شوێنە دیاره‌کانی شار
ماڵی سۆفی کەریم سەراج، لەماڵێکەوە بۆ ناوەندێکی کولتوری

 ماڵی سۆفی کەریم سەراج بەیەکێک لەخانوە کۆنەکانی شاری سلێمانی ئەژمار دەکرێت، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی ١٨٩٠، کەدواتر و لە ساڵی ١٩٢٢بەرەی دوو ژنی ێۆفی کەریمی سەراج لەو خانوەدا نیشتەجێبوون.
ھونەری تەلار سازی
دووبارە کردنەوەی دەرگای خانووەکەی سۆفی کەریم سەراج، لەدوای نۆژەنکردنەوەی، سەردانکەرانی دەگەڕێنێتەوە بۆ ھونەری تەلارسازی لەسەردەمی دێرینی بنیاتنانی شاری سلێمانی، سەرپەرشتیارانیشی دەیانەوێت لەڕێی سەردانکردنی ھاوڵاتیانەوە بۆ ئەو شوێنە، بگەڕێنەوە بۆ ئەو ساڵانەی کەتێیدا خەڵکی سلێمانی بەجوانترین شێواز و تۆکمەترین بنیات خانووەکانیان دروست دەکرد.
حەسەن زیرەک
عومەری سۆفی کەریمی سەراج، بۆ SNN دەڵێت: براکانم شەیدای ھونەری رەسەنی کوردەواری بوون، شەوانە ئەم خانووە ببووە ناوەندێکی رۆشنبیری و زۆربەی ھونەرمەند و شاعیرانی ئەم شارە لێرە کۆدەبوونەوە، بەجۆرێک ھونەرمەندی کۆچ کردوو حەسەن زیرەک لەنێوان ساڵانی ١٩٦٦بۆ ١٩٦٧دا پێنج شریتی لەم ماڵەدا تۆمار کردوە.
نۆژەنکردنەوە ھاوشێوەی پێشتر 
پاش تێپەڕبوونی ٢٠٠ ساڵ و بەپشت بەستن بەستانداردی یونسکۆ، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی ماڵی سۆفی کەریم سەراجی بەشوێنەوارێکی مێژویی ناساند و نۆژەنی کردەوە بەبەکارھێنانی(قسڵ و خشت و دارەڕا) کە ھەمان ئەو کەرەستانەن کەپشتر لێی دروستکراوە.
بەپێی یاسای شوێنەواری عیراقی، ھەرپاشماوەیەکی مێژوویی ٢٠٠ساڵ مایەوە دەبێتە شوێنەوارو کەمتر لە ٢٠٠ ساڵیش دەبێتە کەلەپوور، وەک شوێنەواری سلێمانی ئاماژەی پێدەکات بەشێک لەخانووە دێرینەکانی سلێمانی بوونەتە شوێنەوار و ئەوانی دیکەش وەکو کەلەپوور ھەژمار دەکرێن.
کەلەپوری کوردی و پارچە مێژووییەکان لەماڵەکەدا
ئەکرەم عوسمان بەڕێوبەری ماڵی سۆفی کەریمی سەراجیش بۆ SNN وتی: وەک ئەرکێکی نیشتمانی پاش وەرگرتنی مۆڵەتی بەڕێوبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی دەرگای ئەم خانوەمان بەڕووی ھاوڵاتیاندا کردەوە، جگەلەنمایشی خانوەکە، لەڕێگەی بەرھەمی ٤٠ساڵی کاری کۆکردنەوەی شتومەکی(ئەنتیکە) و کاری دەستی کەلەپوری، چەندین پارچەی کەلەپووری لەم شوێنەدا پارێزراوە و بۆ سەردانکەران نمایشدەکرێت.
کراسی و مۆری یەکێک لەوەزیرەکان
لەماڵی سۆفی کەریمی سەراج دا یەکێک لەکراسەکانی"عەبدولکەریم قاسم"ی چل و حەوتەمین سەرۆک وەزیرانی عیراق پارێزراوە کە(عەبدولکەریم قاسم لەبەرەبەیانی ١٤ی تەمموزی ساڵی١٩٥٨ کودەتایەکی سەربازی ئەنجامداو توانی کۆتایی بەسیستمی مەلیکی لەعیراق بھێنێت و سیستەمی کۆماری راگەیاند و لەکاتەوە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی و وەزیری بەرگری بوو تا ٨ شوباتی ١٩٦٣ کە بەعسییەکان کودەتایەکیان بەسەردا کرد و لەسێدارەیاندا.)، جگەلەوەش مۆری"کەریمی عەلەکە"ی تێدایە کەیەکێک بووە لەوەزیرەکانی حکومەتەکەی شێخ مەحمودی نەمر.
ناوەندێکی رۆشنبیری و ھونەریی


ئەکرەم عوسمان، وتیشی: چۆن ساڵانی شەستەکان ئەم خانوە بووە ناوەندێکی ھونەریی و لەلایەن کوڕەکانی سۆفی کەریمی سەراجەوە چەندین شریتی تێدا تۆمارکراوە، ئەمڕۆ و پاش تێپەڕبونی زیاتر ٥٠ ساڵ مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، ماڵەکەی سۆفی کەریمی سەراج دەبێتەوە ناوەندێکی رۆشنبیری، جگەلەتۆمارکردنی چەندین بەرنامەی ھونەریی لەکەناڵەکان، ژمارەیەک ھونەرمەندی لاوی کورد بەسود وەرگرتن لەم ماڵە گۆرانیە کۆنەکان نوێ دەکەنەوە و لەم ماڵەدا کاری دەرھێنانی کلیپی بۆ دەکەن.
چین وتوێژەکان سەردانی دەکەن
بەڕێوبەری ماڵی سۆفی کەریمی سەراج دەشڵێت: جگە لە نمایشکردنی کەرەستە کەلەپورییەکان لەم ماڵەدا رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لەچین و توێژەکان لە(خانەی بەساڵاچوان و نەوجەوانان و دایەنگە و باخچەی ساوایان و قوتابخانەکان و فەرمانبەران و ..ھتد) سەردانی ئەم شوێنە دەکەن، ھەروەھا توانیمان چایخانەیەک بەناوی"ژووری حەسەن زیرەک" دروست بکەین تا ھەوادارانی ھونەری رەسەنی کوردی کاتێکی خۆشی تێدا بەسەربەرن، ھاوکات چێژ ببینن لەخواردنی کوردەواری کەپێشکەشی میوانەکان دەکرێت.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.