هەواڵ
پارتی میكانیزمەكەی پێشێلكرد..یەكێتی هۆشداریدەدات
پەرلەمانتاری ژمارەیەك لەفراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕەخنەی توند لەسەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێم دەگرن لەبارەی بڵاوكردنەوەی ڕاگەیەنراوێك سەبارەت بەڕوداوەكانی ئەمدوایەی خانەقین و دوبز، جێگری سەرۆكی لیژنەكەش ڕایدەگەیەنێت، "پێشتر ڕاگەیەنراوەكە ناوی بارزانی تێدا نەبوە، بەڵام دواتر بەبێ ئاگاداری پەرلەمانتاران دەستكاری كراوە".

ڕۆژی 24ی 5ی 2019، لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕاگەیەنراوێكی لەبارەی ڕوداوەكانی ئەمدوایەی خانەقین و دوبز بڵاوكردەوە كە تێیدا ئاماژە بەوەدەكات، ((بەهیمەتی حەكیمانەی جەنابی سەرۆك بارزانی كە هەر زوو بەدەنگییانەوە هات و بەدانیشتنی لیژنەكەمان لەگەڵ جوتیارانی ئەو گوندانە، توانرا ڕێگە لەو پیلانە بگیرێت و بەفەرمانێك ئێستا ڕێگە دەدرێت ئەو جوتیارانە كاری دروێنەی خۆیان بكەن)).

جەمال حەوێز جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەSNNی ڕاگەیاند، "لەپێش بڵاوكردنەوەی ڕاگەیەنراوەكە، سەرۆكی لیژنەكە كە پارتییە، دەقی ڕاگەیەنراوەكەی لەناو گروپی تایبەت بەخۆمان لە(واتس ئاپ) بڵاوكردەوە كە بەهیچ شێوەیەك ناوی بارزانی تێدانەبوو، بەڵام دواتر بەبێ ئاگاداری پەرلەمانتارانی (یەكێتی، گۆڕان، نەوەی نوێ و حزبی شیوعی)، سەرۆكی لیژنەكە دەستكاری ڕاگەیەنراوەكەی كردوەو تاكڕەوانە بڵاویكردەوە".

باسی لەوەشكرد، "ناكرێت سەرۆكی لیژنە بەویستی خۆی ڕاگەیەنراو بنوسێت بەبێئەوەی ئەندامانی لیژنە ئاگادارنەبن".

وتیشی:"لەكۆبونەوەی یەكەمی لیژنەكەماندا لەسەر ئەو بنەمایە ڕێككەوتین كە بەهیچ شێوەیەك كارو بەرنامەی حزبی تێكەڵ بەكارەكانمان نەكەین، بەڵام بەداخەوە سەرۆكی لیژنەكە كە پارتییە، پێشێلی ئەو میكانیزمەی كرد، هەرچەندە پاشگەزبۆتەوە لەو دەستكارییەی كە كردویەتی".


SNN:

ئەركان جەبار

 3 هەفتە پێشتر - May 25 2019 8:53PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.