رێنمایی جێبەجێكردنی بودجە دەردەچێت .. دامەزراندن دەستپێدەكاتەوە
لەبودجەی 2019ی عیراقدا دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەستبەردەكرێت، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنیش رایدەگەیەنێت: سبەینێ رێنمایی جێبەجێكردنی بودجە لەوەزارەتی داراییەوە دەگاتە دەستمان، ئەوكاتە دیراسەی بڕگەی دامەزراندنی گرێبەستەكان دەكەین و كاریشی لەسەر دەكەین.
رزگار حاجی حەمە، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، بە SNNی راگەیاند: بەهیچ شێوەیەك لەبودجەی 2019، میلاكی دامەزراندن بۆ كۆمسیۆن دانەنراوە، تەنیا باسی دامەزراندنی گرێبەست كراوە.
وتیشی: "وابڕیارە سبەینێ 12ی 2ی 2019، رێنمایی جێبەجێكردنی بودجە لەوەزارەتی داراییەوە بگاتە دەستمان، ئەوكاتە لیژنەی دارایی كۆمسیۆنی كۆبوونەوەی خۆی دەكات و تاتوێی بڕگەی گرێبەستەكان دەكات، بزانین چەند گرێبەستی نێودەوڵەتی و چەند گرێبەستی فەرمانبەر دانراوە، ئەوكاتە بەپێی پێداویستی كۆمسیۆن، كاری لەسەر دەكەین".
راشیگەیاند: لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، كۆمسیۆن پێویستی بەگرێبەستی زیاتر دەبێت، بەڵام دامەزراندنی گرێبەست بۆ هەرێمی كوردستان كەمتر دەبێت بەراورد بەپارێزگاكانی دیكەی عیراق، چونكە ئەو هەڵبژاردنە هەرێم ناگرێتەوە.
SNN:شاهۆ خوارەحم
6 ڕۆژ پێشتر - Feb 11 2019 9:46PM
|