کەسایەتی شار
یه‌كتا به‌گی مسته‌فا به‌گ



نوسینی: عبدالخالد صابر

ناوی راسته‌قینه‌ی محه‌مه‌د ساڵح كوڕی مسته‌فا حسێن به‌گه‌‌و له‌ بنه‌ماڵه‌ی حاجی به‌گه‌ كه‌كاتی خۆی كارێزێكی به‌نلوی خۆیه‌وه‌ هه‌بووه‌‌و ئێستا هه‌ر به‌ناوی خۆیه‌وه‌یه‌تی ‌و كه‌وتۆته‌ گه‌ڕه‌كی عه‌لی كه‌مال.

بنچینه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر خدر به‌گی سێیه‌م فه‌رمانڕه‌وای بابان له‌ مه‌رگه‌، له‌ ساڵی 1885ی زایینی له‌ شاری سلێمانی پێی ناوه‌ته‌ ژیانه‌وه‌، سه‌ره‌تا له‌مزگه‌وت ‌و حوجره‌كانی ئه‌و شاره‌دا وانه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌می خوێندووه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ شاره‌زایی باشی له‌ زمانی فارسی ‌و عه‌ره‌بیدا په‌یداكردووه‌.

دوای ماوه‌یه‌ك بۆ خوێندن ده‌چێت بۆ (ئه‌سته‌نبوڵ) ‌و له‌وێ‌ له‌ قوتابخانه‌ی (حربیه‌)دا بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك وانه‌ی جه‌نگیی ‌و سه‌ربازیی ده‌خوێنێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر زیره‌ك بووه‌ نازناوی (یه‌كتا) كه‌ وشه‌یه‌كی توركییه‌ ‌و به‌واتای (زیره‌ك) دێت به‌سه‌ریاندا دابڕیوه‌، پاش ته‌واوكردنی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سلێمانی، له‌رۆژی 13ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 1322ی رۆمی به‌رامبه‌ر ساڵی 1906ی زایینی به‌مووچه‌ی (250) قروش له‌ناحیه‌ی (برواری باڵا) به‌وه‌زیفه‌ی (مه‌ئموری مالیه‌) داده‌مه‌زرێت ‌و تا شوباتی ساڵی 1910 له‌و كاره‌یدا ده‌مێنێته‌وه‌.

پاشان له‌ڕێكه‌وتی 4ی نیسانی هه‌مان ساڵ به‌ موچه‌ی (400) قروش ده‌كرێت به‌به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی (ده‌لی عه‌باس)‌و تا 15ی ته‌مموزی هه‌مان ساڵ له‌و شوێنه‌دا كاری وه‌زیفه‌یی ئه‌نجام ده‌دات، له‌دوای ئه‌و رۆژه‌وه‌ به‌مووچه‌ی (500) قروش ده‌گوێزێته‌وه‌ بۆ ناحیه‌ی (صه‌لاحیه‌ كفری)‌و له‌و شارۆچكه‌یه‌دا ده‌كرێت به‌به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كه‌، له‌رۆژی 24ی مایسی 1914دا به‌مووچه‌ی هه‌زار قروش به‌هه‌مان پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی ده‌گوزرێته‌وه‌ بۆ ناحیه‌ی (شامیه‌)‌و دوای ماوه‌یه‌ك ده‌كرێت به‌جێگری قایمقامی هه‌مان ناحیه‌.

به‌هۆی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی جیهانییه‌وه‌ له‌ساڵی 1914 بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ له‌وه‌زیفه‌ دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، پاشان بۆ جاری دووه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر وه‌زیفه‌ ‌و له‌رۆژی 1ی شوباتی ساڵی 1919دا به‌مووچه‌ی (200) روپیه‌ ده‌كرێت به‌ (مه‌ئمور مالیه‌) له‌شاری سلێمانیدا‌و له‌و كاره‌یدا تا رۆژی 22ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 1922 ده‌مێنێته‌وه‌

دواتر له‌ 12ی ته‌مموزی ساڵی 1923‌و به‌هه‌مان وه‌زیفه‌ ‌و به‌هه‌مان مووچه‌ ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر وه‌زیفه‌‌و تارۆژی 10ی كانوونی یه‌كه‌می هه‌مان ساڵ له‌و كاره‌یدا ده‌مێنێته‌وه‌، له‌دوای ئه‌و رۆژه‌وه‌ به‌هۆی ئالۆزیی باردۆخی ئه‌و كاتانه‌وه‌، بۆ ماوه‌ی هه‌شت ساڵ له‌وه‌زیفه‌ دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، تا ڕێكه‌وتی 26ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 1931دا ده‌كرێت به‌ سه‌رۆكی شاره‌وانیی سلێمانی ‌و بۆیه‌ ئه‌م پله‌ی وه‌زیفه‌یه‌ی ده‌ده‌نێ‌.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌بواری كارگێڕییدا زۆر شاره‌زا بووه‌‌و جگه‌ له‌وه‌ش چه‌ند زمانێكی زانیوه‌‌و له‌لای خه‌ڵكی شاره‌كه‌ش ناسراو بووه‌، هه‌روه‌ها له‌و كاره‌ وه‌زیفه‌ییانه‌ی پێشوویدا دڵسۆز‌و كارامه‌ بووه‌، یه‌كتا به‌گ تا رۆژی 21ی تشرینی دووه‌می ساڵی 1935 به‌سه‌رۆكی شاره‌وانی له‌و شاره‌دا ده‌مێنێته‌وه‌‌و له‌و ماوه‌یه‌دا چی له‌تونایدا بووبێت بۆ خزمه‌تی شاره‌كه‌ ئه‌نجامیداوه‌.

له‌و كارانه‌ی كه‌كردوویه‌تی به‌رده‌می مزگه‌وتی گه‌وره‌ی فراوانكردووه‌‌و باخچه‌یه‌كی بچوكیشی له‌و شوێنه‌دا دروستكردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ش شه‌قامی بازاڕه‌ بچكۆله‌ی كانێسكانی رێكوپێك كردووه‌. پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاته‌ی عێراق (نوری سه‌عید) كه‌دێت بۆ سلێمانی له‌و كاته‌دا یه‌كتابه‌گ سه‌رۆكی شاره‌وانیی سلێمانی ده‌بێت، له‌دانیشتنێكا نوری سه‌عید توانج ‌و قسه‌ی ناشیرین به‌كورد ده‌ڵێت، ئه‌میش وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌‌و پێی ده‌ڵێت : كورد مێژوویه‌كی هه‌یه‌ ‌و ره‌وانییه‌ قسه‌یان پێبڵێیت، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر تێكده‌چن.

پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی نوری سه‌عید بۆ به‌غدا به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م فه‌رمانی فه‌رمانی خانه‌نشینی بۆ یه‌كتابه‌گ ده‌رده‌كات، به‌ڵام له‌كاتی پشكنینی توتندا، فه‌رمانگه‌ی ئینحیساری توتن له‌سلێمانی ئه‌ویان بانگده‌كرد‌و ده‌یانكرد به‌ئه‌ندامی سه‌رپه‌رشتیاریكردنی پشكنینی توتن، هه‌تا له‌دنیا ده‌رچوونی فه‌رمانگه‌ی ناوبراو بۆ ئه‌و كاره‌ی سه‌ره‌وه‌ چه‌ند جارێك ئه‌و بانگكراوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و بواره‌دا زۆر شاره‌زابووه‌.

ئه‌م زاته‌ مرۆڤێكی قسه‌خۆش ‌و دڵفراوان بووه‌ ‌و هه‌میشه‌ ده‌ستگیرۆیی كه‌سانی نه‌دارای كردووه‌‌و له‌كاری وه‌زیفه‌ییدا به‌پێی بوار‌و ده‌رفه‌ت چه‌ند كه‌سێكی شاره‌وانی دامه‌زراندووه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی پیاوێكی ناسراوبووه‌ هه‌روه‌ها دیوه‌خانیشی هه‌بووه‌ گه‌لێك له‌پیاو ماقوڵانی شاره‌كه‌ هاتوچۆیان كردووه‌ له‌وانه‌یه‌ عه‌زمی به‌گی بابان، ئه‌وڕه‌حمان ئاغا، حه‌سه‌ن ره‌فعه‌ت، تۆفیق قه‌زاز، ئه‌مین به‌گی ئه‌حمه‌دبه‌گ، قادر ئاغای حاجی مه‌لاسه‌عیدی كه‌ركوكی زاده‌، ئه‌حمه‌دی حاجی ساڵحی خه‌فاف)

بۆ داوجار له‌ساڵی 1967دا كۆتایی به‌ته‌مه‌نی دێت‌و له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له‌گردی (حاجی ئه‌وڵای گه‌وره‌) به‌خاك ده‌سپێردرێت، له‌دوای خۆی دوو كوڕ‌و كچێكی به‌م ناوانه‌ له‌دوا به‌جێماوه‌ (نوری، ئه‌نوه‌ر، ره‌مزیه‌)

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.