هەواڵ
لیستی موچه‌ی مانگی (1) جیاواز ئاماده‌ ده‌كرێت
لیستی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ یه‌كی‌ ئه‌مساڵ و لێبڕینی‌ قه‌رزه‌كان له‌فه‌رمانبه‌ران جیاوازه‌و له‌هه‌ردوو گه‌نجینه‌ی‌ یه‌ك و دوی‌ سلێمانی‌ به‌دوو میكانیزمی‌ جیاواز لیسته‌كه‌ ئاماده‌كراوه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌نجینه‌ی یه‌ك ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هیچ ڕێنماییه‌كمان بۆ نه‌هاتوه‌ له‌باره‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزی پێشینه‌كان".

وه‌زاره‌تی‌ دارایی نیازی‌ چی هه‌یه‌
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست SNN كه‌وتون، "لیستی موچه‌ی مانگی (1) به‌بێ لێبڕینه‌كانی ئاماده‌ده‌كرێت، به‌ڵام وه‌زاره‌تی دارایی به‌نیازه‌ ڕێنمایی بۆ شێوازی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پێشینه‌كان له‌فه‌رمانبه‌ران ده‌ربكات".
 
گه‌نجینه‌ی‌ یه‌ك بڕیاریدا
حه‌سه‌ن ڕه‌شید به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌نجینه‌ی یه‌كی سلێمانی به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "بیستومانه‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزی پێشینه‌كان له‌فه‌رمانبه‌ران ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به‌فه‌رمی هیچ ڕێنماییه‌كمان بۆ نه‌هاتوه‌".
وتیشی:"لیستی‌ موچه‌ی مانگی (1) به‌بێ لێبڕینه‌كان ئاماده‌ده‌كرێت، به‌ڵام  ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی بونه‌ته‌ كه‌فیلی هاوڵاتیان و پابه‌ندنه‌بون به‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان له‌م مانگه‌وه‌ ئاگاداری كه‌فیله‌كانیان ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر به‌ده‌مییه‌وه‌ نه‌یه‌ن، ئه‌وكاته‌ موچه‌ی كه‌فیله‌كان ڕاده‌گیرێت".
 
چ ڕێنماییه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی‌ مۆڵه‌تیان وه‌رگرتوه‌
ئه‌وه‌شی‌ وت:"ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی قه‌رزی پێشینه‌یان وه‌رگرتوه‌و پاشان مۆڵه‌تی پێنج ساڵه‌یان كردوه‌، هیچ ڕێنماییه‌ك نییه‌ بۆ چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و حاڵه‌ته‌دا".
 
له‌گه‌نجینه‌ی‌ دوی‌ سلێمانی‌ جیاوازه‌
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌گه‌نجینه‌ی‌ دوی‌ سلێمانی‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ SNN ڕونكرده‌وه‌، "ئێمه‌ فه‌رمانگه‌مانمان ئاگاداركردۆته‌وه‌، هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ك لیستی‌ ئاماده‌كردوه‌ به‌لێبڕین، ئه‌وا لێیان ده‌بڕدرێت".
ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، "پێمانڕاگه‌یاندون، ئه‌وه‌شی‌ ئاماده‌ی‌ نه‌كردوه‌ با لێبڕینه‌كه‌ی‌ نه‌خاته‌سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ دوانه‌كه‌وێت، فه‌رمانگه‌كانمان سه‌رپشككردوه‌ له‌ئاماده‌كردنی‌ لیستی‌ موچه‌".
 
به‌شێوه‌ی‌ زاره‌كی‌ پێیان وتراوه‌و چاوه‌ڕوانی‌ نوسراو ده‌كه‌ن
به‌وته‌ی‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ گه‌نجینه‌ی‌ دوو له‌سلێمانی‌، به‌شێوه‌ی‌ زاره‌كی‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ بۆ له‌مه‌ودوا لێبڕین ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام وه‌كو ئه‌و وتی‌:"چاوه‌ڕوانی‌ نوسراوی‌ ڕه‌سمی‌ ده‌كه‌ین".



SNN:

سامان ـ شاهۆ

  2 مانگ پێشتر - Mar 27 2019 8:24AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.