هەواڵ
ڕێگری لەدروستكردنی پڕۆژەیەكی گەورەی سلێمانی دەكرێت.. حكومەت یاسا پێشێل دەكات
وەزارەتی شارەوانی هەرێم، لەسەر رێگرییەكانی دروستكردنی شارێكی گەورەی بازرگانی و پیشەسازی لەسلێمانی دێتە دەنگ، بەرپرسێكی ئەو وەزارەتەش هەوڵێَكی قوباد تاڵەبانی بۆ بەرگرتن لەو ڕێگرییانە ئاشكرا دەكات و دەڵێت: تا خاوەنی ئەو ئەقڵییەتە ئیدارییە بین، هیچ بەهیچ ناكەین و حكومەتیش پێشێلی یاسای كردووە.

پڕۆژەكە نزیكەی 22 هەزار دۆنمە
خەسرەو كەمال بریكاری وەزارەتی شارەوانی، لەلێدوانێكدا بە SNNی ڕاگەیاند: شاری 20-20 شارێكی گەورەیە و لەماستەر پلاندایە و دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانییەوەو نزیكی 22 هەزار دۆنمە، شارێكی بازرگانیی و پیشەسازییەو ژمارەیەكی زۆر هەلی كار دابین دەكات.
رێگری هەیە لەدروستكردنی پرۆژەكە
خەسرەو كەمال وتیشی: پڕۆژەكە رێگری زۆری هاتە بەردەم، لەوانە قەیرانی دارایی چونكە پلانەكە بەو شێوەیە بوو دوای پەسەندكردنی ماستەرپلانی سلێمانی، لە ساڵی 2011دا دیزاینێكی وردەكاریی بۆ بكرێت، بەڵام ئەو كۆمپانیایانەی بەنیازبوون ئەو كارە بكەن، پاشگەزبوونەوەو نەتوانرا دیزاینەكەی تەواو بكرێت. 
بریكاری وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بە رێگرییەكی دیكەی بەردەم تەواوكردنی پرۆژەكە كردو وتی: بەهۆی نەبوونی پارەوە، بڕیاری كوژانەوەی ئەو زەویانە راگیراوە، كە موڵكی هاوڵاتییانەو دەكەوێتە سنووری پرۆژەكەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەو ئیشانە نەكراون زیادەڕۆیی كراوەتە سەر زەوییەكانی تری پرۆژەكە، بەمەش شاری سلێمانی باجەكەی دەدات، چونكە شاری 20-20 ئایندەی ئەم شارەیەو هەرچی هەلی كارە دابینی دەكات، بەڵام هەمووی پەكی كەوت لەسەر پارەیەكی كەم كە ناگاتە 5 ملیۆن دۆلار بەپارەی دیزاین و قەرەبووەكانیشەوە.
بەڵێندراوە رێگرییەكان نەهێڵدرێت
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی شارەوانی ئاشكراكرد، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، بەڵێنیدا ئەو ڕێگرییانە نەهێڵێت و ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكین و بەرزی دەكەینەوە.
دەبێت شارەوانییەكان داهاتەكانی خۆیان خەرج بكەنەوە
خەسرەو كەمال ئەوەشی خستەڕوو، هەزار ساڵ قەیرانی دارایی باش ببێت، ئەگەر ئەقڵیەتی ئیداری بەم شێوەی ئێستا بێت و شارەوانی پەنابەرێتە بەر پاڕانەوە بۆ دابینكردنی پارە، هیچ بەهیچ ناكەین، چونكە بەپێی یاسا شارەوانی سەرجەم داهاتەكانی ڕاستەخۆ بۆخۆی خەرج دەكاتەوە، بەڵام یاسا لەلایەن حكومەتەوە پێشێل دەكرێت و داهاتەكانی شارەوانی دەستی بەسەردا دەگیرێت و وەكو خێر لە 20%ی پێدەدرێتەوە، چارەسەریش ئەوەیە دەبێت حكومەت یاساكان جێبەجێ بكات و یاسا پێشێل نەكات.


SNN:

سۆران سەعید

 هەفتە پێشتر - Oct 12 2018 1:17PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.