هەواڵ
لەناو گۆڕان کۆمەڵێک ئارەزووی ئەوەدەکەن پۆست وەربگرن.. ناوی سێ کەس باس دەکرێت
بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی دیاریکردنی کاندید بۆ وەرگرتنی پۆست لەکابینەی نۆیەم ھاتەدەنگ و بەرپرسێکی بزوتنەوەکەش رەتیدەکاتەوە ھیچ کاندیدێکیان دیاریکردبێت و راشیدەگەیەنێت"لەناو گۆڕان کۆمەڵێک خەڵک ھەیە کە ئارەزووی ئەوە دەکەن پۆست لە حکومەت وەربگرن".

بەگوێرەی ھەواڵی مێدیا کوردییەکان، بزوتنەوەی گۆڕان ھەریەک لە(مستەفای سەید قادر)ی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم و (ھۆشیار عومەر) بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت و (عەلی حەمەساڵح) بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کاندید کردوە.

ساڵح ژاژڵەیی جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەSNNی راگەیاند: لەناو ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا بەھیچ شێوەیەک کاندید بۆ پۆست لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم دیارینەکراوە، چونکە تائێستا گۆڕان بڕیاری بەشداریکردنی لەحکومەت نەداوە.

لەبارەی ئەو ناوانەی کە لەمێدیاکانەوە باس دەکرێن وەکو کاندیدی گۆڕان بۆ پۆستە حکومییەکان، ساڵح ژاژڵەیی وتی"لەناو بزوتنەوەی گۆڕان کۆمەڵێک خەڵک ھەیە کە ئارەزووی ئەوە دەکەن بچنە حکومەتەوە بۆئەوەی پۆست وەربگرن، بۆیە لەناو مێدیاوە ناویان دەھێنرێت".

ئەوەشی وت:"ئەگەر راپرسی لەناو گۆڕاندا بکرێت، ئەوە زۆرینەی گۆڕانخوازان پێیانخۆش نییە بچینە حکومەتەوە، ئەوانەی دیکە کەپێچەوانەن دوو بەشن، بەشێکیان پێیانوایە لە بەرژەوەندی گۆڕانە بچینە حکومەتەوە، بەشێکی دیکەشی پێیانخۆشە گۆڕان بەشداربێت بۆئەوەی پۆست وەربگرن".

بەوتەی ئەو بەرپرسەی گۆڕان، چاوەڕێی ھاتنی وەفدی پارتی دەکەنەوە بۆئەنجامدانی کۆبوونەوەی جددی و یەکلاکەرەوەو راشیگەیاند: ئێستا راسپێردراوی پارتی بۆپێکھێنانی حکومەت گۆڕاوەو دەبێت بزانین چییان لەئێمە دەوێت و ئێمەش چیمان دەوێت، دواجار بڕیاری بەشداریکردنمان یان بوون بەئۆپۆزسیۆن بوونمان دەبڕێتە جڤاتی گشتی و نیشتمانییەوە.


SNN:

ئەرکان جەبار

 هەفتە پێشتر - Dec 5 2018 7:53PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.