هەواڵ
سیمكارته‌كه‌ی‌ ئاسیاسێڵ گران ده‌بێت.. ئه‌نجومه‌ن هاته‌ده‌نگ
ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ زانیاریه‌كی‌ گرنگ له‌باره‌ی‌ سیم كارتێكی‌ ئاسیاسێڵه‌وه‌ ئاشكراده‌كات و ئه‌ندامێكی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌و سیمكارته‌ی‌ بۆ مانگێك به‌شه‌ش هه‌زار دینار كارا ده‌بوو، ئه‌وه‌ نامێنێت و له‌سه‌ر هاوڵاتیان گران ده‌كرێت"، ده‌شڵێت:"به‌دواداچونی‌ جدی‌ بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ین"، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پۆسته‌و گه‌یاندنی هه‌رێمیش هاته‌ده‌نگ.

ئه‌كره‌م شه‌ریف ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ به‌SNNی‌ راگه‌یاند، "دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ ڕابردودا كۆمپانیای‌ ئاسیاسێڵ سیمكارتێكی‌ تایبه‌تی‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌شكرد به‌ئۆفه‌رێكی‌ نوێ و بۆ هه‌ر مانگێكیش به‌شه‌ش هه‌زار دینار كارا ده‌كرا، به‌ڵام له‌ئێستادا هاوڵاتیان له‌گرانكردنی‌ ئه‌و نرخه‌ بۆ 10 هه‌زار دینار ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌".

وتیشی‌:"له‌ڕێگه‌ی‌ كورته‌نامه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كان ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌24ی‌ ئه‌م مانگه‌وه‌ هه‌ر هاوبه‌شێك ئه‌و سیمكارته‌ی‌ وه‌رگرتبێت ده‌بێت مانگانه‌ به‌باڵانسی‌ 10 هه‌زار دیناری‌ پڕیبكاته‌وه‌، ئه‌وكاتیش هه‌ر به‌هه‌مانشێوه‌ بۆ مانگێك كارا ده‌بێت".

سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێستی‌ ئه‌نجومه‌نیش وتی‌:"ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا له‌یاداشتێكدا له‌ڕێگه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و نوێنه‌ری‌ كۆمپانیای‌ ئاسیاسیڵ، به‌دواداچون بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌كات".

ڕونیشیكرده‌وه‌، "وه‌ك ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌ن یاداشتێكمان بۆ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ به‌رزكردۆته‌وه‌ تاوه‌كو داوا له‌به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و نوێنه‌ری‌ ئاسیاسێڵ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ڕۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ بێنه‌ ئه‌نجومه‌ن و ورده‌كاری‌ ئه‌و پرسه‌مان پێبڵێن، بۆئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ش هاوڵاتیانی‌ لێ ئاگاداربكه‌ینه‌وه‌ تاوه‌كو هۆكاری‌ گرانبونه‌كه‌ی‌ ڕونبكه‌ینه‌وه‌".

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ كاروان ڕه‌زا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پۆسته‌و گه‌یاندنی هه‌رێم به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "گرانكردنی‌ ئه‌و سیمكارته‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی‌ به‌وه‌زاره‌تی‌ گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌كۆمپانیای‌ ئاسیاسێڵ خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌".

وتیشی‌:"به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ مۆڵه‌تی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ په‌یوه‌ندیكردن په‌یوه‌ندیان به‌حكومه‌تی‌ عیراقه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ ناتوانین هیچ ڕێگریه‌ك بكه‌ین، هه‌ر بڕیارێكیش له‌به‌غداوه‌ بدرێت ئه‌وانیش پێوه‌ی‌ پابه‌ند ده‌بن".


SNN:

شادان حه‌سه‌ن

  3 مانگ پێشتر - Jan 15 2019 12:56PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.