هەواڵ
مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ له‌ دهۆك ئاشكراده‌كرێت.. به‌مجۆره‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ زیندانیه‌كان ده‌كرێت
تائێستا ژماره‌یه‌ك له‌و چالاكوانانه‌ی دهۆك ئازاد نه‌كراون كه‌ به‌تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان ده‌ستگیركراون، ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆكیش ڕه‌خنه‌ له‌ بێ هه‌ڵوێستی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ی ده‌گرێت و شێوازی ئه‌شكه‌نجه‌دانی زیندانیان و لێكۆڵینه‌وه‌ی ناو زیندانه‌كانیش ئاشكراده‌كات.

عیماد شوكر، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك، به‌ SNNی ڕاگه‌یاند: له‌دوای خۆپیشاندانه‌كانی كۆتایی مانگی ڕابردووی ناحیه‌ی شیلادزێ و ده‌ستگیركردنی به‌لێشاوی هاوڵاتیان و چالاكوانان له‌دهۆك  له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌، تائێستا زیاتر له‌ 17  چالاكوانانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ڕۆژنامه‌نوس له‌زیندانه‌كان ماون و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌نجام ده‌درێت.

به‌وته‌ی سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی، له‌ناو زیندانه‌كاندا جگه‌ له‌سزادانی توند، كاره‌با له‌ده‌ستگیركراوه‌كان ده‌درێت، كه‌ له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه‌، له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌كاندا ئه‌فسه‌رانی میتی توركی به‌ده‌موچاو داپۆشراوی ئاماده‌ییان هه‌یه‌، ده‌شڵێت: " میتی توركیا به‌ته‌واوی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ر دهۆك هه‌یه‌، ئاگاداری وردی شێوازی لێكۆڵینه‌وه‌كانن".

ئه‌وه‌ش ئاشكراده‌كات، له‌ناو زیندانه‌كان پرسیار له‌ده‌ستگیركراوه‌كان كراوه‌ كه‌ له‌هه‌ڵبژاردن ده‌نگیان به‌چ حزبێك داوه‌و سه‌ر به‌چ حزبێكن و كێ پاڵپشتیان ده‌كات".

عیماد شوكر ڕه‌خنه‌ش له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك ده‌گرێت و ده‌ڵێت: "هیچ هه‌ڵوێستێكی نه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ئازادی ڕاده‌ربڕین و هه‌ڵمه‌تی ڕه‌شبگیری و ده‌ستگیركردنی چالاكوانان، كه‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌و شێوازی لێكۆڵینه‌وه‌كان مه‌ترسی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ به‌گشتی دروستكردوه‌".


SNN:

بەشی ھەواڵ

 هەفتە پێشتر - Feb 12 2019 8:33AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.