هەواڵ
دارایی ژمارەی حسابی دروستدەكات .. موچە لەڕێگەی بانكەوە دەدرێت
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، تەكنۆلۆجیای زانیارییەكانی راسپاردووە ژمارەی حسابی بۆ فەرمانبەران بكەنەوە، بەڕێوەبەری تەكنۆلۆجیای بانكەكانیش لەهەولێر رایدەگەیەنێت: ئەگەر پشتگیریمان هەبێت لەماوەی شەش مانگدا بۆ هەموو فەرمانبەرانی دروست دەكەین.

مستەفا سەعید خەلیل بەڕێوەبەری تەكنۆلۆجیای بانكەكان لە هەولێر بەSNNی راگەیاند:كاركردن لەپڕۆژەی كۆڕبانك سیستم بەردەوامەو لەقۆناغی یەكەمدا  شەش بانك لەهەولێر، سلێمانی و دهۆك دەستنیشانكراوە، لەهەولێر دەستمان پێكردووەو بانكەكانی(نیشتمان، دیدەوان، زانكۆ، بانكی پیرمام) داخڵی سیستمی كۆڕبانكین كراوەو ئەوانیش پەیوەستكراون بەسەنتەری داتابەیسك لەتەكنۆلۆژیای بانكەكان.

وتیشی:"لەسلێمانی بانكی باخان دەستنیشانكراوە بۆئەوەی داخڵی سیستمەكە بكرێت".

راشیگەیاند: وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم فەرمانیكردووە كە بۆ هەر فەرمانبەرێك ژمارەی حسابی دروست بكرێت، ئامانج لەوكارەش ئەوەیە كە لەداهاتوودا موچە لەڕێگەی فەرمانگەكانەوە دابەشنەكرێت، بەڵكو لەڕێگەی ئەو بانكانە بێت كە داخڵی سیستمی كۆڕبانكین دەكرێن.

سەبارەت بەدروستبوونی لۆد لەسەر بانكەكان، مستەفا سەعید وتی:"بێگومان لۆد لەسەر بانكەكان دروست دەبێت، بەڵام چەندین رێگا هەیە بۆكەمكردنەوەی ئەو لۆدە، یەكێك لەو رێگایانەش ئەوەیە هەر وەزارەتێك رۆژێكی بۆ دابنرێت و فەرمانبەرانیش ئازاد بكرێن كە لەچ بانكێك موچە وەربگرن".

وتیشی:"ئامانجی ئێمە ئەوەیە ماستەر كارت و ڤیزاكارت بۆ فەرمانبەران دروست بكرێت، ئەمەش پێویستی بەمۆڵەتی بانكی ناوەندی عیراق هەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا كاری لەسەر دەكەین دانانی بناغەیەكەیە بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجە".

بەڕێوەبەری تەكنۆلۆجیای بانكەكان لەهەولێر دەڵێت:"ئەگەر پشتگیریمان هەبێت دەتوانین لەماوەی شەش مانگدا ژمارەی حسابی بۆ هەموو فەرمانبەران بكەینەوە".


SNN:

شاهۆ خوارەحم

  2 مانگ پێشتر - Oct 12 2018 11:24AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.