هەواڵ
هه‌واڵێكی‌ گرنگ بۆ فه‌رمانبه‌رانی‌ ئه‌م وه‌زاره‌ته‌
لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌و ناوخۆ له‌په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌كاریی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربونی كابینه‌ی نۆیه‌مدا، پرسی هاوتاكردنی موچه‌و ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌رانی شارستانی له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌گه‌ڵ موچه‌ی كارمه‌ندانی سه‌ربازی یه‌كلایی بكاته‌وه‌، به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كانیش ئه‌و هاوتاكردنه‌ پێویستی به‌پێنج ملیار دینار هه‌یه‌.

عوسمان سێده‌ری جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌و ناوخۆو ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێیه‌كان له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "ده‌بێت جارێكی دیكه‌ به‌دواداچونی ورد بكه‌ین له‌باره‌ی پرسی هاوتاكردنی موچه‌و ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌رانی شارستانی له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم له‌گه‌ڵ موچه‌ی كارمه‌ندانی سه‌ربازیی و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی كۆببینه‌وه‌و بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رێك".

وتیشی:"كێشه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ڕه‌هه‌ندی دارایی هه‌یه‌و پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌رببڕێت پاشان وه‌زاره‌تی دارایی ڕێنمایی بۆ ده‌ربكات".

به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، "تاووتوێكردنی ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌وێته‌ كابینه‌ی نۆیه‌مه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ده‌ستبكاربونی حكومه‌ت، دوباره‌ ئه‌و پرسه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ده‌وروژێنینه‌وه‌و یه‌كێك ده‌بێت له‌و پڕۆژه‌ له‌پێشینه‌كانمان".

لای خۆیشیه‌وه‌، ئه‌یوب عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆو ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێیه‌كان له‌خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "پێشتر وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم دوجار نوسراوی ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم كردوه‌، بۆئه‌وه‌ی هاوتاكردنی موچه‌و ده‌رماڵه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام حكومه‌ت به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ ڕه‌زامه‌ندی ده‌رنه‌بڕی".

به‌گوێره‌ی‌ یاسای ژماره‌ (18)ی ساڵی 2011، وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق بڕیاریدا موچه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی مه‌ده‌نی هاوتای موچه‌ی كارمه‌ندانی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆی بكات و هاوتاكردنه‌كه‌ش له‌ڕۆژی 26ی 8ی 2013وه‌ چوه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی SNNیش، هاوتاكردنی موچه‌و ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌رانی مه‌ده‌نی له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ، پێویستی به‌بڕی نزیكه‌ی پێنج ملیار دیناره‌.


SNN:

ئه‌ركان جه‌بار

 مانگ پێشتر - Apr 20 2019 11:36AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.