شوێنە دیاره‌کانی شار
به‌شێك له‌كه‌لوپه‌له‌كانی شێركۆ بێكه‌س فڕێده‌درێن


كه‌لوپه‌له‌ تایبه‌تیه‌كانی‌ شاعیر گه‌وره‌ی كورد شێركۆ بێكه‌س مه‌ترسی‌ فه‌وتاندنیان له‌سه‌ره‌ و هه‌ڵۆی‌ كوڕی‌ رایده‌گه‌یه‌نێت"هه‌ندێك كه‌لوپه‌لی به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ خراپبوو بوون فڕێدران" و هه‌ڵوێستی‌ خۆشیان له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ماڵه‌كه‌ی‌ بكرێته‌ مۆزه‌خانه‌ ئاشكراده‌كات و ده‌ڵێت: ره‌زامه‌ندین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ی‌ بكرێته‌ مۆزه‌خانه‌.

هه‌ڵۆ كوڕی‌ شاعیر گه‌وره‌ی كورد شێركۆ بێكه‌س، له‌باره‌ی‌ بیرۆكه‌ی‌ به‌مۆزه‌خانه‌كردنی‌ ماڵه‌كه‌ی‌ شێركۆ بێكه‌س له‌شاری‌ سلێمانی‌، له‌لێدوانێكیدا بۆ SNN وتی: له‌دوای‌ كۆچی‌ دوای‌ باوكمان، كه‌لوپه‌له‌كانی‌ هه‌ر له‌خانووه‌كه‌یدا ماوه‌، هه‌ندێك له‌ كه‌لوپه‌له‌كانیشی به‌هۆی كاریگه‌ری‌ كه‌شوهه‌واو و بوونی شێ له‌خانووه‌كه‌دا زیانیان به‌كه‌وتووه‌ و له‌چه‌ند ساڵی‌ رابردودا هه‌موویمان كۆكرده‌وه‌، هه‌ندێك كه‌لوپه‌لی به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ خراپبوو بوون فڕێدران، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا كۆكراوه‌ته‌وه‌ و داپۆشراون، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ زانستی‌ نه‌كراوه‌ مه‌ترسیان له‌سه‌ر هه‌یه‌.

وتیشی: پێویسته‌ ئه‌و شوێنانه‌ ببێته‌ شوێنێكی گشتی و مۆزه‌خانه‌، شوێنێك بۆ گه‌شتیار و ئه‌ده‌بدۆستانی كورد و ناوچه‌كه‌ و جیهانیش، كه‌ له‌ژیانیدا خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌شیعرو زمان‌و ئه‌ده‌بیاتی كوردی كرد، بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵك و نه‌وه‌ی داهاتوو ببینێت و بزانن نوسه‌ر و شاعیره‌كانمان چۆن ژیاون و زانیاری‌ له‌سه‌ریان هه‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌زۆرێك له‌وڵاتان بۆ كه‌سایه‌تیه‌كانیان كراوه‌، به‌تایبه‌تی له‌شوێنێكی وه‌ك سلێمانی كه‌ به‌شاری رۆشنبیری داده‌نرێت، زۆر پێویسته‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێشتر به‌زاره‌كی پێشنیازیان بۆكراوه‌ تاوه‌كو ماڵه‌كه‌ی شاعیر گه‌وره‌ی كورد شێركۆ بێكه‌س بكرێته‌ مۆزه‌خانه‌، به‌ڵام به‌پاساوی‌ قه‌یرانی دارایی هیچ هه‌نگاوێكی‌ كرده‌یی‌ نه‌نراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر داوایان لێبكرێت ره‌زامه‌ندن ماڵه‌كه‌ی‌ و كه‌لوپه‌له‌كانی‌ بكرێته‌ شوێنێكی‌ گشتی‌ و مۆزه‌خانه‌، وتی: ئێمه‌ ره‌زامه‌ندین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ی‌ بكرێته‌ مۆزه‌خانه‌، به‌ڵام خۆناكرێت ببه‌خشرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌بێبه‌رامبه‌ریش بدرێت به‌حكومه‌ت نابێت وه‌ریبگرێت، به‌ڵكو پێویسته‌ له‌رووی مه‌عنه‌ویی و مادییه‌وه‌ هاوكاری خێزانه‌كه‌ی بكرێت، ئه‌گه‌ر هه‌نگاونرا هاوكارییان ده‌كه‌ین، به‌ڵام پێمان باشه‌ له‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و حكومه‌ته‌وه‌ بكرێت نه‌ك لایه‌نێك و حزب بیكات، ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش هاوكاری‌ حكومه‌ت بكه‌ن هه‌ر ئاساییه‌.

هه‌ڵۆ شێركۆ بێكه‌س، وتیشی‌: پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ زانستی‌ خانووه‌كه‌ ده‌ستكاری‌ بكرێت و كه‌لوپه‌له‌كانی مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا بكرێت، بۆئه‌وه‌ی‌ له‌فه‌وتان و خراپبوون بپارێزرێن.

شێركۆ بێكه‌س:

شێركۆ بێكه‌س، كوڕی‌ شاعیری‌ ناسراوی‌ كورد فایه‌ق بێكه‌س، له‌ساڵی ١٩٤٠له‌ شاری‌ سلێمانی له‌دایكبووه‌ ‌و به‌ یه‌كێك له‌ شاعیره‌ ناسراوه‌كانی كورد داده‌نرێت له‌سه‌ده‌ی رابردوودا، له‌٤ی ئابی ٢٠١٣ له‌ ستۆكهۆڵمی پایته‌خی سوید به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ كۆچی دوایی كرد.

شاعیر شێركۆ بێكه‌س هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی لاوێتییه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورده‌وه‌ كردوه‌‌ و یه‌كه‌مین دیوانی شیعری خۆشی له‌ ساڵی 1968 دا بڵاوكردوه‌ته‌وه‌، خاوه‌نی 30 به‌رهه‌می شیعرییه‌‌و له‌ناو ئه‌و شیعرانه‌شدا هۆنراوه‌ی كورت‌و درێژو شانۆی شیعری‌و ده‌قی كراوه‌‌و چیرۆكی شیعری هه‌یه‌، بژارده‌یه‌ك له‌ شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره‌ بۆسه‌ر زیاتر له‌ 10 زمانی بیانی وه‌رگێڕدراون‌و چه‌ندین خه‌ڵاتی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی وڵات وه‌رگرتوه‌.

شێركۆ بێكه‌س له‌به‌شێكی وه‌سێتنامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت:

 با كتێبخانه‌كه‌م‌ و دیوانه‌كانم‌ و وێنه‌كانم ببرێن بۆ شوێن مه‌زاره‌كه‌م، با كافتریایه‌ك‌‌ و باخچه‌یه‌كی بچكۆلانه‌ له‌و شوێنه‌دا هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی شاعیران‌‌و نو‌سه‌ران‌‌و كچ‌و كوڕی دڵدار ببنه‌ میوانم، من ئه‌مه‌وێ له‌ ئێسته‌وه‌ به‌چاوی خه‌یاڵ ته‌ماشای ئه‌و پاركه‌ بكه‌م‌‌و دوای مردنی خۆم ببینم، ئه‌مه‌وێ به‌ده‌م چریكه‌ی دیلان‌و ئه‌ڵڵا وه‌یسیه‌كه‌ی مه‌ردان‌و سرودی (خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی)ـه‌وه‌ ئاڵای كوردستانم تێوه‌ پێچرابێ‌و بنێژرێم، من ئه‌مه‌وێ له‌ پرسه‌كه‌مدا مۆسیقا لێبدرێت، له‌ناو مه‌زاره‌كه‌مدا تابلۆی جوانی هونه‌رمه‌ندانی شاره‌كه‌م هه‌ڵبواسن، من ئه‌مه‌وێ دوای خۆم‌‌و به‌ناوی (بێكه‌س)ه‌وه‌ خه‌ڵاتێكی ساڵانه‌ ته‌رخان بكرێ‌و بدرێت به‌ جوانترین دیوانه‌ شیعری هه‌ڵبژێردراوی ئه‌و ساڵه‌‌و خه‌رجی ئه‌م خه‌ڵاته‌یش له‌و میراته‌ بدرێ كه‌ جێیده‌هێڵم.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
E-Mail: [email protected]
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.