شوێنە دیاره‌کانی شار
خانه‌قایی مه‌حویی



ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژووی ڕۆشنبیری كوردی بكه‌ین وه‌ ببینین یه‌كێك له‌ وێستگه‌ گرنگه‌كانی پێشكه‌وتنی ئه‌م بواره‌ بوونی مزگه‌وت و ته‌كیه‌ و خانه‌قاكانه‌ كه‌ به‌هۆی بوونی پیاوی گه‌وره‌ و خاوه‌ن فكر توانیویانه‌ ئاوڕێكی گرنگ له‌ وێژه‌و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی كورد بده‌نه‌وه‌. بوونی ئه‌م شوێنه‌ گشتییانه‌ سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كانی كوردستانی گرتۆته‌وه‌، بۆ نمونه‌ له‌ شاری دهۆك مه‌دره‌سه‌یه‌كی ئایینی گه‌وره‌ی وه‌ك مه‌دره‌سه‌ی (قوبه‌هان)مان هه‌یه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ شاری ئامێدییه‌وه‌، یاخود له‌ شاری هه‌ولێر مه‌ڵبه‌ندی زۆر به‌رچاومان هه‌یه‌، نمونه‌یان مه‌دره‌سه‌ی (ماوه‌ران)ه‌. له‌ شاره‌كانی تری وه‌ك بۆكان كه‌ خانه‌قای شێخی بورهان و له‌ شاری مهاباد خانه‌قای شێخی زه‌مبیلی لێ‌ بووه‌، كه‌ هه‌موو ئه‌م مه‌ڵبه‌ندانه‌ جێگه‌ و پێگه‌یه‌كی گرنگی خوێندو خوێنده‌واری بوون. بێگومان شاری سلێمانی كه‌ سه‌رمه‌شقی ئه‌م كاروانه‌ ڕۆشنبیریییه‌یه‌ به‌و مێژووه‌ كه‌مه‌وه‌ كه‌ هه‌یه‌تی توانیویه‌تی ببێته‌ پێشه‌نگ و چه‌ندین ته‌كیه‌ و مزگه‌وت و خانه‌قای تێدا دابمه‌زرێ‌، كه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌م پێگه‌ ڕۆشنبیریه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌وڵی به‌رده‌وامی میره‌كانی بابان هه‌ر له‌گه‌ڵ دروست بوونی شاردا هه‌نگاوی به‌رچاویان ناوه‌ بۆ پێشخستنی ئه‌م لایه‌نه‌ گرنگه‌ی نه‌ته‌وه‌.

كاتێ‌ شاریان دروست كرد له‌گه‌ڵ دروست كردنی ماڵ و كۆڵانه‌كان و مزگه‌وته‌كانیشیان دروست كرد، بانگهێشتی زۆرێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ ڕۆشنبیرییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یان كرد، بۆ نمونه‌ كاتێ‌ مزگه‌وتی گه‌وره‌یان دروست كرد داوایان له‌ زانای گه‌وره‌ "شێخ مارفی نۆدێی" كرد كه‌ به‌ ماڵه‌وه‌ بێت و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م مزگه‌وته‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ، هه‌روه‌ها مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی كه‌ مزگه‌وتی خانه‌قایان بۆ دروستكرد هه‌روه‌ها حاجی شێخ ئه‌مینی خاڵا بۆ سه‌ر مزگه‌وت و مه‌دره‌سه‌یه‌ك، حاجی مه‌لا ره‌سولی دێلێژه‌ كه‌ هه‌ر مزگه‌وته‌كه‌ش به‌ ناوی خۆیه‌وه‌ له‌ شاره‌كه‌دا ناونرا. یه‌كێك له‌ پێگه‌ ڕۆشنبیرییه‌ گرنگانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن بابانه‌كانه‌وه‌ دامه‌زرا خانه‌قای مه‌حویی بوو كه‌ وه‌ك مه‌كۆیه‌كی گرنگی ڕۆشنبیری نه‌ك سلێمانی بگره‌ ناوچه‌كه‌ و عێراق وابوو، سه‌ره‌تا وه‌ك مزگه‌وتێك له‌لایه‌ن بابانه‌كانه‌وه‌ دروست كراوه‌ و داوا له‌ مه‌لای گه‌وره‌یی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ مه‌لا عوسمانی باڵخ كرا كه‌ به‌ ماڵه‌وه‌ بێته‌ سه‌ر مزگه‌وته‌كه‌، دوای مردنی مه‌لا عوسمانی گه‌وره‌ له‌لایه‌ن مه‌لا عوسمانی دووه‌مه‌وه‌ كه‌ كوڕی بوو به‌ڕێوه‌ده‌برا دوا ئه‌و له‌لایه‌ن مه‌لا محه‌مه‌دی مه‌حوییه‌وه‌ گه‌وره‌ كراو بووه‌ خانه‌قا و مه‌دره‌سه‌یه‌كی گه‌وره‌ی خوێندن كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ خۆی گێڕانه‌وه‌و بۆچونی جۆراوجۆری له‌سه‌ره‌. خانه‌قای مه‌حویی ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ڕاستی شاری سلێمانی و له‌نێوان هه‌ردوو ڕاسته‌ شه‌قامی مه‌وله‌ویی و سه‌یوانی ئێستادایه‌، له‌ناو دڵی بازاڕی سلێمانیدایه‌ به‌تایبه‌تی له‌ چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌ هاوشانی سه‌رای سلێمانی بووه‌. سه‌باره‌ت به‌ مێژووی دروست بوونی خانه‌قا وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه‌ مه‌لا محه‌مه‌دی مه‌حویی "مه‌حویی شاعیر" له‌ ساڵی چوون بۆ حه‌جی و سه‌ردانی مه‌كه‌ و مه‌دینه‌ و ڕێوڕه‌سمی حه‌ج له‌ گه‌ڕانه‌وه‌دا بڕیار ده‌دات بچێ‌ سه‌ر له‌ ئه‌سته‌مبوڵا بدات. مه‌حویی له‌ ساڵی 1830 له‌ شاری سلێمانی له‌دایك بووه‌ كوڕی مه‌لا عوسمانی دووه‌م كوڕی مه‌لا عوسمانی گه‌وره‌ی باڵخییه‌. هه‌ر له‌لای باوكی و باپیری خوێندنی حوجره‌ی ته‌واوكردوه‌ له‌سه‌رده‌ستی ئه‌وان بووه‌ به‌و عالمه‌ گه‌وره‌یه‌ی ئه‌وساو ئێستا.

وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه‌ ئه‌و عالمه‌ گه‌وره‌یه‌ كاتێ‌ سه‌ردانی ئه‌سته‌مبوڵا ده‌كات هه‌واڵا به‌ سه‌در ئه‌عڤهمی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ده‌گات واتا سه‌ره‌ك وه‌زیران، كه‌ پیاوێكی گه‌وره‌ و زانایه‌كی ئیسلامی كورد له‌ شاری سلێمانیه‌وه‌ هاتۆته‌ ئه‌سته‌مبوڵا ئه‌ویش بانگهێشتی ده‌كات. دوایی دیدارو گفتوگۆ زۆر پێی سه‌رسام ده‌بێت هه‌ر بۆیه‌ ده‌یبه‌ن بۆلای سوڵتانی عوسمانی دواتر ده‌سه‌ڵاتدارانی عوسمانی كۆمه‌كی ده‌كه‌ن به‌وه‌ی خانه‌قایه‌ك له‌ شاری سلێمانی له‌سه‌ر ئه‌ركی ئه‌مان دروست بكات. دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م خانه‌قایه‌ دروست ده‌كات و ناوی ده‌نێن (خانه‌قای مه‌حویی) هه‌ر به‌ ناوی مه‌لا محه‌مه‌دی مه‌حویییه‌وه‌.

له‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی تره‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌می "مه‌لا ئه‌سعه‌دی مه‌حوی"یه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ ده‌ڵێ‌ كاتێ‌ مه‌حوی چۆته‌ شاری ئه‌سته‌مبووڵا كچی یه‌كێك له‌ وه‌زیره‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی نه‌خۆشیه‌كی له‌گه‌ڵدا ده‌بێ‌ له‌و دیده‌وه‌ كه‌ مه‌حوی پیاوێكی دینییه‌ و ده‌ڵێن دوعایی گیرابووه‌ بانگهێشتی ده‌كه‌ن دوایی چه‌ند ڕۆژێك له‌سه‌ر یه‌ك و بینینی نه‌خۆشه‌كه‌ چاك ده‌بێته‌وه‌ و دایكی كچه‌كه‌ چی ئاڵتونی هه‌یه‌ پێشكه‌شی مه‌حویی ده‌كات تا له‌ شاری سلێمانی خانه‌قایه‌كی پێ‌ دروست بكات خانه‌قاكه‌ش هه‌ر به‌ناوی (مه‌حوی)یه‌وه‌ بێت ئه‌گه‌ر پێویستیان به‌ یارمه‌تی من هه‌بوو ده‌توانن په‌یوه‌ندیم پێوه‌ بكه‌ن. به‌م شێوه‌یه‌ له‌سه‌ر داوای ژنی ئه‌و وه‌زیره‌ ئه‌م خانه‌قایی مه‌حوییه‌ دروست ده‌كرێت، له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌حوی و له‌ شوێنی مزگه‌وته‌كه‌ی باپیری واتا مه‌لا عوسمانی گه‌وره‌ی باڵغ.

خانه‌قایی مه‌حوی مه‌كۆی گرنگی ڕۆشنبیری شاری سلێمانی به‌ تێپه‌ڕبوونی كات قورسایی زیاتر په‌یدا ده‌كات و له‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ره‌وه‌ له‌ ئێران – عێراقدا، نه‌جه‌ف و شاره‌كانی تری كوردستان خه‌ڵك دێن بۆ خوێندنی له‌ مه‌دره‌سه‌ی خانه‌قاكه‌دا.

له‌ سه‌روبه‌ندی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی كاتێ‌ سلێمانی ده‌كه‌وێته‌ به‌ر شاڵاویی داگیركه‌ری توركه‌ عوسمانیه‌كان (سه‌فه‌ر به‌لك ڕووده‌دات) هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عوسمانی به‌ ئه‌سپه‌وه‌ ده‌چنه‌ ناو حه‌وشه‌یی خانه‌قاو زیان به‌ خانه‌قاكه‌ ده‌گه‌یه‌نن.

دواتریش كه‌ هێزی عوسمانی وڵات جێ‌ ده‌هێڵن و ئینگلیزه‌كان شار ده‌گرن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرجاران خانه‌قایی مه‌حویی جێگه‌ و په‌ناگه‌ی سیاسییه‌كان بووه‌. به‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست ئینگلیز كه‌وتووه‌ گوایه‌ شێخ مه‌حمودی حه‌فید له‌ خانه‌قایی مه‌حویدایه‌، فڕۆكه‌كانی ئینگلیز به‌ بۆمب خانه‌قای مه‌حوی بۆردومان ده‌كه‌ن و زیان به‌ خانه‌قاكه‌ ده‌گه‌یه‌نن.

به‌گشتی ده‌توانین بڵێین خانه‌قایی مه‌حوی وێستگه‌یه‌كی گرنگی په‌روه‌رده‌كردنی زۆر له‌ كه‌سایه‌تیه‌كان بووه‌ و به‌ گیانێكی زۆر كوردانه‌ په‌روه‌رده‌یی كردون، نمونه‌مان سه‌ید ئه‌حمه‌دی به‌رزنجی –مه‌لا جه‌لالی گڵه‌زه‌رده‌-حه‌مه‌كه‌ریم هه‌ورامی- مه‌لا نوری فارس- چه‌ندانی تر..

مه‌حویی خاوه‌ن هه‌ڵویست بووه‌و یه‌كێك بووه‌ له‌وانه‌ی كه‌ جگه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی خواپه‌رستی و عیرفان یه‌كێك بووه‌ له‌و مرۆڤه‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ی ڕێبازی ته‌ریقه‌تی نه‌قشه‌به‌ندی له‌و ڕێبازه‌وه‌ كوردایه‌تی كردووه‌ به‌ گژ زوڵم و زۆرداردا چۆته‌وه‌، ڕووبه‌ڕووی دیاریده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی بۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ شیعره‌كانیه‌وه‌ دیاره‌.

خانه‌قای مه‌حوی سه‌رده‌مێ‌ كوانوی زۆر له‌ خۆپیشاندانه‌كان و دروست بوونی كۆمه‌ڵه‌ سیاسییه‌كان بووه‌ به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می مه‌لا خالیدی مه‌حویی و مه‌لا ئه‌سعه‌دی مه‌حوی. له‌ناو خانه‌قایی مه‌حویدا (كۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تی) داده‌مه‌زرێ‌ له‌لایه‌ن مه‌لا ئه‌سعه‌دی  مه‌حوی و شێخ له‌تیفی شێخ مه‌حموده‌وه‌ به‌ پشتگیری و هاندانی مه‌لیك مه‌حمود ئه‌مه‌ش ڕۆڵی سیاسی خانه‌قا دیاری ده‌كات كه‌واته‌ خانه‌قایی مه‌حوی مه‌ڵبه‌ندێك بووه‌ هه‌ندێ‌ جار هه‌ڵبژاردنی تێدا كراوه‌ ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ گردبوونه‌وه‌كان له‌ خانه‌قادا ئه‌نجام بدرێ‌. هه‌ر بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین پێگه‌ی خانه‌قای مه‌حوی له‌ڕووی ڕۆشنبیرییه‌ و له‌ڕووی سیاسیی و پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه‌ له‌ مێژووی شاری سلێمانیدا.

خانه‌قای مه‌حویی له‌ ئێستادا موڵكی تاكه‌ كه‌سێك نیه‌ هه‌موو كوردێك ده‌توانێ‌ خۆیی به‌ خاوه‌نی بزانێ‌. ئه‌گه‌ر له‌ مێژووی دروستبوونی خانه‌قا وردبیته‌وه‌ ده‌بینین خانه‌قا په‌یوه‌ست نه‌بووه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌ی مه‌حوییه‌وه‌ و ئه‌وان خۆیان به‌ خاوه‌نی بزانن. خه‌ڵكی به‌ شوێنێكی گشتی شاریان زانیووه‌ له‌ڕووی ئاینییه‌وه‌. له‌ڕووی ڕۆشنبیرییه‌وه‌، له‌ڕووی ئه‌ده‌بییه‌وه‌ زۆربه‌ی كات ڕۆشنبیره‌كانی شار له‌وێ‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌ و گفتوگۆیان ده‌كرد له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ ئه‌ده‌بییه‌كان. خانه‌قا په‌یوه‌ندیی توندوۆڵی له‌گه‌ڵا مه‌سیحیه‌كانی شاردا هه‌بووه‌ به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می مه‌لا خالیدی مه‌حویدا. مه‌سیحیه‌كان سه‌ردانی خانه‌قایان كردووه‌ له‌كاتی پێویستدا. هه‌روه‌ها جوله‌كه‌كان سه‌ردانی خانه‌قایان كردووه‌ به‌تایبه‌ت هه‌ندێ‌ له‌ خواجه‌كان گفتوگۆیان ده‌كرد. خانه‌قای مه‌حوی به‌ یه‌كێك له‌ مه‌ڵبه‌نده‌ گرنگه‌كانی خوێندن داده‌نرێت له‌م شاره‌دا كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی ئه‌م شاره‌ لێره‌دا په‌روه‌رده‌ بوون. خوێندنی ئاینییان ته‌واوكرد، ئه‌و مامۆستایانه‌ی وانه‌یان ده‌وته‌وه‌ هه‌ر له‌ بنه‌ماڵه‌ی مه‌حوی نه‌بوون به‌ڵكو مامۆستای گه‌وره‌ له‌م خانه‌قایه‌دا وانه‌یان وتۆته‌وه‌ هه‌روه‌ها كه‌سایه‌تی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و ڕۆشنبیری سه‌ردانی ئه‌م خانه‌قایه‌یان كردووه‌، بۆ نمونه‌ مه‌وله‌وی، شێخ محه‌مه‌دی خاڵا- مه‌لا حه‌مدونی شاعیرت مه‌لا حه‌سه‌نی عه‌لاف- مه‌لیك فه‌یصه‌ل- مه‌لیك مه‌حمود- گۆران- پیره‌مێرد- ئه‌مجه‌د زه‌هاوی- ئیسماعیل شاوه‌یس- شێخ له‌تیفی دانساز- عیزه‌ت كابان .. سه‌ردانی ئه‌م خانه‌قایه‌ی كردووه‌.
ده‌توانین بڵێین خانه‌قای مه‌حوی خۆی ته‌نها له‌ شتێكدا قه‌تیس نه‌كردبوو هه‌ندێ‌ جار ده‌نگ خۆشه‌كانی شار شه‌وانه‌ كۆده‌بوونه‌وه‌ له‌ژوورێكدا به‌سته‌و فۆلكلۆریان زیندو ده‌كرده‌وه‌، وه‌ك ڕه‌شوڵا و حه‌مه‌ی به‌كر و ده‌روێش عه‌بدوڵڵا و مه‌لای خه‌یاڵا و .. چه‌ندانی تر.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.