هەواڵ
كورسی كۆتاكان لە پەرلەمان كەمدەكرێتەوە
لە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستاندا، كار بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی كورسی كۆتای كەمە نەتەوەكان دەكرێت، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتیش رایدەگەیەنێت: توركمانەكان وەك نەتەوەی دووەمی هەرێم پێویستیان بەكورسی كۆتا نییە.

ئاواز شێخ جەنگی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان، بە SNNی ڕاگەیاند: لەم خولەی پەرلەماندا نەتوانرا دەستكاری بڕگەی تایبەت بە كورسی كۆتا لە یاسای هەڵبژاردنەكان بكرێت، بەڵام لەخولی داهاتوو ئەو لایەنانەی پێیان وایە كورسی كۆتاكان لەبەرژەوەندی لایەنێك دەشكێتەوە، دەبێت پرۆژەیان هەبێت بۆئەو مەبەستە.
وتیشی:" لەم خولەی پەرلەماندا پرۆژەیەك هەبوو بۆ ڕێكخستنەوەو كەمكردنەوەی كورسی كۆتا، بەڵام خوێندنەوەی بۆ نەكرا".
سەبارەت بەو پرۆژەیەش، ئاواز شێخ جەنگی ڕوونیكردەوە، "ئەو پێكهاتانەی كورسی كۆتایان بۆ دیاریكراوە، بەتایبەت مەسیحییەكان، دەبێ سندوقی تایبەتیان بۆ دیاری بكرێت، بەجۆرێك تەنها مەسیحییەكان بتوانن دەنگ بەكاندیدەكانی خۆیان بدەن و هیچ كەسێكی تر بۆی نەبێت دەنگیان پێ بدات، بەمەش نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵدەبژێرن، ئەگەرنا توركمانەكان كە نەتەوەی دووەمن لە هەرێم، دەتوانن كێبڕكێی بەدەستهێنانی كورسی بكەن و پێویستیان بەكۆتا نییە".
ئاشكراشیكرد: هەندێك لەو پەرلەمانتارانەی لیستی كۆتاكان، بە 300 دەنگ دێنە ناو پەرلەمان، لەكاتێكدا پەرلەمانتارانی تر پێویستیان بە 16-18 هەزار دەنگ هەیە.
لەپەرلەمانی كوردستان 11 كورسی كۆتا هەیە، هەریەك لە توركمان و  مەسیحییەكان پێنج كورسی و بۆ ئەرمەنەكانیش كورسییەك دیاریكراوە.
لەوبارەیەشەوە، ئاواز شێخ جەنگی دەڵێت:" لە خولی چوارەم، جگە لە د. سرود سەلیم، پەرلەمانتاری پێكهاتەی مەسیحی، ئەوانی تر هیچكامیان بەدەنگی ڕاستەقینەیان نەهاتبوونە پەرلەمان".


SNN:

ڕەنج تاڵیب

 هەفتە پێشتر - Oct 12 2018 9:04AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.