هەواڵ
حکومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
حکومەتی ھەرێم لەڕاگەیەنراوێکدا پشتیوانیی خۆی بۆ یەکپارچەیی خاکی عیراق دوپاتکردەوەو ھاوکات پشتیوانی دەستپێشخەریەکەی سیستانیش دەکات بۆ چارەسەری کێشەکانی ھەولێرو بەغدا، حکومەتی ھەرێم ڕایگەیاندوە، "ڕێز لەڕاڤەکردنەکەی دادگای باڵای فیدراڵی دەگرین".

لەسەر داوای ئەمینداریی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەڕۆژی پێنجی ئەم مانگەدا، دادگای باڵای فیدراڵی لەڕۆژی شەشی ئەم مانگە بڕیاری ژمارە 122ی دەرکرد سەبارەت بەڕاڤەکردنی مادەی یەکەم لەدەستوری عیراق کە دەڵێت:"کۆماری عیراق دەوڵەتێکی فیدراڵیی سەربەخۆیە، خاوەن سەروەریی تەواوە کە سیستەمی حوکمڕانی تیایدا کۆماریی پەرلەمانیی دیموکراتییە، ئەم دەستورە زامنی یەکێتیی عیراقە".

لەو ڕوەشەوە حکومەتی ھەرێم پشتیوانی خۆی ڕاگەیاندوە بۆ دادگاکەو ڕایگەیاندوە، ((ھەرێم جەختیکردۆتەوە، پابەندی گرتنەبەری ڕێگەی دەستوریی و یاسایییە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و ھەرێم)).

حکومەتی ھەرێم دەڵێت:"لەڕوانگەی ھەڵوێستی ڕونمانەوە بەپێشوازیکردن لەھەر دەستپێشخەرییەک بەم ئاراستەیە، لەپێش ھەموشیانەوە دەستپێشخەریی ئایەتوڵڵا عوزما سەید سیستانی و ھەندێک لەکەسایەتییە عیراقییەکان و وڵاتانی دۆستی گەلی عیراق بەگەڕانەوە بۆ دەستوری عیراق بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، ڕێز لەو ڕاڤەکردنەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ مادەی یەکەم لەدەستور دەگرین".

ئەوەشی دوپاتکردۆتەوە، "بڕوامانوایە پێویستە ئەمە ببێتە بنەمایەک بۆ دەسپێکردنی دیالۆگێکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەڕێگەی جێبەجێکردنی تەواوی ھەموو مادەکانی دەستوری عیراق، بەجۆرێک ببێتە ھۆی زامنکردنی پاراستنی ماف و دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی ھاتوو لەدەستوردا، بەوپێیەی ئەمە تاکەڕێگەیە بۆ زامنکردنی یەکێتیی عیراق وەک لەمادەی یەکەمی دەستوردا ھاتوە".


SNN:

 4 ڕۆژ پێشتر - Nov 14 2017 10:09AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.