ی‌ یه‌كێتیی یان پارتی‌ ده‌بێته‌ سه‌رۆك كۆمار، بۆیه‌ دڵنیایی به‌جه‌ماوه‌ری‌ یه‌كێتی‌ ده‌ده‌ین بۆ پشتیوانیكردنی‌ كاندیده‌كه‌ی‌ خۆمان سورین و سوریش ده‌بین".

سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێستی‌ لایه‌نه‌كانی‌ عیراق مه‌كته‌ب سیاسییه‌كه‌ی‌ یه‌كێتیی جه‌ختیكرده‌وه‌، "عه‌ره‌به‌كان جا چ شیعه‌و چ سوننه‌، هیچ تێبینیه‌كیان نییه‌ له‌سه‌ر كاك دكتۆر به‌رهه‌م، ته‌نانه‌ت جیاوازیه‌كی‌ زۆریش هه‌یه‌ له‌بۆچونیان له‌نێوان كاندیده‌كه‌ی‌ پارتی‌ و یه‌كێتیدا سه‌رجه‌میان د.به‌رهه‌میان پێ‌ په‌سه‌ندتره‌".
ئه‌وه‌شی‌ وت:"په‌رله‌مانتارانی‌ لیسته‌كانی‌ دیكه‌ جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ پشتیوانی‌ له‌د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح گوێ‌ به‌سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌كانیشیان ناده‌ن، بۆیه‌ ئێمه‌ش داوا له‌پارتی‌ و مه‌سعود بارزانی‌ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر ته‌بایی لایه‌نه‌ كوردیه‌كان و ناوماڵی‌ كوردتان ده‌وێت، تكایه‌ لێگه‌ڕێن یه‌كێتیی پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار وه‌ربگرێت".
ئه‌و جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌ڵێن پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم نه‌ماوه‌، ئێ‌ خۆ ده‌سه‌ڵاته‌كان هه‌ر لای‌ خۆیانه‌ كه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ته‌، بۆیه‌ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار به‌مافی‌ خۆمان ده‌زانین، دوا بڕیاریشمان وه‌كو سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتیی ئه‌وه‌یه‌، ته‌نهاو ته‌نها د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح كاندیدی‌ یه‌كێتیی ده‌بێت".
لای‌ خۆیشیه‌وه‌ لاهور شێخ جه‌نگی‌ ئه‌ندامی‌ وه‌فدی‌ دانوستانكاری‌ یه‌كێتیی له‌به‌غدا ته‌ئكیدیكرده‌وه‌، "ئێمه‌ ئامانجمان له‌كاندیدكردنی‌  د.به‌رهه‌م  وه‌ك كاندیدی یه‌كێتی‌ بۆ ڕاگرتنی‌ باڵانسی هێزه‌و ناكرێت پارتی پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و  ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ له‌عیراق و هه‌رێمیشی‌ له‌ده‌ستدابێت".
ئه‌و وتی‌:"د.به‌رهه‌م ڕۆڵ و پێگه‌ی‌ تایبه‌تی‌ هه‌بوه‌ له‌عیراق و ماوه‌ی‌ حه‌وت ساڵ له‌به‌غدا كاری‌ سیاسی و  حكومڕانیی كردوه‌و ئه‌زمونی‌ هه‌یه‌ له‌ته‌واوی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی  عیراقدا، به‌ڵام فوئاد حسێن ئه‌و ئه‌زمونه‌ی‌ نییه‌".
ئه‌وه‌شی‌ ئاشكراكرد، "د.به‌رهه‌م  كه‌سێكه‌ قبوڵكراوی ته‌واوی‌ لایه‌نه‌ عیراقیه‌كانه‌، ئه‌وه‌ش واده‌كات كاك به‌رهه‌م زیاتر خزمه‌تی‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێم بكات، بۆیه‌ ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ ڕابگه‌یه‌نم، ئێمه‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی‌ كوردستان و هاوڵاتیان پێش هه‌موو شت ده‌خه‌ین".



SNN:

  2 مانگ پێشتر - Oct 2 2018 11:32AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.