هەواڵ
هاوڵاتیه‌ك به‌چه‌قۆ برینداركراو ئۆتۆمبێله‌كه‌شیان دزی‌
دوو كه‌سی‌ نه‌ناسراو خاوه‌نی‌ ئۆتۆمبێلێكی‌ جۆری‌ (تۆیۆتا ده‌بڵ ئه‌كسل) له‌شاری‌ سلێمانیه‌وه‌ ده‌به‌نه‌ ناحیه‌ی‌ سه‌نگاو له‌سنوری‌ قه‌زای‌ چه‌مچه‌ماڵ به‌بیانوی‌ كاركردن و دواتر به‌چه‌قۆ برینداری‌ ده‌كه‌ن و ئۆتۆمبێله‌كه‌شی‌ ده‌دزن، پۆلیسش زانیاری‌ زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات.

سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌ له‌لێدوانێكدا به‌SNNی‌ ڕاگه‌یاند، "نیوه‌ڕۆی‌ دوێنێ‌ له‌نزیك مزگه‌وتی‌ گه‌وره‌ی‌ شاری‌ سلێمانی‌، دوو هاوڵاتیی‌ دزو جه‌رده‌ كه‌ تائێستا نه‌ناسراون، قسه‌یان له‌گه‌ڵ خاوه‌نی‌ ئۆتۆمبێلێكی‌ جۆری‌ (تۆیۆتا ده‌بڵ ئه‌كسل ـ مه‌رزیه‌) كردوه‌و پێیانڕاگه‌یاندوه‌، "تایه‌ی‌ (ده‌ڕاسه‌)كه‌مان له‌ناحیه‌ی‌ سه‌نگاو ته‌قیوه‌، ئه‌گه‌ر كارده‌كه‌ی‌ وه‌ره‌ له‌گه‌ڵمان بۆ ئه‌وه‌ی‌ تایه‌كه‌مان بۆ بهێنیت بۆ سلێمانی‌".

وتیشی‌:"خاوه‌نی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ش چوه‌ له‌گه‌ڵیان و به‌ره‌و ناحیه‌ی‌ سه‌نگاو له‌گه‌رمیان به‌ڕێكه‌وتون، له‌ڕێگه‌ به‌ره‌و سه‌نگاو، له‌ڕێگه‌یه‌كی‌ لاوه‌كی‌ وتویانه‌ لێره‌وه‌ بڕۆ، خاوه‌نی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ش وتویه‌تی‌ ئه‌مه‌ شوێنی‌ كاركردنی‌ ده‌ڕاسه‌ نییه‌، له‌وكاته‌دا په‌لاماریانداوه‌و به‌هه‌ردوكیان لێیانداوه‌".

سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ پۆلیس زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی‌:"یه‌كێك له‌دوو كه‌سه‌ نه‌ناسراوه‌كه‌ چه‌قۆیه‌كی‌ له‌شانی‌ خاوه‌نی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌داو برینداریان كردوه‌، دواتر هه‌ردوو ده‌ستیان به‌ستۆته‌وه‌و ئۆتۆمبێله‌كه‌یان دزیوه‌و به‌ره‌و شوێنێكی‌ نادیار هه‌ڵاتون".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، خاوه‌نی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ هه‌رچۆنێك بێت، توانیویه‌تی‌ خۆی‌ بگه‌یه‌نێته‌ بنكه‌یه‌كی‌ پۆلیس و هێزه‌كانی‌ پۆلیس له‌دزینی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یی و برینداربونی‌ خۆیشی‌ ئاگادار بكاته‌وه‌.

ئه‌وه‌شی‌ ئاشكراكرد، هێزه‌كانی‌ پۆلیس ده‌ستیان به‌لێكۆڵینه‌وه‌ كردوه‌و گه‌ڕانیش به‌دوای‌ تاوانباراندا به‌رده‌وامه‌و به‌دڵنیاییشه‌وه‌ ئه‌وكه‌سانه‌ ده‌دۆزرێنه‌وه‌و ڕاده‌ستی‌ دادگا ده‌كرێن.


SNN:

شادان حه‌سه‌ن

  4 مانگ پێشتر - Jul 12 2018 1:25PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.