هەواڵ
به‌هۆی‌ نه‌خۆشیه‌كه‌وه‌ دوو ئه‌ندامی‌ خێزانێك گیانیان له‌ده‌ستدا
به‌هۆی‌ نه‌خۆشیه‌كی‌ كتوپڕ دوو ئه‌ندامی‌ خێزانێك له‌سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌  گیانیان له‌ده‌ستداو ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی‌ دیكه‌ش باری‌ ته‌ندروستیان تێكچوه‌، وته‌بێژی ته‌ندروستی ڕاپه‌ڕینیش نوێترین زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ جۆری‌ نه‌خۆشیه‌كه‌و ته‌ندروستی‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ ئاشكراده‌كات، هاوكات دڵنیایی‌ به‌هاوڵاتیان ده‌دات نه‌خۆشیكه‌ ناگوازرێته‌وه‌.

به‌هۆی‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشیه‌كی‌ نه‌زانراو له‌گوندی‌ مه‌مكانی‌ ناوچه‌ی پشده‌ر ئه‌ندامانی‌ خێزانێك ڕوبه‌ڕوی‌ حاڵه‌تێكی‌ نه‌خوازراو بونه‌ته‌وه‌و ته‌ندروستیان تێكچوه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ دوو هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ته‌ها محه‌مه‌د وته‌بێژی ته‌ندروستی ڕاپه‌ڕین به‌SNNی‌ ڕاگه‌یاند، "ئێمه‌ له‌پشكنین بۆ هاوڵاتیانی‌ گوندی‌ مه‌مكانی‌ سه‌ربه‌قه‌زای‌ پشده‌ر به‌رده‌وامین، ئه‌وه‌ی‌ بۆمان ده‌ركه‌وتوه‌ دوشته‌، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ گوازراوه‌ نییه‌و هیچ مه‌ترسیه‌كی‌ بۆ سه‌ر هاوڵاتیانی‌ تر نییه‌".

وتیشی‌:"جگه‌ له‌وه‌ش كه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ گوازراوه‌ نییه‌، له‌ئه‌نجامی‌ لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچونه‌كانیشمان ئه‌وه‌ما بۆده‌ركه‌وتوه‌، بونی‌ حاڵه‌تێكی‌ كه‌ڕوه‌ له‌سه‌ر ده‌می‌ ئه‌وكه‌سانه‌ی‌ توشی‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ بون، به‌ڵام تائێستا جۆری‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ یه‌كلانه‌بۆته‌وه‌".

ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، بڕیاره‌ ڕۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ی‌ داهاتوو تیمێكی‌ خۆپاراستنی‌ سلێمانی‌ سه‌ردانی‌ گونده‌كه‌ بكه‌ن و ئه‌نجامی‌ پشكنینه‌كان ئاشكرابكه‌ن.

باسی‌ له‌وه‌شكرد، "دوان له‌و نه‌خۆشانه‌ی‌ توشی‌ حاڵه‌ته‌كه‌ بون له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ ڕانیه‌ن بۆ چاره‌سه‌رو سێ نه‌خۆشی‌ دیكه‌شیان ڕه‌وانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ سلێمانی‌ كراون له‌به‌شی‌ چاودێری‌ وردن، به‌رده‌وام چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌كرێت، گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ر باری‌ ته‌ندروستیان هاتوه‌و به‌ره‌و باشبون ده‌چن، دوو كه‌سیش گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌".


SNN:

شادان حه‌سه‌ن

  2 مانگ پێشتر - Oct 11 2018 2:04PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.