هەواڵ
بارزانی بڕیاریدا ... قەرەبویان دەکەینەوە
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکەی دەربەندیخان کردو دڵنیایی بەھاوڵاتیاندا قەرەبوی سەرجەمیان دەکرێتەوە، ئاشکراشیکرد، "لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا قسەمانکردوەو تیمێکی شارەزامان بۆ ڕەوانەدەکەن تاوەکو چارەسەری کێشەی بەنداوی دەربەندیخان بکەن".

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 14ی تشرینی دوەمی 2017، وەفدێکی باڵا بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لەوەزیرەکانی، گەیشتە قەزای دەربەندیخان و دوای کۆبونەوەیەکیش لەگەڵ یەکە ئیداریەکانی سنورەکە، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

لەو کۆنگرەیەدا کە پەیامنێری SNN ئامادەیبوو، بارزانی ڕایگەیاند، "ھاتنمان لەگەڵ کاک قوبادو وەزیرەکان بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی ئەو بومەلەرزەیەیە کە لەناوچەکەیدا، بەداخەوە زیانی زۆری لەناوچەکەداوە بەتایبەت لەدەربەندیخان و ھەڵەبجەو دەڤەری گەرمیان".

وتیشی:"سەرباری گەیاندنی پرسەو سەرەخۆشی خۆمان وەکو حکومەتی ھەرێم بۆ قوربانیانی ئەو کارەساتەو ھیوای چاکبونەوەش بۆ بریندارانی کارەساتەکە، بڕیارمانداوە بەدوو شێوە کار لەسەر زیانەکانی ئەو کارەساتە سروشتیە بکەین".

سەبارەت بەمیکانیزمی یەکەمیان سەرۆکی حکومەت وتی:"بودجەیەک دەخەینە بەردەستی یەکە ئیداریەکان لەسنورەکەدا بۆ ئەوەی بەپەلە ئەو کێشانەی دێتە بەردەمیان چارەسەری بکەن".

وتیشی:"میکانیزمی دوەمیش بریتیە لەوەی، ئێمە یەکە ئیداریەکانمان ڕاسپاردوە، خەمڵاندن بۆ زیانەکانی ھاوڵاتیان بکەن، دڵنیایی بەزیانلێکەوتوانیش دەدەین ئەوەی وەکو حکومەتی ھەرێم پێماندەکرێت بۆ قەرەبوکردنەوەیان بەدڵنیاییەوە دەیکەین".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەبەنداوەکەش کردو ڕونیکردەوە، لەلایەن بەڕێوەبەری بەنداوەکەوە دڵنیاییان وەرگرتوە کە ھیچ مەترسیەکی داڕوخانی لەسەر نییە سەرباری ئەوەی کە زیانێکی قورسیشی بەرکەوتوە.

ئەوەشی ئاشکراکرد، "لەگەڵ کاک قوباد، کۆبونەوەیەکمان لەگەڵ تیمێکی یەکێتیی ئەوروپا ئەنجامدا، ئەوانیش بڕیاریانداوە تیمێکی شارەزامان بۆ ڕەوانەبکەن بۆ چاکردنەوەی زیانەکانی بەنداوەکەو تیمەکەش ئێستا لەڕێگەن بەرەو ھەرێمی کوردستان".


SNN:

 4 ڕۆژ پێشتر - Nov 14 2017 1:44PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.