هەواڵ
كارتی زیرەكی خۆراك دەدرێتە هاوڵاتیان .. وادەكەی ئاشكراكرا
حكومەتی عیراق، كۆتایی بە سیستمی فۆرمی خۆراك دەهێنێت و لەبری فۆرمەكەش، كارتی زیرەك بەسەر خێزانەكان دابەشدەكات، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمیش رایدەگەیەنێت: سبەینێ لەشاری دهۆك بەشێوەی تێست دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوەو حكومەتیش هیچ ئەركێكی دارایی لەئەستۆ ناگرێت.

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم، بە SNNی راگەیاند: بەپێی ئەو بڕیارەی لەئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە دەرچووە، دروستكردنی كارتی زیرەكی خۆراك لەئەستۆی حكومەتی بەغدا نابێت، بەڵكو تێچووەكەی لەلایەن پرۆگرامی خۆراكی جیهانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان (WFP)ەوە دەبێت.

وتیشی: بەڵام تائێستا وردەكاریی پڕۆسەكەمان بەدەستنەگەیشتووە، كە ئایا لەبەرامبەر دروستكردنی ئەو كارتەدا، پارە لەهاووڵاتیان وەردەگیرێت، یان نا.

وتیشی: "چەند پارێزگایەك دیاریكراوە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە بەشێوەیەی تێست، سبەینێ 13ی 2ی 2019 لەمەراسیمێكدا لەشاری دهۆك، لەیەكێك لە بریكارەكانی خۆراكدا پڕۆژەكە دەستپێدەكرێت".

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم راشیگەیاند: كارتەكە لەلایەن كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراكەوە دەدرێت بەبریكارەكان و ئەوانیش بەسەر خێزانەكاندا دابەشی دەكەن، هەر بریكارێك ئامێرێكی پێدەدرێت، بەمەبەستی خوێندنەوەی كارتەكە لەكاتی وەرگرتنی خۆراكدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەهەرێمی كوردستان دوو هەزارو 900 بریكاری خۆراك هەیە، بۆیە بەئەندازەی ئەو ژمارەیە، ئامێر دابەشدەكرێت.

نەوزاد ئەدهەم ئاشكراشیكرد، پڕۆسەیەكی دیكە لەئارادایە ئەویش دروستكردنی داتا بەیسكێكە، كە پەیوەست دەكرێت لەگەڵ چاودێری كۆمەڵایەتی، بۆئەوەی ئەو خێزانانەی ناویان لەچاودێری كۆمەڵایەتی تۆمار كراوە، مانگانە خۆراكیان پێبدرێت، چونكە ئەو پارەیەی تەرخانكراوە تریلیۆنێك و 500 ملیار دینارەو بەشی ئەوە ناكاتە مانگانە خۆراك بەهەموو هاووڵاتیان بدرێت، رەنگە هاوشێوەی ساڵی رابردوو، ئەمساڵیش تەنیا شەش مانگ خۆراك بدرێت بەهاووڵاتیان.


SNN:

شاهۆ خوارەحم

  2 مانگ پێشتر - Feb 12 2019 10:53PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.