هەواڵ
باج له‌سه‌ر ئۆتۆمبێل و چیمه‌نتۆ زیاد ده‌بێت
وابڕیاره‌ رۆژی 17ی ئه‌م مانگه‌ پێناسی نوێی گومرگی له‌ سه‌رتاسه‌ری عیراق و هه‌رێمی كوردستان بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌و به‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و پێناسه‌ش، باج له‌سه‌ر ئۆتۆمبیل و چیمه‌نتۆی هاورده‌كراو زیاد ده‌بێت.

عه‌لی تۆفیق، سه‌رپه‌رشتیاری ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان، به‌  SNNی راگه‌یاند: بڕیاره‌ رۆژی 17ی 2ی 2019، كۆی پێناسی گومرگی له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا وه‌ك یه‌كی لێبكرێت و پێناسێكی سه‌رتاسه‌ری جێبه‌جێده‌كرێت.

وتیشی: "ئه‌گه‌ر ئه‌و پێناسه‌ نوێیه‌ جێبه‌جێبكرێت، باجی سه‌ر چیمه‌نتۆو ئۆتۆمبێل به‌رزده‌بێته‌وه‌، ئه‌وكاته‌ش بازرگان ئازاده‌ له‌ چ مه‌رزێكه‌وه‌ كه‌ره‌سته‌كانی هاورده‌ ده‌كات".

راشیگه‌یاند: ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی هاورده‌كردنیان له‌عیراق قه‌ده‌غه‌كراوه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ له‌هه‌رێمی كوردستانیش قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت به‌رهه‌می كشتوكاڵی".

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌، شاخه‌وان به‌كر، به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ، به‌  SNNی راگه‌یاند: له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی عیراقه‌وه‌ لیستێكمان بۆ ره‌وانه‌ كراوه‌، بۆئه‌وه‌ی رۆژانه‌ به‌ده‌ست پڕیبكه‌ینه‌وه‌و ره‌وانه‌ی به‌غدای بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌سیستمی ئه‌لیكترۆنی كارده‌كه‌ین، بۆیه‌ ناتوانین  لیسته‌كه‌ به‌ده‌ست پڕبكه‌ینه‌وه‌.

وتیشی: "له‌كۆبوونه‌وه‌ماندا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ده‌ستی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی عیراق، كۆنوسێكمان نووسیوه‌ كه‌ لیستی گومرگی عیراق هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌و بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر لیستی ئه‌لیكترۆنی، به‌ڵام ئه‌وه‌ تائێستا ماوه‌ته‌وه‌".

شاخه‌وان به‌كر راشیگه‌یاند: پێناسه‌ گومرگییه‌كه‌ واده‌نراوه‌ زۆربه‌ی نرخه‌كان له‌وه‌ی هه‌رێمی كورستانه‌وه‌ نزیكه‌، ته‌نیا ئۆتۆمبێله‌ گرانبه‌هاكان وه‌ك (رۆز رایس، لێگزس و جۆره‌كانی تر) ره‌سمی گومرگیان زیاد ده‌بێت، ئه‌گه‌رنا ئه‌وانی دیكه‌ زۆربه‌یان وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه‌و ته‌نانه‌ت تێیدایه‌تی ره‌سمی گومرگییه‌كه‌ی ره‌نگه‌ 100 دۆلار دابه‌زێت، بۆیه‌ جگه‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌ گرانبه‌هاكان نه‌بێت، هیچ ئۆتۆمبێلێكی دیكه‌ گران نابێت.


SNN:

شاهۆ خواره‌حم

 هەفتە پێشتر - Feb 12 2019 8:44AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.