مێژووی شار
پیشەی زەڕەنگەری لە سلێمانی چۆن سەری ھەڵدا؟

پاش ھاتنی جولەکەکان بۆ شاری سلێمانی، لەدوای خۆیان مێژوویەکی پرشنگداریان بەجێھێشت، کە داھاتووی چەندین خەڵکی لێھاتووی لەسەر بنیادنرا، ئەویش بە داھێنانی چەند پیشەیەک کە جۆرێک لە نوێگەری و داھێنانی خستە ناو بازاڕی ئەم شارەوە، لەھەمانکاتدا پەیوەندی خەڵکی ئەو سەردەمەی سلێمانی لەگەڵ جولەکەکاندا تەنھا لە چوارچیوەیەکی کۆمەڵایەتیدا ڕەنگی نەداوەتەوە، بەڵکو لەگەڵ خۆیاندا چەندین جۆر پیشەی نوێ و بەتایبەتی  زەڕەنگەری بۆ ئەم شارە گواستراوەتەوە، جگە لە پێگەیاندنی گەنجی بەتوانای ئەو زەمەنە لەسەردەستی ئەوان، ئەمەش زیاتر پەیوەندیە تایبەتییەکانی خەڵکی شار و خێزانە جولەکانی پتەوتر کردووە.

مێژووی پیشەی زەڕەنگەری لە سلێمانی

ھەروەک پیشەگەرە دێرینەکانی سلێمانی دەیگێڕنەوە، مێژووی  سەرھەڵدانی زەڕەنگەری لەم شارەدا  دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە جولەکەکان کۆچیان کردووە بۆ کوردستان، ھاوکات لەگەڵ کلتور و دابونەریتی خۆیاندا ئەم پیشە بەھادارەیان ھێناوەو پەرەیان پێداوە.

جەلال بایز، کە یەکێکە لە زەڕەنگەرە دێرینەکانی  سلێمانی لەساڵی ١٩٥٨وە سەرقاڵی بوارەکەیە باس لەوەدەکات، بۆ یەکەمجار لە ساڵی  ١٩٥٠وە کاتێک جولەکەکان ھاتنە سلێمانی، پیشەی زەڕەنگەریان لەگەڵ خۆیاندا ھێناوە، وەک ئەو زەڕەنگەرە دەیگێرێتەوە و دەڵێت: ئەوان  کارێکی زۆر باشیان لەدوای خۆیان بەجێھێشت،  ھەروەھا لەسەر دەستیان چەندەھا گەنجی بەتوانا فێری پیشەکە کران، کە لەئێستادا بەردەوامن لەسەر ئەوکارە. ووتیشی: لەدوا بەجێھێشتنی سلێمانی و گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی ئیسڕائیل، ئەو کەسانەی لایان کاریان دەکرد، جێگای ئەوانیان گرتەوە  ئەوانیش وەک: حاجی عەزیزی زەڕەنگەر و عوسمانی عەلی بەگ، لەو کەسانە بوون کە پێشتر کاریان لای جولەکەکان کردبوو. 

جەلال بایزی زەڕەنگەر، باس لەو  ڕێگایانە دەکات بۆ دروستکردنی پارچە ئاڵتونی جۆراوجۆر کە لەپیشەکەدا بەکاردەھێنرێت  ووتی: لەسەرەتادا لای جولەکەکان بە چەکوش ئاڵتوون ڕادەکێشرا و ماندوبونێکی زۆری ویستووە، پاش ئەوە مەکینەی دەستی ھاتە سلێمانی و ئاڵتونەکەی بەدەست لێوە  ڕادەکێشرایە دەرەوە،ھەروەھا ئاڵتوون خۆی پاکە، بەڵام پاش ئەوەی دەگیرێتەوە پێویستە جارێکی تر پاک بکرێتەوە.

" فرۆشی ئاڵتوون وەکو ئێستا نەبووە"

  بە دەم خوارنەوەی چایەکی گەرمەوە جەلال بایزی زەڕەنگەر ڕایوابوو، بەراورد بەو زەمەنە کۆنە، فرۆشی ئاڵتوون وەکو ئێستا نەبووە، ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ھەژاری و کەم دەرامەتی خەڵکی ئەوکاتە، کە توانای نەبوو ئاڵتونێکی زۆر بکرێت، ھەروەھا لەو کاتانەی کە سەرەتای دەست پێکردنم بوو بە پیشەکە، جاری واھەبووە لە مانگێکدا لاگیرەیەک یان ملوانکەیەکمان دروست دەکرد.

"تەنھا خواپێداوەکان دەیانتوانی بیکڕن"

 لە مێژووە پرشنگدارەکەی سلێمانیدا چەندین جۆر ئاڵتوون بەرھەم ھێنراوە وەک ( گۆبەرۆک و دوگمەو دۆڵاب لەگەڵ  گەردانە)، بەڵام لەئێستا بەزۆری لیرە و عاشق بەن و زنجیر و گۆبەرۆک دروست دەکرێت.

بە ووتەی زەڕەنگەرە دێرینەکەی سلێمانی، لە ساڵانی شەستەکاندا گۆبەرۆکێکی دروستکردووە و بە ٣ دینار، بەڵام ئێستا بە ١٠٠٠دینارە، ھەرچەندە کاتی خۆی خەڵک ئەو پارەیەی پێ ھەڵنەدەسوڕا، بەلام بەو ووتەی خوی تەنھا خوا پێداو و بنەماڵە خانەدان و دەوڵەمەندەکان کە ژنیان بۆ کوڕەکانیان مارە دەکرد بۆیان دەکڕین.

"چیرۆکی چیابوونەوەی ژن و مێرد لە کاتی کڕینی ئاڵتوون"

لەبارەی دروستبوونی چیرۆک و ڕووداو لە کاتی کڕین و دروست کردنی جۆری ئاڵتووندا، بایزی زەڕەنگەر کورتە چیرۆکێکی دڵ تەزێنی بۆمان گێڕایەوە و ووتی: کاتی خۆی   کوڕ و کچێک  ھاتنە لام بۆ ئەوەی لەسەر داوای خۆیان جۆری ئاڵتونیان بۆ دروست بکەم، بەڵام بەداخەوە  لەبەر ئەوەی کچەکە ئاڵتوونێکی زۆری داواکرد، کوڕی داماویش لەتوانایدا نەبوو ئەوەی کە ئەو ویستی  بۆی بکرێت، بۆیە لەھەمان شوێندا لێک جیابونەتەوە.

"کیلۆیەک ئاڵتوون بە ٤١٢ دینار"

ھەروەک ئەو زەڕەنگەرە بۆمانی گێڕایەوە، لە سەرەتای ھەشتاکاندا نەوعیەتی ئاڵتوون گۆڕانی بەسەردا ھات و بەرەوپێشچوو، ئەویش بەھۆی دروستبوونی گۆڕانکاری لە دنیادا، ئاماژەی بەوەشدا، کە لەساڵی ١٩٦٢دا ئەو کاتەی شاگردبووە ١ کیلۆ ئاڵتوونیان لە حکومەت وەردەگرت بە ٤١٢دینار. ھەروەک خۆی باسی لێوەکرد، سەرجەمی ئەو جەنگانەی پێشتر لە عێراقدا ڕویداوە کاریگەری خراپی بۆ سەر نرخی ئاڵتوون ھەبووە، ھەروەک ئێستا دەیبینین نرخی  کیلۆیەک ئاڵتوون بەرز بوەتەوە بۆ ٥دەفتەر دۆلار.

لە درێژەی وتەکانیدا باسی لەو ئاڵتونچییە دێرینە بەناوبانگانەی شاری سلێمانی کرد کە ھەندێکیان کۆچی دواییان کردووە ئەوەشی  خستەڕوو، کە زۆرن ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردووە، لە کەسە بەناوبانگەکانی ئەو کاتەی سلێمانی

وەک: ( عەزیزی زەڕەنگەر و حاجی نەجم و عوسمانی عەلی بەگی زەڕەنگەر.(

جەلال بایزی زەڕەنگەر ئەوەی پێ وتین، پێشتر لەگەڵ بازرگانانی بەغدا کڕین و فرۆشتن لەنێوانیاندا ھەبووە، بەڵام بەزۆری  ئەمان ئاڵتونیان لەوان دەکڕی، چونکە کارەکانیان لای ئێمە بازاڕی باشی ھەبووە، ئەوەش لەبەر ئەوەی کەرەستەی عەرەبی جیاوازە لە کوردی، وە ھەروەھا ئەو شتانەی ئێمە دروستی دەکەین بەزۆری لە ناوچەکانی خۆماندا دەفرۆشرێن و بەکاردەھێنرێت.

"ئاوابوونی خۆری پیشەی زەڕەنگەری"

لە دوکانەکەی جەلالی زەڕەنگەردا گفتوگۆکەمان درێژە پێداو ناوبەناو دوو وەستای دیکە کە پیشەکەیان زەڕەنگەری بوو پییان دەبڕین و  باسیان لەوە دەکرد، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار ڕێ لەو ڕێژە زۆرەی ھێنانی ئاڵتوون بگرێت، کە لەدەرەوە ھاووردە دەکرێت، چونکە کاریگەری خراپی بۆسەر پیشەکە ھەیە، ھاوکات جەلالی زەڕەنگەر بۆخۆی یەکێکە لەو کەسانەی لە سلێمانیدا  بە وەستایەکی باش ناسراوە، بەداخەوە وەک خۆی باسی لێوە دەکات، لەئێستادا بەھۆی ھێنانی ئاڵتوون لەلایەن سەرمایەدارەکانەوە بە نرخێکی ھەرزان، ئەو پیشەیەی کە جوولەکە بۆی ھێناین، خۆری بەرەو ئاوابوون دەچێت.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
E-Mail: Info@snnc.co
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.