هەواڵ
جموجۆڵەكانی داعش لە نزیك هەولێر زیاد دەكات
جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لەسنوری قەزای مەخموری نزیك شاری هەولێر، ڕوو لەزیادبوون دەكات و بەرپرسێكی یەكێتیش لەوبارەیەوە هۆشداریدەدات و ڕاشیدەگەیەنێت: ئەو گروپە چەندین مەفرەزەیان پێكهێناوە، داواشدەكات هەماهەنگی سێ قۆڵی بۆ لەناوبردنیان دروستبكرێت.

ڕەشاد گەڵاڵی، بەرپرسی كۆمیتەی مەخموری یەكێتی، بە SNNی ڕاگەیاند: بەپێی ئەو هەماهەنگییەی لەئاستی هەرێم و بەغدا دروستبووە، نوێنەرانی پێشمەرگە سەردانی مەخمور دەكەن بۆئەوەی هەماهەنگی ڕاستەوخۆیان هەبێت، بەڵام فیرقەی 14ی سوپای عیراق دەیانەوێت هەماهەنگییەكی سێ قۆڵی لەگەڵ پێشمەرگەو هاوپەیمانان دروستبكەن، تا كێوماڵی شاخی قەرەچووخ بكەن بۆ لەناوبردنی پاشماوەكانی داعش.

وتیشی:" بەرنامەی دروستكردنی هێزی هاوبەش لەسنوری مەخمور بەمردوویی لەدایكبوو، ئێستاش هیچ زەمینەیەكی لەبار نییە بۆ دروستكردنی هێزی هاوبەش و پێكهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆن بەچاودێری هاوپەیمانان، چونكە ئامانجی سوپای عیراق تەنها بۆ كێوماڵی شاخی قەرەچووخە".

بەرپرسەكەی یەكێتی هۆشداریشی لەزیادبوونی جموجۆڵی تیرۆرستانی داعشداو ئاشكرایكرد: داعش ئێستا بەئاشكرا خۆیان دەرخستووە، ماوەی چەند ڕۆژێكشیە سەردانی گوندەكانی سنوری ناحیەی قەراجی بناری شاخی قەرەچوخ دەكەن، ئەمەش سەرەتایەكەو لەڕێگەی مەفرەزەی بچوك بچوكەوە هەڕەشەكانیان دەستپێكردووە، ئەگەر بەمزوانەش سوپای عیراق دەست بەجموجۆڵ نەكات و هێزی پێشمەرگەش بەشێوەی ئێستا هەڵسوكەوت لەگەڵ چەكدارانی داعش بكات، ئایندەی گوندەكان باش نابێت و سەرجەمیان چۆڵ دەكرێن.


SNN:

ڕەنج تاڵیب

  2 مانگ پێشتر - Mar 14 2019 10:51PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.