هەواڵ
مامۆستایان داوای سێ موچەی ئەمساڵ دەكەن
یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە یاداشتێكدا كە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كردووە، داوای چارەنووسی موچەی هەرسێ مانگی (10، 11 و 12)ی ئەمساڵ دەكات، سەرۆكی یەكێتییەكەش رایدەگەیەنێت، "دەبێت حكومەتی كاربەڕێكەری ئێستای هەرێم بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوت بدات".

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بەSNNی راگەیاند، لەدوا كۆبوونەوەی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایان، كە رۆژی 5ی 12ی 2018 بەڕێوەچوو، یەكێك لەو خاڵانەی باسكرا، بریتی بوو لە موچەی هەرسێ مانگی (10 و 11 و 12)ی ئەمساڵ، كە تائێستا چارەنووسی نادیارەو نازانرێت پاشەكەوت دەكرێت یان لەساڵی داهاتوو دابەشكردنی بەردەوام دەبێت.

وتیشی:" یاداشتێكمان ئامادەكردوە لەبارەی چارەنووسی ئەو سێ موچەیەو هەفتەی داهاتوو ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەكەین".

لەبارەی دواین زانیاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچە، ئەحمەد گەرمیانی ئاشكرایكرد، هەرچەندە حكومەتی هەرێم هیچ نووسراوێكی فەرمی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوت دەرنەكردوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لەسەرەتای ساڵی نوێوە پاشەكەوتی موچە نامێنێت.

بەوتەی ئەو بەرپرسەی یەكێتیی مامۆستایان، ُپێدەچێت پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی هەرێم بكەوێتە مانگی (2)ی ساڵی داهاتووەوە، بۆیە دەبێت حكومەتی ئێستای هەرێم كە كاربەڕێكەرە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوت بدات.


SNN:

ئەركان جەبار

 هەفتە پێشتر - Dec 6 2018 8:37PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.